دۆسێی سەروەریی عیراق و هاتنەناوەوەی تورکیا

بێدەنگیی بەغدا نیشانەی رازیبوونە

10:01 - 2024-07-11
هیوا محەمەد
531 خوێندراوەتەوە

لەدوای سەردانی سەرۆکی تورکیا بۆ بەغدا و دواتر ئەو وچانە مێژووییەی بە دیار دیمەنی سوورکردنی قەڵای هەولێرەوە بەسەری برد، هەر ئەو کات باسیان لەوە کرد کە سەرەکیترین خاڵی گفتوگۆکانیان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی، مەسەلەی کەمکردنەوەی رۆڵی کورد بووە، بەتایبەتی نەهێشتن یان دوورخستنەوەی مەترسیی پەکەکە(هەرچەندە ئەمەیان بیانووە، چونکە پەکەکە ئەو مەترسییەی نییە بۆ سەر تورکیا لە خاکی هەرێمەوە).

چیدی پێویست ناکات بپرسین بۆچی حکومەتەکانی هەرێم و بەغدا بێدەنگن؟ چونکە پێدەچێت بێدەنگییان واتای رازیبوون بێت لە هاتنی سوپای تورکیا

باسمان لەوە کرد دەبێت خۆمان ئامادە بکەین بۆ ئەوەی کە هێرش و هاتنە  ناوەوەی تورکیا چاوەڕوانکراوە و مەترسییەکانیشمان دەستنیشان کرد و (عەفرینمان) بە نموونە هێنایەوە.
لەم چەند رۆژەی رابردوودا بە چڕی باس لە هاتنی ژمارەیەکی زۆری سوپای تورکیا دەکرێت، میدیاکان چەندین گرتەی ڤیدیۆییان لێیان تۆمار کردووە، واتە دەکرێت بلێین زۆریك لە بەڵگەنامە دەبینرێن و شایەتحاڵی ئەم راستییەن.

پ.د.ک وەک حزب و حکومەتیش ئاگادارن
ئەگەرچی حکومەتی هەرێم و بە تایبەتی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە نزیکەوە ئاگاداری ئەم جموجۆڵەن و ناکرێت بێ ئاگاداریی و هەڵکردنی چرای سەوزی ئەوان ئەم لەشکرکێشییە کرابێت و بەردەوام بێت، لەگەڵیشیدا جێگەی سەرسوڕمانە کە حکومەتی فیدراڵی بێدەنگییەکی لەرادەبەدەری هەڵبژاردووە، هەروەک ئەوەی بڵێیت هەرێمی کوردستان بەشێک نییە لە عیراقی فیدراڵی.
جێی سەرسوڕمانە کە زۆرینەی لایەنە شیعەییەکان بەشدارن لە حکومڕانیی عیراقدا و پەیوەندیی زۆریشیان لەگەڵ ئێران لە ئاستی هاوپەیمانی و تێکەڵ بووندایە، کەچی ئەمەش نابێتە هۆکار بۆ هاتنە دەنگ و راوەستاندنی ئەو لەشکرکێشییە کە هاوسەنگیی هێز لە هەرێمی دراوسێی ئێران دەگۆڕێت و مەترسی بۆ سەر ئێرانیش دروست دەکات.
ئەمە جگە لەوەی پێشێلکارییەکی یاسا نێو دەوڵەتییەکانە بە بەزاندنی خاکی وڵاتێکی تر بێ رەزامەندی وڵاتەکە.

ناهەقمان نییە تووشی گومان ببین
کەواتە بێدەنگییەکانی هەریەک لە هەرێم و بەغدا، بە واتای رازیبوونە و لەمەش ترازاوە بە رێکەوتنی هەردوو لایە لەگەڵ ئەنقەرە بۆ هاتنی سوپای تورکیا، لێرەشەوە نەخشەسازیی کراوە بۆ جێبەجێکردنی پیلان و پلانەکانی.
ناهەقمان نییە تووشی گومان ببین لەو پەیوەندییە فیدراڵییەی کوردستان هەیەتی لەگەڵ بەغدا، چونکە ئەم شانۆی کوردستانەی ئێستا دەیبینین و ئەو رووداوانەی لەسەری نمایش دەکرێت و تادێت بەرەو هەڵکشانی مەترسیدار و پەرت کردنی خاکی هەرێم دەچێت، پێمان دەڵێت کە دیارە بەلای بەغداوە ئەوە گرنگە کە هەرێم هەمیشە لە ناسەقامگیریدا بێت و وردە وردە ئەو هەیکەلەی کە هەیەتی بپوکێتەوە، لەکاتێکدا کە ماوەی حەوت ساڵە دووچاری قەیرانی ئابووری، بەتایبەتی مووچە و راگرتنی هەناردەی نەوت و سستکردنی پەرلەمان و ئەنجومەنی پارێزگاکان و زۆر سزای تر بۆتەوە، ئیتر هاوکاریکردن بۆ دروستکردنی کەشێکی ناسەقامگیر و ئەمنیی خراپ، بەشدار دەبێت لەو پوکانەوەیەی کە دایان ناوە بۆ هەرێم.
نەیارانی کورد کۆکن لەسەر لاوازکردنی هەرێم، تەنانەت زۆریان هاندەر و رێخۆشکەر بوون بۆ پڕۆسەی ریفراندۆمی 2017 تا لە رێیەوە هاوشێوەکانیان بە ئاگا بێننەوە لە مەترسیی قەڵەمڕەوی کورد لە هەرێم و ئامانجیشیان پێکا.
هەر ئەمەشە ئێستا کۆکیان دەکات لەسەر ئەوەی سوپای تورکیا بێت و رێگریی بکات لە جێبەجێکردنی هەندێک پڕۆسە کە تیایدا پێگەی کورد بەهێزتر دەبێت لەوانە: بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن کە واچاوەڕوان دەکرێت هاوسەنگیی هێز لە رێی گۆڕینی هەیکەلی حکومەتەوە بگۆڕێت و بەم شێوەی ئێستا نەمێنێت، ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک هەر بە سستی دەهێڵێتەوە و رێگریی دەکات لە گەیشتن بە دیاریکردنی پارێزگارێکی  کورد و سەر بە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە تورکیا بەتەواوی دژیەتی. 

چاویان لەسەر سلێمانییە
ئامانجێکی تریان، زیاتر گەیاندنی زیانە بە دەڤەری سلێمانی کە بە ناوچەی سەوز دەناسرێت، چونکە بەردەوام تورکیا تۆمەت دەخاتە پاڵ ی.ن.ک بە داڵدەدان و مەشق پێکردنی پەکەکە و پەیەدە.
ئەمریکاش دەرکەوت دۆستی ئەو کەسەیە کە لە لووتکەی حکومڕانیدایە نەک دۆستی کورد بە گشتی، پێدەچێت ئەویش چرای سەوزی دابێتە تورکیا لەوەی بێنە ناو خاکی هەرێم و ئۆپەراسیۆن بکەن، بەو پێیەی تا ئێستا هێزی ئەمریکی و هاوپەیمانان لە هەرێمدا هەن و بەشدارن لە دیاریکردنی هێڵی سیاسیی و ئەمنیدا لەبەرامبەر ئێران.
لێرەوە دەڵێین: چیدی پێویست ناکات بپرسین بۆچی حکومەتەکانی هەرێم و بەغدا بێدەنگن؟ چونکە پێدەچێت بێدەنگییان واتای رازیبوون بێت لە هاتنی سوپای تورکیا، هەر لەبەر ئەمەش بوو سەردانی چاوەڕوان نەکراوی سەرۆکی پ.د.ک رێکخرا بۆ بەغدا و کۆبوونەوەی لەگەڵ ئەوانەی کە هاوڕا بوون لەسەر هاوکاریکردنی سوپای تورکیا و بێدەنگ بوون لێی.

وتارەکانی نوسەر