د. عومەر عەلی ئەحمەد
کۆمەڵناسی ئالان تۆرین ڕۆڵێکی گرنگی هەبوو بۆ دابڕان له كۆمه‌ڵناسی کلاسیک و تێکدانی ئەوەی کە ناوزه‌د ده‌كرا به کۆمەڵناسی هاوچه‌رخ
هه‌رچه‌نده ئاسان نییه ئالان تۆرین بخه‌یته ناو بازنه‌ی زانستێكی دیارییكراوەوە، ئه‌وەش به‌هۆی فره ره‌هه‌ندی كاره‌كانییه‌وه، به‌ڵام ناشتوانی وه‌كو سۆسیۆلۆگێك ته‌ماشای نه‌كه‌یت، ئەو كۆمه‌ڵناس بووه به واتای وشه، به‌تایبه‌ت دوای ئه‌و توێژینه‌وانه‌ی ده‌رباره‌ی كارگه‌ی رینۆ له فه‌رەنسا و له ساڵی 1955 به ئه‌نجامی گه‌یاند، كه دواتر كتێبێكی لێ به‌رهه‌مهات به‌ناونیشانی (كۆمه‌ڵناسی كار). هه‌روه‌ها له ساڵی 1998 خه‌ڵاتی ئه‌مه‌لفی ئه‌وروپی بۆ زانستی كۆمه‌ڵناسی وه‌رگرتووه.
تۆرین به‌رده‌وام له‌گه‌ڵ خودی خۆیی و له‌گه‌ڵ نووسه‌رانی كلاسیكی بیری مۆدێرن و كۆمه‌ڵناسی هاوچه‌رخ له گفتوگۆدا بوو، هه‌موو ئه‌مانه‌ش بوونه هۆی گه‌شه‌پێدانی بیرۆكه‌كانی، هاوكات پەیوەندیی نزیکی لەگەڵ ئەمریکای لاتین کاریگەری لەسەر بیرکردنەوەکانی هەبوو و ئه‌مه‌ش پانتاییه‌كی فراوانتری جیهانی پێبه‌خشی. دواتر پێشنیازی راڤه‌كردنی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییە نوێیەکانی کۆمەڵگەی پۆست پیشەسازی کرد. هه‌روه‌ها ساڵی 1973 کتێبی «بەرهەمهێنانی کۆمەڵگە»ی بڵاوکردەوە. له‌م بڵاوكراوانه‌دا، ئالان تۆریین ئامڕازه چه‌مكییه‌كان و رێبازی خۆی بۆ شیكاركردن ده‌ستنیشانكرد.
پرسی سه‌ربه‌خۆیی
پرسی سه‌ربه‌خۆیی لای تۆرین په‌یوه‌سته به‌و گریمانه‌یه‌ی كه كرێكاران ته‌نها خودێكی ناكارا نین له په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ژموونی نێوان سه‌رمایه و كاردا. ئه‌و له‌گه‌ڵ ماركسییه بونیاد‌گه‌رەكاندا هاوڕا نه‌بوو كه په‌یوه‌ندییه‌كانی كار كورت ده‌كه‌نه‌وه له بابه‌تی كۆنتڕۆڵ و هه‌ژمووندا. ئه‌و جه‌ختیده‌كرده‌وه له‌وه‌ی كه كرێكاران بڕیار دەدەن و خەبات دەکەن بۆ باشترکردنی کارەکانیان. چاودێرییكردنی به‌كۆمه‌ڵ بۆ ئه‌دای كاری رۆژانه و مانگرتن و دووپاتکردنەوەی ئه‌وه‌ی کرێکار مرۆڤه نەوه‌ک کاڵا، به‌شێكه له‌كاری كرێكاران. ته‌نانه‌ت تاوه‌كو كۆتاییه‌كانی ته‌مه‌نی زۆر جه‌ختیده‌كرده‌وه له پرسی ئازادیی و له زانكۆی سلێمانی پێش چه‌ند ساڵێك وتی: من هەمیشە هەوڵمداوە جەخت بكەمەوە لە پێداگیریكردن بۆ بەدیهێنانی ئازادیی و مافی مرۆڤ و رۆشنگەری.
پۆست کۆمەڵناسی
کۆمەڵناسی ئالان تۆرین ڕۆڵێکی گرنگی هەبوو بۆ دابڕان له كۆمه‌ڵناسی کلاسیک و تێکدانی ئەوەی کە ناوزه‌د ده‌كرا به کۆمەڵناسی هاوچه‌رخ، وەک کۆمەڵناسی کۆمەڵگا پیشەسازییە مۆدێرنەکان، بەم شێوەیە بەشداریی لە نوێبوونەوەی بونیاتی جێگره‌وه له مه‌عریفه‌ی سۆسیۆلۆجیدا كرد، كه پێیده‌وترا کۆمەڵناسی دوای جه‌نگی دووه‌می جیهانی، یان بڵێین کۆمەڵناسی پۆست کۆمەڵناسی.
بۆردیۆ دەستێوەردانی راستەوخۆی کۆمەڵناسی لە گۆڕینی هەژموونی کۆمەڵایەتی لە ڕوانگەی زانستییەوە ره‌ت ده‌كردوه، چونكه له‌و باوه‌ڕه‌دا بوو کە ئەرکی بنەڕەتی کۆمەڵناسی ئاشکراکردنی میکانیزمەکانی گۆڕانی هه‌ژموونی كۆمه‌ڵایه‌تییه بەبێ ئەوەی راستەوخۆ کاریگەری لەسەر گۆڕانکارییەکەی هەبێت، به‌ڵام ئالان تۆرین بانگه‌شه‌ی بۆ کۆمەڵناسییەکی کاریگەر ده‌كرد. به‌و جۆره‌ی کۆمەڵناسی دەستێوه‌ردانی راسته‌وخۆ بكات كه یارمەتی بكه‌ره کۆمەڵایەتییەکان دەدات بۆ قوتاربوونییان له چنگی سیسته‌م و ده‌سه‌ڵات كه هۆشیارییان به‌رانبه‌ر به‌خودی خۆیان هه‌بێت.
کۆمەڵناسیی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان
تۆرین بەشدارییەکی زۆر بەرچاوی لە دامەزراندنی کۆمەڵناسی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان کردووە، هه‌روه‌ك چۆن كتێبێكی نووسی به‌ناونیشانی
(بزوتنه‌وه‌ی مایۆ و یان كۆمۆنیزمی یۆتۆپی) و دواتر سه‌رپه‌رشتی كارێكی گروپیینی كرد و كتێبێكی لێ به‌رهه‌مهات به‌ناونیشانی (بزووتنه‌وه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی ئه‌مڕۆ: بكه‌ر و شیكاره‌كانی).
تۆرین بەشێکی زۆری کتێبی «وشە و خوێن»ی بۆ شیکردنەوەی دیاردەکانی پەیوەست بە باوەڕی ئایینی و کاری کڵێساکانی ئەمریکای لاتین بە تایبەت «لاهوتی رزگاریخواز» ته‌رخانكردبوو. تۆرین حه‌تمیه‌تی ئابووریی و قه‌ده‌رییه‌تی مێژوویی رەتدەکاتەوە و سەرنجی لەسەر ناسینی خودی مرۆڤایه‌تی و فراوانکردنی بازنەی ئازادییەكان بوو.
شۆڕشی خوێندکارانی 1968
ژیانی هزری تۆرین لە رووداوەکانی مانگی ئایاری ساڵی 1968 لە فەرەنسا دەست پێدەکات. ساڵی دواتر کتێبێکی بچووک و کاریگەری بە ناوی «کۆمەڵگەی دوای پیشەسازی» بڵاوکردەوە، کە تێیدا وەک تێزێکی ناوەندی سەرهەڵدانی مۆدێلێکی نوێی کۆمەڵگا و بڵاوبوونەوەی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییە نوێیەکانی دووپاتکردەوە.
ئەو لێکۆڵینەوە کۆمەڵناسیانەی کە ئەنجام درابوون، باسییان له‌وه‌ده‌كرد كه بزووتنەوەی کرێکارییه‌كان ناوه‌ندگه‌رییان له‌ده‌ستداوه و لاوازی بزووتنەوە نوێیەکانیان نیشان دا كه ئالان تۆرین زۆر بایه‌خی پێده‌دان. هاوكات تۆرین روونی دەکاتەوە کە بزووتنەوەی خوێندکاران وەڵامێکی سادە نییە بۆ قەیرانی دامەزراوەیی زانکۆ، بەڵکو گوزارشتە لە خەباتێکی نوێ لە کۆمەڵگەدا، خەباتێک کە تێیدا دەستگه‌یشتن بە زانست و ئاڕاستەکردنی کەلتووری لە مەترسیدایە.
کۆمەڵگەی دوای پیشەسازی
چەمکی «کۆمەڵگەی دوای پیشەسازی»ئاسۆی نوێی بۆ بیرکردنەوەی تۆرین کردەوە و تۆرین کۆمەڵگای دوای پیشەسازی بە نەوەی ئاستێکی بەرزتر لە «مێژووگەرایی» و توانای گەورەتر و هەمەچەشنتر بۆ کۆمەڵگا بۆ کارکردن لەسەر خۆی دەبینی. ئەمەش بە مانای کۆتایی هاتنی پیشەسازییەکە نییە، بەڵکو گۆڕانکارییە بەردەوامەکەیە کە بەهۆی داهێنانی زانستی و تەکنەلۆژیاوە هاندەدرێت.
بە بڕوای تۆرین کۆمەڵگای دوای پیشەسازی لە قۆناغێکی پێشکەوتووی گەشەسەندنی پیشەسازی زیاترە. سەرهەڵدانی جۆرێکی نوێی کۆمەڵگایە کە تێیدا مەعریفە و بەڕێوەبردنی رێکخراوەیی و کەلتوور جێگەیەکی باڵا داگیر دەکەن. لەم کۆمەڵگایەدا ململانێی نێوان سەرمایە و کرێکاران نامێنێت، بەڵکو بزووتنەوەی کرێکاری لە رێگەی سەندیکاکان و یاسادانانی کارەوە مەیلی بەدامەزراوەییکردنی هەیە.