دیاردە دزێوەکان

لای کورد، نە خوێ هەیە و نە مانا

10:56 - 2024-07-17
محەمەد حەمەساڵح تۆفیق
161 خوێندراوەتەوە

محەمەد حەمەساڵح تۆفیق

- 16 -

ئەم پەندە هێند بڵاوە لای ئێمەی کورد، بۆ هەموو شتێک دەست دەدات بە چاک و خراپەوە. لێرەدا دەتوانم بۆ زەوق و سەلیقە و رەسەنایەتی و شتی لەم چەشنە بەکاری بهێنم، تۆش دەتوانی بۆ هەزار شتی تر بیخەیتە خزمەتی مەبەستتەوە. هەرچەندە زۆر حەزم لە دەرودەشت نییە، بەڵام لە هەینییەکی ئەم مانگی نیسانەدا منداڵەکانم هاتن بەشوێن من و دایکیان و پێکەوە لەو سەوزایی و بەهەشتی شارباژێڕە لەبن دارێکدا هەوارمان خست و خەڵکی تریش دوور و نزیک لەملاولامانەوە لایاندا و هەر کەسە و سەرقاڵی کات بەسەربردنی خۆی و منداڵی بوو. چەندماڵێک کە زۆر دوور نەبوون لێمانەوە و لەسەر ئاوازی گۆرانییە کوردییە خۆشەکان ژنەکانیان بە جلوبەرگی کوردیی ئاڵ و واڵای سوکنایی و خۆشی بەخشەوە هەڵپەڕکێیەکی جوانیان دەکرد و خوا هەڵناگرێ کەسی ئەو دەوروبەرەشیان بێزار نەدەکرد. تا ئێرە مەسەلەکە ئاساییە و خێزانەکانی ئەو ناوە هەر کەسە و سەرقاڵی خۆشی و کات بەسەربردنی خۆی بوو. بەڵام ئەوەی نائاسایی بوو (هەر هیچ نەبێت لای من)، ئەم خێزانە پاش بەینێک بەزمی گۆرانییەکەیان خستە سەر عەرەبی و لەسەر ئاوازی پەلەی گۆرانی عەرەبی عیراقی و بە جلە کوردییە جوانەکانیانەوە بەو ئاوازانە هەڵدەپەڕین و سەمایان دەکرد. 

 

ئاخر خێزانی کورد بۆ سەیران هاتووی بۆ ئەو چیا و دۆڵ و دەشتەی شارباژێڕ چ سەلیقە و زەوقێکە هەڵپەڕکێ بە جلوبەرگی کوردی و گۆرانی عەرەبی؟!

شمشاڵەکەی دەروێش عەبدوڵڵا لە بێتهۆڤن ئاشناترە 
لە ژیانمدا رقم لە هیچ نەتەوەیەکی دەوروبەرمان نەبووە، بە عەرەب و فارس و تورک و ئازەرییەوە، بەو بۆچوونەی هەر مامەڵەیەکی پڕ لە ستەمیش کرابێت بەرامبەرمان ئەوە لەلایەن دەسەڵاتدارە ناسیۆنالیستەکانیانەوە بووە نەک میللەتەکانیان و بەش بە حاڵی خۆم چەند پەیوەندیی دۆستایەتیم لەگەڵ کوردی هاوزمانی خۆمدا هەیە رەنگە هێندەشم لەگەڵ رۆشنبیری عەرەبدا هەبێت. ئەوجا زۆریش چێژ لە گۆرانی عەرەبی و فارسی و ئازەری و تاڕادەیەکیش تورکی دەبینم، بەڵام لێتان ناشارمەوە گۆرانی شاعیری گەورەمان ئاسا ئاوازی شمشاڵەکەی دەروێش عەبدوڵڵا لە بێتهۆڤن ئاشناترە بە رۆحم. ئا لێرەوەیە پەندەکەی «هەموو شت بە خوێ و خوێش بە مانا» ئازاری ناخم دەدا و ئاخر خێزانی کورد بۆ سەیران هاتووی ئەو چیا و دۆڵ و دەشتەی شارباژێڕ ئەمە چ سەلیقە و زەوقێکە! بە حوکمی  ئاوارەیی و دەربەدەری و دواتر کار و پیشەمەوە گەلێک شوێنم بینیوە و خەڵکی شوێنانی تر رقیان لە ئاواز و گۆرانیی میللەتانی تر نییە، بەڵام هەمیشە هی خۆیان بە سەرتەڵ زانیوە و شانازییان پێوەکردووە، ئەی کاکی کورد تۆ بۆ ئەم تەیرەت لێدەرچووە؟!
با بەسەرهاتێکی خۆمتان بۆ بگێڕمەوە کاتێ لە ساڵانی 1996 - 1998 بە خێزانەوە رەهەندەی ئەو «کاولە ئەمریکایە» بووم. ئەو دەمە وەک ئێستا تەلەفۆنی مۆبایل و ئەم بەزم و رەزمی ڤایبەر و واتس ئاپ و فەیسبووک و نازانم چییە نەبوو، کە بە کونفەیەکونێک پەیوەندیی بە وڵاتی خۆتەوە بکەیت و هیچ دەردێکی غەریبیت نەبێ، سوێندتان لە سەرم نییە 20 دۆلارمان دەدا بەکارتی تەلەفۆن و تەنها دوو دەقیقە دەمانتوانی قسەی پێبکەین. ئەو دەمە غەریبی ئێمەی کوشتبوو، رۆحمانی ئەنجن کردبوو، وەک گاڵی ناو دڕکمان لێهاتبوو، ئەگەر هاووڵاتییەکی خۆمان لە شوێنێک ببینیایە شاگەشکە دەبووین و دڵمان بە عەرەب و فارس و ئازەری و خەڵکانی هاوکەلتوورمان دەکرایەوە و تەنانەت بەبینینی هندی و پاکستانی و ئەفغانیش کۆڵێک خۆشحاڵ دەبووین. ئا لەم کەش و بارە دەروونییەدا و لەو وڵاتی بنی دنیایەدا لە نەورۆزی ساڵی 1998دا لەگەڵ منداڵەکانم و دایکیان چووینە پارکێکی رازاوەی ئەو شارەی تێیدا جێگیر بووبووین و کزکز بۆ خۆمان بە جەستە دانیشتبووین و بە خەیاڵیش هەر یەکەمان دوور دوور لە شەقەی باڵی دابوو بۆ «کاولە هەوار».

ئاوازی کوردیی لە دوورەوە
 ئا لەم کات و ساتەدا لە دوورەوە با دەنگی ئاوازی شمشاڵ و گۆرانییەکی کوردیی بەکزی بە گوێماندا دەدا. منداڵ و دایکیان بەو ئاوازە گەشانەوە. ئای خۆ ئەمە گۆرانی کوردییە و دیارە ئەو تارماییەی لە دوور لێمانەوە دیارە خەڵکی کوردن! هەر خێرا دەستی رەنجی کوڕمم گرت، کە ئەو دەمە منداڵ بوو و بەپەرۆشەوە بەرەو تارمایی کەسە دوورەکان رۆیشتین تا لێیان نزیک دەبووینەوە ئاوازی شمشاڵەکە و دەنگی گۆرانییەکە روونتر دەبوو، نەخێر سەدای «هەی نار، هەی نار، باوانم یار» بە دەنگێکی بەجۆش دەیچریکاند و ئاسوودەیی بە دڵی ئێمەدا دەباراند و لێیان چووینە پێشەوە و بە کوردی سڵاوم لێکردن «خۆشحاڵتان کردین ئێوە کوردی کوێن؟». دوو پیرەمێرد هەردووکیان لە تەمەنی نزیکی هەشتا ساڵدا دەبوون، بە گەرمی بەخێرهاتن و فەرمووی دانیشتنیان لێکردین و خۆیان پێناساندم، مام سڵێمان کە گۆرانیی هەی نار هەی نارەکەی دەگوت و مام حەبیب کە شمشاڵەکەی لێدەدا. کەمێک لەولاشیانەوە کۆمەڵێک ژن و کوڕ و کچی گەنج دانیشتوون و ئەوان بە ئینگلیزی بەخێریان هێنام و منداڵی هاوتەمەنی رەنجیشیان لەگەڵ بوو. هەردوو پیرەمێرد وێڵ و ماریفەتێکی تەواو کوردانەیان نواند و مام سڵێمانی گۆرانیبێژ رووی دەمی کردە من و بەسەرهاتی خۆیانی گێڕایەوە: «ئێمە چووین و ئێستا نیشتەجێی ئیسرائیلین و ئەوە پەنجا ساڵ زیاترە لە سەقزی زێدی خۆمان هەڵکەندراوین و هاتووینە ئیسرائیل و تێیدا نیشتەجێین. ئەم کۆمەڵە کوڕ و کچەش منداڵی ئێمەن و ئێستا لە ئەمریکا دەژین و ئێمە، کە باوک و مامیانین، بانگهێشتیان کردووین بۆ ئێرە سەردانیان بکەین و ئەمڕۆش نەورۆزە و بۆنەیەکی گەورە و پیرۆزە لامان و هاتووین بۆ ئەم پارکە». ئەم دوو پیرە تا ئەو دەمەش کە بەو رێکەوتە بینیمن هەر بەو هەوا و یادەوەرییە دەژیان کە 50 ساڵ لەوەوبەر لە ناوچەی سەقز گوزەراندبوویان و دەقیان پێوەگرتبوو. پاشان مام سڵێمان تاوێکی باش و بە دەنگێکی زوڵاڵ لەبەر خاتری من دەستی خستە بناگوێی و تێیچریکاندەوە: «هەی نار .. هەی نار .. باوانم یار»!     

هەڵپەڕکێ بە ئاواز و جلوبەرگی رەسەنی کوردییەوە



وتارەکانی نوسەر