لەناو رووداوەکاندا

تورکیا و ناتۆ

10:56 - 2022-05-23
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
476 خوێندراوەتەوە

(15)

سوێد و فینلەندا مەرجەکانی ئەندامبوونیان لە ناتۆ تێدایە، ئەمە بۆچوونی جۆ بایدن سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بوو لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەیدا لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی  سوێد و سەرۆکی فینلەندا، ئەمەش وەک وەڵامێک بوو بۆ هەڕەشەکانی تورکیا لە پرسی ئەندامبوونی ئەو دوو وڵاتە لە هاوپەیمانی باکوری ئەتڵەسی ناسراو بە ناتۆ.
لەدوای ئەم لێدوانەی جۆ بایدن، ئێستا واپیشاندەدرێت کە لایەنگرییەکان یان پشتیوانییەکان بۆ ئەندامبوونی ئەو دوو وڵاتە لە ناتۆدا، کەوتۆتە بەرداشی دوو جەمسەرە گەورەکەی ئەمریکا و روسیاوە، بەرەی ئەمریکا کە زۆرینەی ناتۆیە ئۆکەی بە ئەندامبوونەکە دەدەن و کەمینەی روسیاش دژی دەوەستنەوە وەک تورکیا.

ناتۆ و یەکێتی ئەوروپا، دوو وێستگەی دەرخەری مەعدەنی راستەقینەی تورکیان، ئەم رێکخراو و یەکێتییە، دوو تورکیای ناهاوسەنگ و دژ بەیەکترمان پیشان دەدات، کێشەی گەورەی بە ئەندامنەبوونی تورکیا لەلای وڵاتانی ئەوروپا پرسی مافی مرۆڤ و ئازادییە گشتییەکان و مافی زمان و پێکهاتەی کوردە، کەچی تورکیا بۆ ئەندامنەبوونی سوێد و فینلەندا ئامادە نییە دەنگیان پێ بدات، چونکە تورکیا وایدەبینێت ئەم دوو وڵاتە پشتیوانی تیرۆرن، ئەوەشی تورکیا ناوی لێناوە تیرۆریست مەبەستی (پەکەکە)یە. 
سەرەڕای گەورەیی پێگەی تورکیا لە ناتۆدا ئەوەی وادەکات ناتۆ گوێ لە تورکیا نەگرێت و ئامادەیە ئۆکەی بە سوێد و فینلەندا بدات ئەوەیە، گومان لە تورکیا دەکرێت بەم دواییانە لە پرسی داعش و تیرۆریشدا تێوەگلابێت و دوای ئەوەی سعودیە بە فیکر، قەتەر بە پارە، تورکیاش هاوکاری داعشی کردووە بە راهێنان.
دوای ئەوەی تورکیا شکستی هێنا لە ئەندامبوونی لە یەکێتی ئەوروپا، ئێستا تورکیا لە بەردەم شکستێکی دیکەدایە کە دەیەوێت رێگری لە ئەندامبوونی سوێد و فینلەندا بکات، بەڵام لەلایەن سکرتێر و زۆرینەی وڵاتانی ناو ناتۆوە گوێی لێ ناگیرێت، چونکە هەر خودی تورکیا چەندین جار پێچەوانەی یاساکانی ناتۆ هێزی بەکارهێناوە. 
لەدوای پرسی «پەکەکە» تورکیا مەرجەکانی بۆ سوێد و فیلەندا ئەوەیە داوای جەستەیەکی مردووی نێژراوی (د.سیراج بیلگینە)ی کورد دەکات کە لە ساڵی 2015ەوە لەژیاندا نەماوە و لە رێگەی کتێبەکانییەوە هەوڵی ئاشتی داوە لە تورکیادا.
یانس ستۆڵتنبێرگ، سکرتێری ناتۆ نایشارێتەوە کە بە گەرمی پێشوازی لە داواکاری بۆ بە ئەندامبوونی ئەو دوو وڵاتە دەکەین، چونکە ئاسایشی هاوبەشمان بەهێزتر دەکات زۆرێکی لێکدانەوەکانیش پێیانوایە قسەکانی سکرتێری گشتی ناتۆ پەیامە بۆ روسیا و تورکیا.
ئەگەرچی تورکیاش ناڕەزایی دەربڕیووە و گوایە رێگریی دەکەن لە ئەندامبوونی سوێد و فینلاند و رازی نین ئەوان لە دەرەوەی مەرجەکانی تورکیا ببن بە ئەندامی ناتۆ، بەڵام یانس ستۆڵتنبێرگ دەڵێت: ئەوە هەڵچوون و کاردانەوەن و چارەسەری دەکەین. بەجۆرێک لە جۆرەکان ئەم قسانەی یانس ئیهمالکردن و گوێنەگرتنە لە تورکیا و بچوککردنەوەیەتی بۆ ئەندامێکی ئاسایی رێکخراوەکە نەک بڕیار بەدەست و بڕیاردەری گشتی رێکخراوەکە.

وتارەکانی نوسەر