کوردستانی نوێ سەکۆیەک بۆ هەمووان

10:32 - 2024-07-24
عەتا تەها
257 خوێندراوەتەوە

عەتا تەها

سیاسەتی رۆژنامەکە بەجۆرێکە کەشێکی رەخساندووە  کە هەموو دەنگ و تەنانەت رەنگە جیاوازەکان دەتوانن پەیامی رەخنەگرانەی خۆیان بگەیەنن

 

هەڵبەت زۆرن ئەو میدیا و راگەیاندنە جۆراوجۆرانە کە سەکۆیەکن بۆ گەیاندنی زانیاری بەتایبەت لە دنیای ئەمڕۆدا پێشکەوتنی تەکنۆلۆجیا و راگەیاندنی بیستراو و بینراو هاوکات سۆشیالمیدیای تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانی سەدەی 21 وای کردووە جیهانی زۆر بچوک کردووەتەوە وەک دەوترێت هاوشێوەی گوندێک  ئەگەرچی رۆژنامەی کاغەزی کوردی مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ کۆتایی سەدەی نۆزدە بە دیاریکراوی لەساڵی 1898 لە لایەن میر بەدرخان مەدحەت پاشا لەقاهیرە یەکەم ژمارەی رۆژنامەی کوردستان دەرچوو بەم پێیەش بێت راگەیاندنی نوسراو یاخود خوێنراو مێژووەکەی لە هەموو راگەیاندنەکانی تر کۆنترە.
 لێرەدا ئەوەمان بۆ پشتڕاست دەبێتەوە کە کوردیش وەک هەر نەتەوەیەکی تری ئەم جیهانە هیچی کەمتر نەبووە لەڕووی رۆشنبیری گشتی و پێشکەوتنەوە وەلێ تەنها هۆکارە سیاسییەکان رێگری سەرەکی بوون لە بوون بە دەوڵەت، جا لێرەدا بۆ ئەوەی زۆر لە بابەتەکە دوورنەکەوینەوەو مەبەستی سەرەکیمان ئەوەیە لە سەردەمی پێشکەوتن و تەکنۆلۆجیای  زیرەک کەچی هێشتا رۆژنامەی کوردستانی نوێ نەک هەرپاشەکشەی نەکردووە بەڵکو بەپێچەوانەوە رۆژ لەدوای رۆژ هاوشێوەی راگەیاندنەکانی تر گەشەسەندوترو هەنگاوی زیاتر بۆ پێشەوە دەنێت، یەکێک لەخاڵە هەرەگرنگەکان ئەوەیە ئەگەرچی ئەم رۆژنامەیە  کە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان،  هەموو خەرجی و ئەرکی بەڕێوەبردن و سیاسەتی رۆژنامەکەی لەئەستۆدایە، دەتوانین بڵێین زمانحاڵی فەرمی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستانە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لەبەشێک لە لاپەڕەکانی بێلایەنی پێوەدیارەو دەرفەتێکی رەخساندووە بۆ قەڵەمە رەخنەگرەکان ئەگەر گوزەرێک بە لاپەڕەکانی رۆژنامەکەدا بکەین ئەوا زۆر بەڕوونی ئەو بوارە جیاوازانە بەدی دەکرێت کە کاری تێدا دەکرێت. هەڵبەتە سیاسەتی رۆژنامەکە بەجۆرێک کەشێکی رەخساندووە  کە هەموو دەنگ و تەنانەت رەنگە جیاوازەکان دەتوانن پەیامی رەخنەگرانەی خۆیان بگەیەنن، بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئەو بابەتە زۆر روونە کە رۆژنامەکە هەر لاپەڕەیەکی تەرخانکردووە بە بوارێکی تایبەت تەنانەت یەکێک لە لاپەڕەکانی بەناوی سەکۆی ئازاد واتە هەرکەسێک ئازادە لە دەربڕینی هەربیروبۆچونێک بەمەرجێک پێشلێکردنی یاسا و ناوزڕاندنی تێدانەبێت ئیتر ئازادە گەر رەخنەش تەنانەت لەخوی رۆژنامەکە و یەکێتییش بگرێت بەڵام وەک ئاماژەمان پێدا رەخنەکە  بەشێوەیەک بێت کە ناوزڕاندن و پێشلکاری تێدانەکرێت، یەکێکی تر لە خاڵە ئەرێنێیەکانی رۆژنامەکە ئەوەیە وەک نوێگەریەک لەکاردا بۆ بەرەوپێشچوونی زیاتر لەئێستادا دەتوانرێت کەموکورتییەکان بخرێتەڕوو بە ئامانجی چارەسەری کێشەو گرفتە خزمەتگوزارییەکان، بێگومان بوارو لایەنی ئەرێنی تری زۆرە، بەڵام رەنگە سیاسەتی رۆژنامەکە ئەو بوارە نەدا تاکو پەنجە لەسەر خاڵ بەخاڵی لایەنە ئەرێنێکانی رۆژنامەکە دابنێین یاخود خوێنەر وەڕس نەکەین بەدرێژکردنەوەی بابەتەکە.

وتارەکانی نوسەر