ئاوابوونی دیموکراسی لە ئاسۆدا

10:25 - 2024-07-15
جەمال ئارێز
116 خوێندراوەتەوە

جەمال ئارێز 


لەوەتەی کورد و کۆمەڵگە خۆرهەڵاتییەکان دەم لە بابەتی دیموکراسییەوە دەژەنین، ئەو سیستمە وەک نموونەییترین سیستمی حوکمڕانی پێناسە دەکەین، زۆربەی خەڵکی جیهانیش چ ئەوانەی لەژێر سایەی رژێمە دیکتاتۆرەکاندان یان ئەوانەی لەژێر سایەی حکومەتە نیمچە دیموکراتەکاندان، تا ئەم چرکەساتە نموونە و ئەزموونی دیموکراسی لە ئەمریکا وەک پێشەنگی ئەو سیستمە دەبینن.
ئەوەی لە چوار ساڵی رابردوودا لەو وڵاتە دەیبینین، ئەوەمان پێدەڵێت کە یان سیستمی سیاسی لە ئەمریکا پێشەنگ نییە لە بواری دیموکراسیدا، یاخود هەر خۆی ئاسۆی سیستمی دیموکراسی بۆ حوکمڕانی لەم جیهانە فرە جەمسەرەدا، روو لە ئاوابوونە و کاتی گەڕانە بەشوێن ئەڵتەرناتیڤی دیموکراسیدا! چونکە:
*هەڵبژاردنی دۆناڵد ترەمپ لەبەرامبەر هیلاری کلینتۆنی رکابەریدا لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ساڵی 2016، بۆخۆی مشتومڕێکی زۆری لە گۆڕەپانی سیاسیی ئەمریکا و لەوێشەوە لە جیهاندا دروستکرد. 
ئەوکاتە کریملن و شەخسی ڤلادیمێر پوتین تۆمەتبار کران بە دەستوەردان لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکە لە بەرژەوەندیی ترەمپ.
*لەسەردەمی سەرۆکایەتیی ترەمپ-دا جیاواز لە سەرۆکایەتیی هەموو سەرۆکە کۆمارییەکان، ئەمریکا بەو ئاراستەیە سیاسەتی دەکرد کە چیتر ئەرکی سوپای ئەمریکا نییە ببێتە پۆلیسی نێودەوڵەتی و دەستوەربداتە کێشەکانی جیهانەوە، تا ئەو رادەیەی ئەو سەرۆکەی ئەمریکا لە بانگەشەکانیدا بۆ ئەگەری بوونەوەی بە سەرۆک بۆ خولی دووەم بەڵێنی ئەوەی بە ئەمریکییەکان دەدا کە لە ماوەیەکی پێوانەیی کەمدا هێزەکانی وڵاتەکەی لە زۆربەی ئەو بنکە سەربازییانە دەکشێنێتەوە و ئەو داهاتەی لەو هێزانەدا بەهەدەر دەدرێت، دەخرێتەوە خزمەتی خەڵکی ئەمریکاوە.
*دەرنەچوونەوەی ترەمپ بە سەرۆک، دوو دیاردەی سەیر و نامۆی بە هەڵبژاردنەکانی دیکەی ئەو وڵاتە هێنایە ناو رۆژەڤی سیاسییەوە، یەکەمیان ئەوەبوو لەکاتی دەرچوونی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی مانگی تشرینی دووەمی 2020دا وەک رەفتارێکی نامۆ بە هەڵبژاردنەکانی رابردووی ئەو وڵاتە، لایەنگرانی ترەمپ نەک هەر پەڵپیان لە ئەنجامەکان گرت، بەڵکو هەڵیشیانکوتایە سەر تەلاری کۆنگرێس و  چەندین کاری گێرەشێوێنیی لێکەوتەوە.
*جاران دەوترا بەڵێ لە ئەمریکا هەر ئەو دوو حزبە حوکمڕانن، بەڵام هەر چوار ساڵ جارێک ئەو دوو حزبە خۆیان ئەبدەیت دەکەنەوە و ریفۆرم دەکەن و کەسی دیکە پەروەردە دەکەن و دەیانهێننە پێشەوە بۆ رۆڵی سەرکردایەتی و ئیدارەدانی قەیران، بەڵام سەیرەکە لەوەدایە لە 2016وە پێدەچێت ئەم دوو حزبەش لەبواری پێگەیاندنی کادری سەرکردایەتیدا لە تەنگژەدا بن، ئەگەرنا بەشێک لە میدیاکانی ئەمریکا و جیهان، بەتایبەتی ئەوانەی لە خولگەی سیاسەتی کۆمارییەکاندا دەخولێنەوە، بەردەوام تانە لە جۆ بایدن-ی سەرۆکی ئەم خولە و کاندیدی خولی داهاتووی دیموکراتەکان دەدەن بەوەی «نە تەمەنی و نە لایەنی تەندروستی گونجاو نین بۆ وەرگرتنەوەی ئەو پۆستە». جا پرسیارەکە ئەوەیە ئاخۆ دیموکراتەکان لەدوای باراک ئۆباما و هیلاری کلینتۆنەوە هیچ کەسێکی شیاوی ئامادە نەکردووە بۆ ئەوەی بەشیاوی ئەو پۆستەی بزانێت، وا دەستی لە یەخەی بایدن نابێتەوە؟
کۆمارییەکانیش کاندیدێکی دیکەیان نییە
هەرچی میدیا ئەمریکایی و جیهانییە نزیکەکانیشە لە سیاسەتی دیموکراتەکانەوە، بەردەوام دەنووکیان لەسەر خەوشەکانی دۆناڵد تەرمپ-ی سەرۆکی پێشوو و کاندیدی دووبارەی کۆمارییەکانە بۆ خولی داهاتوو و بە توندڕەو و بازرگانێکی گەندەڵ و خاوەن پێشینەیەکی ئەخلاقیی ناپەسەند وەسفی دەکەن و بە لایەنگری پوتین و روسیای دوژمنە تەقلیدییەکەی ئەمریکا ناوی دەبەن، ئاخۆ کۆمارییەکان دوای ئەوەی بەڕێوەبردنی پۆستی سەرۆکایەتییەکەی ترەمپ–یان بینی و دوای ئەوەش کە لایەنگرەکانی پەلاماری کۆنگرێسیان دا، ئاخۆ چ ئومێدێکیان بە چارەنووسی دیموکراسیی وڵاتەکەیان ماوە لەسایەی ئەو جۆرە بیرکردنەوەیەدا کە هێشتاش بە رەسمی داوای لێبوردنی لە گەلی ئەمریکا نەکردووە لەبەرامبەر ئەو شکۆ شکاندنەی کۆنگرێس؟ 
ئاخۆ کۆمارییەکانیش نەیانتوانیوە کەسی دیکە بۆ ئەو پۆستە ئامادە بکەن و بیکەنە ئەڵتەرناتیڤی ترەمپ؟
هەموو ئەوانەش لە کاتێکدان کە زۆربەی گەلانی بن دەستی دیکتاتۆری چاویان لە دیموکراسییەکەی ئەمریکایە و زۆربەی وڵاتانیش لەژێر سزای ئابووریی و دیپلۆماسیدان لەبەرئەوەی کە گوایە رژێمەکەیان دیموکرات نییە، یان دیموکراسییەکەیان بە پێوەرە تیۆرییەکانی ئەمریکا و خۆرئاوا  کەموکووڕیی هەیە!.

هەوڵی تیرۆرکردنی ترەمپ، دووری ناخاتەوە لە بانگەشەی هەڵبژاردن 

وتارەکانی نوسەر