یاسا و خەڵك

10:21 - 2024-07-17
هاشم غەمگین
231 خوێندراوەتەوە

هاشم غەمگین


بەرێوەبردن و ئیدارەدانی هەر وڵاتێك بە یاسا رێكدەخرێت و بەڕێوەدەچێت، بۆیە زۆر پێویست و گرنگە سیستمی یاسایی هەر ناوچە و وڵاتێك چالاك و نموونەیی بێت. هەر كاتێك یاسا باڵا و سەروەربوو، متمانە و دڵنیایی لەنێو كۆمەڵگەدا تۆكمە و دروست دەبێت، ئاشتی و برایەتی و پێكەوە ژیان و سەقامگیریی دێتە ئاراوە،یەكسانی و مافی هەمووان دەپارێزرێت. خەڵك بڕوای بە دامودەزگاكان بەهێز دەبێت.
جیاوازی لەنێوان هیچ چین و توێژێكدا ناكرێت، خەڵك پابەند دەبێت بە یاساكانەوە و سەرپێچی و پێشێلكاری ناكات. كاتێك یاسا سەروەربوو، چاوپۆشی لە هیچ بەرپرسێكی ناڕێك و دز و گەندەڵ ناكرێت، یاسا ڕێگری لەبەهەدەردانی سامانی گشتی دەكات، كەواتە یاسا متمانە دەبەخشێت و راستی و دروستی پتەو دەكات، چەوتی و لاری ناهێڵێت و خراپەکاران سزای یاسایی خۆیان وەردەگرن.
هەندێك وڵاتی پێشكەتوو هەن لە دەرچوواندنی یاسادا پێشەنگن، یاساكانی چالاكانە دەجوڵێت و دەگۆڕێت، زۆر بە خێرایی دەچێتە بواری جێبەجێكردن و خزمەتكردنی گشتییەوە، بۆ نموونە وڵاتی هۆڵەندا وڵاتێكە زۆر ورد و درشت و زیرەكن لە كاروباری یاسایی، زوو زوو گۆڕانكاریی لە یاساكان دەكات و هیچ یاسایەكیش بە جێگیریی ناهێڵێتەوە، هەر لەبەرئەوەیە دادگای لاهای كیشوەری ئەوروپا لەو وڵاتە دانراوە.
لەم هەرێمەی ئێمەدا هێشتا لە راییكردنی كاروبارەكاندا كار بە یاساكانی سەردەمی  ڕژێم دەكرێت، دەبێت هۆكارەكەی چی بێت، لەكاتێكدا پەرلەمان و وەزارەتی داد هەن و هەموو وەزارەت و دامودەزگایەكیش بەشی یاسایی هەیە، یان لەبەرئەوەیە لە بەرژەوەندییاندا نییە یاساكان بگۆڕێن و گۆڕانكارییان تێدا بكرێت.
پەرلەمان كە مەرجەعی یاسادانانە ئەگەر بە هۆكاری سیاسی سست و لاواز كرا، كۆسپ و ڕێگرییەكی زۆر دێتە بەردەم فراكسوێنەكان لەدەرچوواندنی پرۆژە یاسا بۆ خزمەتی خەڵك و چالاككردنی راییكردنی كاروبارەكان، بۆیە نابێت پەرلەمان وەك وەك دامەزراوەیەكی كارتۆنی بێت و خزمەتی ئەجێندای لایەنێكی دیاریكراو بكات، بەڵکو دەبێت هەر چی دامەزراوەی حكومەتە بە یاسای نوێ و سوودبەخش بجوڵێت و كاروبارەكانی خەڵك ڕایی بكات.
دەبێت حزب لە خزمەتی یاسادا بێت، نەك یاسا لەخزمەتی حزبدا بێت، بەو جۆرە یاسا رێڕەوی راستەقینەی خۆی وەردەگرێت و متمانەی خەڵک پتەو دەكات.

وتارەکانی نوسەر