ستونی کراوە

هەر ئەشی خۆی بێ نان بیخۆ

09:50 - 2024-07-17
هیوا محەمەد
220 خوێندراوەتەوە

هیوا محەمەد

لە خاوەن دوكانێكی وشكە فرۆشم پرسی ئەم تووە وشكە بۆچی باشە؟ وتی بۆ شەكرە یەكاویەكە! 
تۆزێك لێی وردبوومەوە لە كاتێكدا چنگی كرد بە تووەكەدا و خستییە بەردەمم وتی: زۆریش جوانە، منیش دەنكێكم لێ هەڵگرت و فوویەكم لێكرد و خستمە دەممەوە، لەگەڵ خواردنیدا بینیم كە پەنجەكانی دەستی نیوە رەنگیان گۆڕاوە و سپیترن لە بەشەكەی تری، ئەوەم بیركەوتەوە كە ئەمە دەرەنجامی بەرزبوونی شەكرەی خوێنی لەشی مرۆڤە دروستدەبێت، ئەوانەی لەو جۆرە پەڵانە دەكەوێتە سەر لەشیان، ئاگاداری ئەوە نەبوون كە شەكرەیان تووشبووە و بەردەوام بوون لە پارێزنەكردن، ئیتر ئەو بەرزیی شەكرەیە لە خوێنیدا بۆتە هۆی كوشتنی شانەی كۆنتڕۆڵكردنی رەنگی پێستی، ( ئەمە وتەی دكتۆرێكی هۆڵەندی بوو بۆ یەكێك لە نەخۆشەكانی لەم جۆرە).
وتم: دەتوانم پرسیارێكت لێبكەم؟ رێگەی دام كە لێی بپرسم، وتم: تۆ شەكرەت هەیە؟ وتی ئەرەوەڵا، چۆن دەزانی؟ مەسەلەكەم بۆ روونكردەوە. 
وتی لەمڕۆژانەدا پشكنینی سێ مانگییەكەم كردووە 11.5 بووە، لام سەیر بوو وتم: ئەوە زۆر بەرزە؟ وتی: بڵێم چی، وتم: پارێز دەكەی؟ وتی: نەوەڵا ناتوانم؟ هەموو رۆژێك برنج دەخۆم، بە سەرسوڕمانەوە وتم: ئێ نابێت ئەوە زۆر مەترسیدارە، وتی: بەخوا دكتۆر چەند جارێك پێیوتووم، بەڵام دواجار لەگەڵ كوڕەكەم چووم بۆلای، كە پێیووت باوكم هەموو رۆژێك دەبێت برنج بخوات و ناتوانێت رایبگرێت، ئیتر دكتۆرەكە وتی: دەباشە هەر دەی خۆیت بە بێ نان بیخۆ!
بە پێكەنینێكی نەرمەوە وتم: بەڕاست وایووت یان خۆت رازی دەكەیت؟ وتی: نا بەخوا وایووت. وتم: ئەی لەم تووە ناخۆیت؟ كەچی پێكەنی وتی بەخوا هەر قسەیە و بیستوومە!
ئەم كابرایە، رەنگە دكتۆرەكە لێی بێزار بووبێت كە وەك نەخۆشێك هاوكاریی ناكات، چونكە هاوكاریی نەخۆش بۆ دكتۆر لە وتنی راستییەكان، نیوەی دۆزینەوەی چارەسەرە، بۆیە لەكۆڵ خۆی كردۆتەوە. 
دەنا بەپێی زانست، برنج كە هەڵگری نیشاستەیە، بە پلەی یەك دێت لە خراپیدا بۆ ئەوانەی شەكرەیان هەیە، بەدوایدا پەتاتە و شیرەمەنییە هەویرییەكان و نانیش لە پلەی چوارەمە و خودی شەكریش لە پێنجەمە، بریا دكتۆرەكە لەبری ئەوەی وتویەتی بە بێ نان بیخۆ، بە پێچەوانەوە بیووتایە: هەر ناتوانیت پارێز بكەیت، نان یان ساوەر لە بری برنج بخۆ! زیانی كەمترە بۆ شەكرەكەت.

وتارەکانی نوسەر