پ.ی.د. ماجد خەلیل فەتاح
ئالان تۆرین، بیرمەند و فەیلەسوفی فەرەنسیی، بەردەوام بابەتی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان کاریگەرییان لەسەر لۆژیک و بیرکردنەوەی دادەنا. ناوبراو یادەوەری جوڵانەوەکانی جەرگەی ئەوروپای لە شەستەکاندا، بە ئاقاری ئافراندنی تیۆر و تێڕامانی نوێ هێنایە ئاراوە. بەجۆرێک بابەتییانە شیکاری هەر جوڵانەوەیەکی کۆمەڵایەتی دەکرد. تۆرین جوڵانەوە کۆمەڵایەتییەکانی وەک دەرفەت و دنیابینییەکی دروست لێکدەدایەوە، پێی وابوو هەرچی هێزی گۆڕانکارییە، دەبێت لە هەناوی هێزە کۆمەڵایەتییەکانەوە کاریگەریی دابنێ. ئەم ئەندێشەیە ئەلتەرناتیڤی شۆڕش و ریفۆرم و راسانی کۆمەڵایەتی و سیاسیی بوو. یەکێک لە تایبەتمەندیەکانی ئەم سەردەمە، سیحری بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانە. ناوبراو بەوردی سەرنجی خستبووە سەر، سیستمەکانی خۆرهەڵاتیش، تەنانەت تێڕامانی خۆیشی لەهەمبەر رەوش و روانینی خەباتی رزگاریخوازی کوردستان دانابوو.
تۆرێن جوڵانەوە کۆمەڵایەتییەکانی وەک دەرفەت و دنیابینییەکی دروست لێکدەدایەوە، پێی وابوو هەرچی هێزی گۆڕانکارییە، دەبێت لە هەناوی هێزە کۆمەڵایەتییەکانەوە کاریگەریی دابنێ
جوڵانەوە کۆمەڵایەتییەکان
تۆرین، هەوانتە لە هەمبەر جوڵانەوەی کۆمەڵایەتی نەدوواوە. بایەخی بزووتنەوەکانی بەستووەتەوە بە مەرج و میتۆدی گەلێ گران و سەختەوە. لە ئەگەری ئاوێتەبوونی جوڵانەوە کۆمەڵایەتییەکان بەم مەرجانە، گرەنتی و گەواهی سەرکەوتن و سڕی بردنەوە مسۆگەر دەکرێت. ناوبراو شۆڕشی خوێندکارانی فەرەنسای خستبووە دەرەوەی ئەو بنەما و مەرجە مێژووییانەوە. هاوکات لە پێناسەی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکاندا، لەلایەکەوە دەیبەستنەوە بە خەباتێکی خۆڕسکی سروشتییەوە، چون پێی وابوو هیچ جوڵانەوەیەک لە پڕێکدا هەڵناتۆقێ.
شوناسی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان
لەلایەکی ترەوە بەرنامەی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی دەبەستەوە بە شوناسەوە. ئەو پێی وابوو، شوناس مەرجی سەرەکی هەر جوڵانەوەیەکە. بەبێ شوناس، تێکدەر و تیرۆر و تەڕحی نابەجێ زاڵ دەبێ. نموونەی زۆرێک لە جوڵانەوەکانی هێناوەتەوە. ئەو پێی وایە شوناس بنەمای سەرەکییە، یانی ئەو جوڵانەوەیە دەبێ بزانرێت کێن؟ لەبەرەی کامە کەلتوور و بەرژەوەندییەوە بوونی خۆیان دەدۆزنەوە. بۆنموونە دەیگوت جوڵانەوەی خوێندکارانی فەرەنسا، دەمانزانی خوێندکارن، بەڵام نەماندەزانی بەرگریی لە کامە بەرژەوەندی دەکەن. رۆحی راسانەکە راستگۆیانە دەجوڵا، وەلێ نەیدەزانی بەرەو کوێ کار دەکات.
هەروەها جوڵانەوەی کۆمەڵایەتی بێ لە بابەتی شوناس، دەبێت بزانرێت، نەیارییەتی کێ دەکەن. دوژمنەکە کێیە، رووی راسانەکە روو بەکوێیە، کێ بە ئامانج بگرن و لەکام دەرگای دوژمنانەوە بچنە ژوورێ. بۆیە بنەمای دووەمی بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی بریتییە لە دیارییکردنی دوژمن. هاوکات بنەمایەکی تریش زۆر کاریگەرە، کە گشتگیر و گرنگە، ئەویش ئەوەیە بەڕاستی جوڵانەوەکە لەپێناو مافەکانی ئینسانە یان ئەندێشەیەکی ئیتنییە یاخود رێگرییە لە مەترسییەکی مێژوویی، یانی یەکلاکردنەوەی نیشانەیەک کە دەویسترێت بپێکرێت.
بەگشتی بەبێ ئەم سێ بنەمایە، بوونی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان کاریگەرییەکیان نابێ. تۆرین دەیەوێت بڵێت، کاتێک بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی لەهەمبەر پاشاگەردانیی و بێسەرەو بەرەیی و بێ بەرنامەیی بە ئامانج دەگات، کە بۆخۆی بزووتنەوەیەکی رێکخراو بێت. یانی خودان خواست و ناسنامەبێ، نەیارەکانی بناسرێن و بشزانن داواکارییان چییە.
لە پەراوێزی ئەم سێ بنەمایەدا، بەگشتی تێدەگەین، هیچ جوڵانەوەیەکی کۆمەڵایەتی لەم کیشوەرەی ئێمەدا، بەشێوەیەکی رێکخراوەیی رێکنەخراوە. بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی تاوەکو سروشتی تر بێت، رێکخراوترە. تاوەکو راستگۆیانە بێت، رێکخراوترە و شوناس و ئامانجی باشتر دەبینرێن. بۆیە کاتێک جوڵانەوەیەکی کۆمەڵایەتی ئایدیۆلۆژیایەک یان هێزێکی دەرەکی یان بەرژەوەندی چین و تاقمێک تاوی بدات، ئەوکات ناوی بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی نییە. چون بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی بابەتێکی بابەتییە! هاوکات لەسەرووی ئیرادەی ئەندێشە و ئایدیایەکە. بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی چەترێکی چارەنوسسازە، ئیتن و ئایین و رایەڵەی کۆمەڵایەتی تێیدا توند پێکەوە بەستراون. دروست هەم شوناسی دیارییکراوە، هەم نەیاریی، هەمیش دەزانن بۆچی بزووتنەوەکە لەدایک بووە.