با ستۆپ بەدیاردەی شەهیدکردنی ئارییەکان بکرێت

10:59 - 2024-07-30
جەمال ئارێز
289 خوێندراوەتەوە

شەهیدکردنی ئاری-ی کاسب، تاوانێکە هیچ پاساوێک هەڵناگرێت و دەبێت هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان لەسەری بێنە جواب و رێوشوێنی پێویستیش بگرنەبەر بەرامبەر بکوژ و هاوکارەکەی وەک لە راگەیەندراوەکەی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی ی.ن.ک –دا هاتووە «هیچ لێخۆشبوونێک نەیانگرێتەوە»، تا چیتر ئەم تراژیدیایانە ئارامیی و ئاسایشی هەرێم نەشێوێنن و نەشبنە کەرەسەی نان و پیاز پێوەخواردنی سیاسی، بەتایبەتی لەو سنوورەی بە زۆنی ئارامی و ئازادی ناسراوە، دەنا وایلێهاتووە ئەو جۆرە رووداوانە کراونەتە کەرەستەیەکی سیاسی و بانگەشەی هەڵبژاردنی پێشوەختە بۆ لێدان لە سونبولەکانی پاراستنی ئارامی و ئاسایشی ئەم دەڤەرە.
بەشبەحاڵی خۆم ئەو جۆرە تاوانانە و هەموو جۆرە تاوانێکی کوشتن جا پاساوەکەی هەرچییەک بێت و هەرکەسێک بیکات، شەرمەزار دەکەم، چونکە پاساوەکە هەرچییەک بێت، ناکاتە ئەوەی بەو جۆرە و بە چەکی رەسمیی دەوڵەت، ناکۆکیی تاکەکەسی لە بەرژەوەندیی لایەنێکی کێشەکەدا یەکلایی بکرێتەوە.
ئەو دیاردانەی لەم جۆرە رووداوانەدا سەرهەڵدەدەن مایەی هەڵوەستە لەسەرکردنن و پێویستیان بە پێداچوونەوەی جدیی یاسا و بڕیار و رێنماییەکانە، چونکە: 
*بەرلە روونبوونەوەی راستییەکان و مولابەساتی تاوانەکە، بابەتەکە دەکرێتە کەرەستەیەکی میدیایی گوماناوی و بەسیاسی دەکرێت و هەر میدیایەک  بە سیاسەتێک چیرۆک و سیناریۆ بەناوی هۆکارەکانی پشت رووداوەکەوە دادەڕێژن.
*لەبەر رۆشنایی ئەو گوتارە میدیاییەوە، سەرکردە و ئایکۆنە دیارەکانی حزبە سیاسییەکان و رێکخراوە مەدەنییەکان هەریەکە و بەبێ روونبوونەوەی راستییەکان کەسایەتی و کەسانی دیکەی رکابەریان تۆمەتبار دەکەن، لەکاتێکدا تیایاندایە لە سەردەمی دەسەڵاتیاندا نەک زۆر رووداوی لەوە خراپتر و شەرماوەرتر روویداوە، بگرە هاتوون لەجیاتی لێکۆڵینەوە و رادەستکردنی تاوانبارەکان بە دادگا و پۆلیس، لەژێر باڵ و ماڵی خۆیاندا لەچاوی یاسا بزریان کردووە، ئەوە ئەگەر کەمێک ویژدان و ئاکاریان هەبووبێت و دواتر تۆمەتێکی ناشیرینیان بۆ قوربانییەکە دروست نەکردبێت!
*میدیای هەندێک حزب لەسەر ئەو دیاردانە قسە دەکەن کە لەو ناوچانەی خۆیان هەژموونیان بەسەریدا هەیە، بە چەکی هێزی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی دیکە لەساڵێکدا چەندین جار لە شەڕی عەشایەریدا دۆشکە و هاوەن و چەکی ناوەنجی بەکاردەهێنن و بگرە لەوەش خراپتر ئەو بکوژانەی لەدەست یاسا و لێپێچینەوە و سزا هەڵدێن، لەجیاتی دەستگیرکردنیان پەناگەی ئارامیان بۆ دابین دەکرێت و فەوج و تابووریان بۆ تەشکیل دەکرێت.
*نابێت بەرپرسە سیاسی و سەربازیی و ئەمنییەکانی سنووری سلێمانی و «زۆنی سەوز»یش تەنها بە دەرکردنی بەیاننامە و هاوسۆزی لەگەڵ کەسوکاری قوربانییەکاندا شانی خۆیان لە بەرپرسیارێتی خاڵی بکەنەوە، چونکە ئەم دیاردە قێزەونە دەبێت چارەسەری ریشەیی بۆ بدۆزرێتەوە، لەپێش هەموو شتێکیشەوە پاکسازی لە دەزگا ئەمنییەکاندا لە خەڵکانی بێ پرەنسیپ، یان ئەوانەی هەندێکجار تەنها «سەنەوییان بەناوی یەکێتییەوەیە، دەنا تەنها خوا دەزانێت لەم سەروبەندی بانگەشە ناڕاستەوخۆیەی هەڵبژاردن و ململانێیانەدا لەناو دەزگا ئەمنییەکانەوە کار بۆ چ لایەنێکی رکابەری یەکێتی دەکەن؟!
جگە لەوەش بە دەیان بڕیار و رێنمایی هەن لەبارەی قەدەغەکردنی چەکی بێمۆڵەتەوە، بەڵام مخابن کوشتارەکان هێندەی بە چەکی مۆڵەتدار دەکرێن، هێندە بە چەکی بێمۆڵەت ناکرێن، بۆیە چارەسەر بۆ ئەو گرفتە، دابەزینی پێشمەرگە و کارمەندانی دامودەزگا ئەمنییەکانە بەبێ چەک بۆ ناو شار و ماڵەکانیان لەکاتی مۆڵەتدا و بەجێهێشتنی چەکەکانیانە لە یەکە و فەرمانگەکانیان، کە ئەوەش دەبێتە هۆی ئەوەی هیچ چەکدارێک لەبەر پاراستنی گیانی خۆشی بێت، زاتی ئەوە نەکات لەکاتی کار و دەوامدا یاسا و رێساکانی مافی مرۆڤ پێشێل بکات، تا لە دەرەوەی دەوامیش لەڕووی دەروونییەوە ئاسوودە بێت لەوەی کە چەکی پێ نەبێت. 

وتارەکانی نوسەر