سەركەوتن لە تاقیكردنەوەیەكی سەختدا..

11:32 - 2024-07-17
د.عه‌داله‌ت عه‌بدوڵڵا
266 خوێندراوەتەوە

 د.عه‌داله‌ت عه‌بدوڵڵا

 

  لە كۆتاییدا، هەمووان ئامادەن بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمان. لە ماوەی رابردوودا، بیانووەكان هەرچی بووبن، نەیانتوانی ئەو ئیرادەیە پەكبخەن كە ئیرادەی هاووڵاتیی دەنگدەرە، چی لەوە باشتریشە كە هێزێكی سیاسی، بە پاڵپشتیی راستەوخۆو ناڕاستەوخۆی وڵاتان و باڵیۆزخانەكان و كونسڵگەرییەكانیان لە عیراق و هەرێم، زۆربەی هێزە كوردستانییەكان، رای گشتی و كۆمەڵگەی مەدەنی و ماسمیدیای كوردی، پێشەنگایەتیی سەرخستنی ئەم ئیرادەیە بكات، ئەو خواست و تەماحە سیاسییە – حزبییە تایبەتییە رابگرێت كە هەرچی دڵخوازی ئەو نەبێت، روونەدات و هەمووانیش شوێنی بكەون.
  یەكێتی، لەم تاقیكردنەوە سیاسییەدا سەركەوت، كە سیاسەتی بەرگریكردنە لە قووتی خەڵك و ئەنجامدانی هەڵبژاردن و رێگای راستی پاراستنی قەوارەی هەرێم. خۆ ئەگەر هەڵبژاردن دوو سێ مانگێكیش پەكخرابێت، لێی بەرپرس نییە، ئەوە بڕیاری دامەزراوەیەكی فیدراڵییە و ئاساییە، ئەوەی نائاسایی دەبوو، ئەوەیە كە لە بەردەم رای گشتیی ناوخۆ و دەرەوەشدا، وەك هێزێكی پاشكۆ، ناكاریگەر، بێ رۆڵ دەربكەوتایە، هەموو مەرجەكان و سەپێنراوەكانی قبوڵ بووایە، بەوەش ببووایەتە باعیسی راهێنانی پرۆسەی سیاسیی هەرێم بە كۆمەڵێك گەمەی سیاسی كە پێچەوانەی پرەنسیپی هاوبەشی و سیستەمی دیموكراسی و دژی نێوبانگی هەرێم و قەوارەكەشی بوون.
  جێی داخە كە ركابەرانی یەكێتی لەوە تێناگەن كە بۆشایی یاسایی و شەرعییەتی دامەزراوەكانە كە هەڕەشەن بۆ سەر قەوارەكە نەك سكاڵاكردن لە بەغدا و مامەڵە لەگەڵ ئەو هێزە سیاسییانەیدا كە بەڕێز بارزانی لە دوایین سەردانیدا كاراكتەر و هێز و ناوەندێك نەما روویان تێنەكا و پەیوەندییان لەگەڵدا نەبووژێنێتەوە بە دادگای فیدراڵیشەوە!. لە دیدی یەكێتیدا، رێگای راستی سیاسەت، دیالۆگ و لێكگەیشتنە. كاتێك یەكێتی لەگەڵ بەغدادا لەسەر هێڵ دەبێت و لە هەندێ دۆسێدا دەكەوێتە ململانێی(پ.د.ك)ەوە، خێری باشكردنی دۆخی مووچەی مووچەخۆران و ئەنجامدانی هەڵبژاردن و پاراستنی راستەقینەی قەوارەكەی تیایە. بە ئەزموون دەركەوت، بەغدا، بە پێچەوانەی گوتاری میدیایی كورتبینی برادەران، شوێنێك نییە بۆ ئەوەی بایكۆت بكرێت، بەڵكو ئەو دیفاكتۆیەیە كە ئەمڕۆ بە هۆی هەڵەی سیاسەتەكانی خۆبەڕێوەبردنەوە، نان و قووتی خەڵكی كوردستانیشی كەوتۆتە ژێردەست و دەبێ بە داكۆكی سیاسی و دەستووری و بە خەباتی دیموكراسی و پەرلەمانی و دیپلۆماسی مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت. ئێستاش كە وەرزی ئامادەكاریی هەموولایەكە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، هەقە ئیتر وانەیەك لەو رووداوانە وەرگیرابێت، تەواوی ئەو ئەزموونانە لە ململانێ و بەریەككەوتن وا سەیر بكرێن كە سەرەنجام بە خێری زیاتری خەڵكی كوردستان بشكێنەوە كە لە سەروو بەرژەوەندیی هەموو هێزە سیاسییەكانەوەیە.
 ‌‌[email protected]

وتارەکانی نوسەر