بۆنە و بیرەوەرییەکان وەک ویژدانی زیندووی نەتەوە!

10:25 - 2025-04-07
پ.ی.د. ماجد خەلیل فەتاح
154 خوێندراوەتەوە

لەکۆی تەواوی تایبەتمەندییە نەتەوەییەکانی هەر نەتەوەیەکدا، هەمیشە نیشتمان، زمان، فەرهەنگ و مێژوو، مەیدانخوازیی مەزنیان لەهەمبەر لۆژیکی هێشتنەوەی نەتەوەدا هەبووە. لەپاش جەنگی یەکەمی جیهانی، جووڵانەوەیەکی جیاواز، لە تیۆر و تێڕامانە سەراپاگیرەکانی زانست و زانکۆکانەوە، زەنگی نەتەوایەتی دا بەگوێی بوون و مانەوەی نەتەوەکاندا. 
لێرەوە لۆژیکە کۆڵۆنێکارەکە، کەوتەوە گەڕ و گەواهی براندێکی دیکەی دونیابینی نەتەوەی سەردەست و نەتەوەی بندەستی بەرهەم هێنایەوە. ئەو سەردەمە، سەردەمی داهێنانی دەوڵەت نەتەوە بوو. لەم داهێنانەدا دەستی باڵا، بریتی بوو لەو دەستەی کە کەلتور و جوگرافیا و مێژوو، زمان و زۆرجار ئابووریی هاوبەشی دەکردە سەنگی مەحەک. لەنێو تێکڕای تیۆرەکاندا هەمیشە، مرۆڤانەترین و زانستیترینیان بریتی بووە لەو تیۆرانەی کە ئیرادە و ئەندێشەی هاوبەش، مێژووی هاوبەش و کۆنەستی کەلتورە نەتەوەییەکەی لە لۆژیکیدا جێگە کردووەتەوە. ئەمەش رێک بریتی بوو لە سڕینەوەی ئەوانی تر، چونکە بە درێژایی سەدەی بیستەم، لە ململانێکی نێوان نەتەوەی سەردەست و بندەستدا، بابەتی بۆنەکان و یادەوەرییە نەتەوەییەکان، لەپێشەوەی لۆژیکی داگیرکارییەکەدا کەوتبوونە بەر نەشتەری نواڕینی داگیرکاریی و جینۆسایدی ئەوانی تر. هەمیشە جەنگی سڕینەوە و شێواندنی بۆنەکان، بابەتێکی هەزمنەکراوی هێزە ئایدۆلۆجی و پەڕگیرەکانی پەیمانی داگیرکاریی بووە. 
رێک لەسەر ئەو بنەمایە، دەبینین لە ئێستادا نەتەوەیەکی وەکو کورد، شانبەشانی شێواندنی زمانەکەی، زوخاوێکی ئێجگار تاقەتپڕوکێنی لەهەمبەر سڕینەوەی سیمای بۆنەکانیدا بینیوە. بۆنە نەتەوەییەکانی کورد، لە گۆڕانی وەرزەکاندا، لە دیمەنە سروشتییەکان و ئازارەکانی بەهاردا، لە یادگە و یادی کەسایەتییەکانیدا، لە راسان و راپەڕین و شۆڕشەکانیدا، تێکڕا وابەستەن بە جوگرافیا و خەڵک و خەیاڵ و کەلتوری کوردییەوە. بۆنەکان کاریگەرن چون چەمکێکی چارەنووسسازی مەعریفەی میلەتێکن، چون بۆنەکان لەناویاندا تێکڕای تایبەتمەندییەکانی نەتەوە نومایانن. چون لە بۆنەکانی کورددا، زەنگینترین زەمینەی زمان، مێژوو، جوگرافیا، ئەفسانە و ئەندێشە زیندووە، هەربۆیە بۆنە نەتەوەییەکانی کورد دەربڕی ویژدانی نەتەوەن، بۆنەی دیاریکراوی ئاڕاستەیەکی نەتەوەیی نین، یانی یادەوەرییەکان تەنها تەرزێکی ئایینی، کەلتوری، نیشتمانی و ئابووری لەپشتیان نییە، بەڵکو بۆ هەر تەرز و تیۆرێکی سەردەمی کە دەربڕی بوونی نەتەوەیەکی سەربەخۆ بێت، کورد خاوەنداریەتی بۆنەیەکی سروشتی و خەسڵەتێکی خۆکردی هەیە، کە بەراورد بەوانی تر، بۆن و بەرامی سروشت زۆر زاڵتر و زیندووتر لە ویژدانیدا رەنگیداوەتەوە.

*مامۆستای زانكۆ

لە بۆنەکانی کورددا، زەنگینترین زەمینەی زمان، مێژوو، جوگرافیا، ئەفسانە و ئەندێشە زیندووە

وتارەکانی نوسەر