لایەنە فەلەستینییەکان، بۆچی چوون بۆ چین؟

09:47 - 2024-07-29
هیوا محەمەد
348 خوێندراوەتەوە

هیوا محەمەد



هەفتەی رابردوو رۆژی سێشەممە، بەدەرکردنی بەیاننامەیەکی هەشت خاڵی، کۆتایی هێنرا بە کۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەکانی فەلەستین لە پەکینی پایتەختی چین.
گرنگترین خاڵی کۆبوونەوەکە کە لە ریزبەندی یەکەمدا بوو بەناوی( بەهێزکردنی یەکێتیی نیشتمانیی فەلەستین) لە هەموو خاڵەکانی دیکە قورسترە و جێجەجێکردنی خۆی دەدات لە مەحاڵ، چونکە لە ماوەی نزیک بە 80 ساڵی رابردوو، ئەو دروشمە بەرز و نزم کراوەتەوە و لەژێر سایەیدا سەدان هەزار خەڵکی عەرەب و فەلەستینی بۆ کراوەتە قوربانی، تا ئێستاش نەتوانراوە پیادە بکرێت.

یەکێتیی نیشتمانیی فەلەستین وا نایەتەدی
یەکێتیی نیشتمانیی فەلەستینییەکان بەوەدا دەردەکەوێت کە لەبری ئەوەی لە ناو فەلەستین و لەژێر دەسەڵاتی حکومەتی فەلەستین ئەو کۆبوونەوە فراوانە ببەسترێت، دەبرێتە چین، هەروەک ئەوەی بۆ فێربوونی زانست خۆیان گەیاندبێتە ئەوێ.
ئێستا کێشەی فەلەستین و ئیسرائیل، یان عەرەب و ئیسرائیل، لەدەستی خۆیاندا نەماوە و ناتوانن بە کۆبوونەوەیەکی لەو چەشنە لەپڕ بگەنە چارەسەرێک بۆ کێشەکە و کۆتایی بەو جەنگە وەرزی و ساڵانەیە بهێنرێت کە زوو زوو دەکرێتە سەر غەززە و دەیان هەزار دەکوژرێت و چەند گەڕەکێک وێران دەبێت و دواتریش بە لێکتێگەیشتنێکی کاتی رادەگیرێت.

ناکۆکییەکان کەڵەکەبوون 
نزیکەی 20 ساڵە نێوانی رێکخراوی رزگاری خوازی فەلەستین کە بزووتنەوەی فەتح تێیدا باڵادەست ترینیانە، لەگەڵ حەماس لە پەیوەندیی باشدا نین و ناکۆکییان هەیە، هەردووکیشیان بە ئاراستەی پێچەوانەی یەکتر هەنگاویان ناوە، ئەگەرچی هەردووکیان خۆیان بە خاوەنی خەبات و داکۆکیکردن لە فەلەستین و پرسەکەی زانیوە، بەڵام حەماس زیاتر بە هاندانی وڵات و بزووتنەوە توندڕەوە ئیسلامییەکان، سوور بووە و بەردەوام بووە لە کردەی سەربازیی دژی ئیسرائیل، ئەمەش وایکردووە لە سەرۆکی فەلەستین، مەحمود عەباس دووریان بخاتەوە، چونکە ئەمیان لە نێوەندە نێودەوڵەتییەکاندا بە کەسێکی ئاشتی خواز و باوەڕبوون بە دانوستان، ناسراوە.

هەموویان بەشدارن، بەڵام هیوای سەرکەوتنیان نییە
لە کۆبوونەوەکەی پەکیندا، 14 لایەن بەشدراییان کردووە کە گرنگترینیان فەتح و حەماسە، هیچ لایەنێکی دیکەی سەرەکی گۆڕەپانی خەباتی فەلەستینییەکان نەبووە تێیدا بەشدار نەبووبێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا جێگەی خۆشحاڵی شەقامی فەلەستین نییە و هیوایان لەسەر هەڵنەخستووە، ئەویش لەبەر ئەوەی:
یەکەم - لایەنە عەرەبییە سەرەکییەکانی وەک میسر و قەتەر و ئیمارات، تێیدا هیچ نوێنەرێکیان نەبووە کە ئەوان رۆڵی سەرەکییان هەیە لە دانوستان و رێکەوتن و راگرتنی جەنگی غەززە و هەر لەسەرەتاوە سەرقاڵ بوون، بەتایبەتی میسر سنووری پێیانەوە هەیە.
دووەم - چین ئەگەرچی پەیوەندیی لەگەڵ ئیسرائیل باشە، بەڵام ئەمریکا پێی ئاسوودە نییە کە ئەو وڵاتە رۆڵ بگێڕێت و هەر پلان و هەنگاوێک دەستی ئەوی تێدا بێت، ئەم ناهێڵێت سەر بگرێت و فەزڵەکە بۆ ئەو بگەڕێتەوە.
سێیەم - لایەنە سیاسییە فەلەستینییەکان، هیچ کات نەیانتوانیوە یەک هەڵوێست بن بەرامبەر بە کێشەکەیان لەگەڵ ئیسرائیل، هەر لە ناو ئەو 14 لایەنە ناکۆکیی فیکریی هەیە و هەر دوان و سیانیان سەر بە وڵاتێکی ئیقلیمین، جگە لە تێڕوانینیان بۆ پرسەکەیان.
چوارەم - هیچ سەقفێکی زەمەنی دیارینەکراوە بۆ جێبەجێکردنی خاڵەکان بەتایبەتی ئەو خاڵەی کە دەڵێت، دروستکردنی حکومەتێک بە پێکهاتن، بۆ بەڕێوەبردنی غەززە لەدوای کشانەوەی ئیسرائیل، چونکە پلانی ئەمریکا و ئیسرائیل بە پێچەوانەی ئەمانەوەیە و دەڵێن دەبێت هێزێکی عەرەبی و جیهانی پێکبهێنرێت بۆ بەڕێوەبردنی غەززەی دوای جەنگ و باوەڕ و متمانەیان بە هیچ حکومەتێکی خۆجێی نییە ئەگەر حەماس و جیهادی ئیسلامی رۆڵیان تێیدا هەبێت. 

ئاگربەست نییە؟
پێنجەم - هەموو ئەو خاڵە خەیاڵییانەی کە لە کۆبوونەوەکدا باسکراون، لە کاتێکدایە کە جەنگی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە بەردەوامە و وێران کردن و بۆردومان و کوشتن لە تەشەنەکردندایە، بەتایبەتی بەهۆی ئەو بۆردومانەی ئەمڕۆ  لە لوبنانەوە کراوەتە سەر مجدل الشمس لە جۆلان و 14 کەس لە لاوان لە یاریگایەکدا کوژراون، ئەمەش ئیسرائیلی قین ئەستوورتر کردووە و پێدەچێت هێرشەکانیان بۆ سەر لوبنان و حزب اللە چڕتر بکەنەوە، چونکە پێیان وایە ئەو مووشەکەی ئەو جێگەیەی پێکراوەتە ئامانج تەنها ئەو حزبە هەیەتی. 
ئەمەش بەو واتایەی کە هیوای ئاگربەست و جێبەجێکردنی خاڵەکانی کۆبوونەوەکەی پەکین دوورتر دەکەوێتەوە.
لەبەر ئەمە دەکرێت بڵێین، کۆبوونەوەکە رووداوە نەک دەستکەوت، ئەوەش کە ئێستا کۆکیکردوون لە چین کۆببنەوە، ئەگەر شەقی زەمانەش بێت، بەڵام لەبەر ئەوەی جیهان فرە جەمسەرە و بەرژەوندییەکانیان لە ناوچەکە فرە رەهەندی هەیە و پەیوەندیی زۆرێک لە زلهێزەکان لەگەڵ ئیسرائیل بە هێزە لەسەروویانەوە ئەمریکا و هاوپەیمانانی لە وڵاتانی ئەوروپی، ئەوا کۆبوونەوەکە  بەرهەمدار نابێت. 

 

وتارەکانی نوسەر