ئایا جیهان لە بەردەم ئەمریکایەکی نوێدایە؟

11:01 - 2024-07-30
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
317 خوێندراوەتەوە

لە بانگەشەی هەڵبژاردنی هەردوو کاندیدی کۆماری و دیموکراتەکان لە ئەمریکا، وادابینرێت هەردووکیان بەدوای شوناسێکی ونبوودا دەگەڕێن کە ئەویش ئەمریکا راستەقینە مێژووییەکەیە، یان بە دوای مۆدێلێکی نوێدا دەگەڕێن کە دەستبدات بۆ ئەم سەردەمە، بە مانایەکی دیکە ئەم دوو کاندیدە وێنەی ئەمریکا وەها دەگوازنەوە بۆ ناوخۆ کە خەریکە لەسەر مەدارە مێژووییەکەی خۆی لادەدات و پێویستە بگەڕێنرێتەوە ناو مێژووی خۆی.
لادانیشی لەسەر ئەو سکە و هێڵە مێژووییە، رەنگە لەو خاڵەدا ببینرێت کە ئەو هەستەی لەلای هەموو ئەمریکییەک دروستکردووە و دەپرسن «بۆچی زۆرێکی وڵاتانی خۆرهەڵات و جیهان رقیان لە ئێمەیە- ئەمریکایە؟ 

هەرکام لە دوو کاندیدەکەی ئەمریکا (ترەمپ و هاریس) بتوانن ببنە سەرۆک، شتێکی نوێ پێشکەش ناکەن کە لەسەروو وێنەی مێژووییانەی ئەمریکاوە بێت

بێگومان ئەمریکا گەورەیی خۆی لە دەستنەداوە و لاینەداوە، بەڵام لە تەنیشت ئەمریکاوە چەندان زلهێز و وڵاتی خاوەن پێگەی جیهانی دروستبوون کە بڕوایەکی تەواو لەلای وڵاتانی دیکە دروستدەکات و وادەکات تەنها لە بەرەی ئەمریکادا خۆیان نەبیننەوە و بچنە بەرەی نوێوە و هاوکێشەی نوێ ئەزموون بکەن، وەک چۆن ئێستا چین و هند و کۆریا دەیانەوێت وەک هێزی ناو جەمسەرەکان نەبینرێن، بەڵکو بە خودی جەمسەرەکان ببینرێن. 
ئەم هێزە نوێیانە نەک کۆتایی جووت جەمسەری رەت دەکەنەوە، بەڵکو ئیش لەسەر فرەجەمسەری و فرەوێنەیی لە دیدگای بەڕێوەبردنی جیهانیدا دەکەن، ئەمە وادەکات ئەمریکا وەک بوونێکی نامۆ لەم سەردەمەدا ببینرێت.
هەرکام لە دوو کاندیدەکەی ئەمریکا (ترەمپ و هاریس) بتوانن ببنە سەرۆک، شتێکی نوێ پێشکەش ناکەن کە لەسەروو وێنەی مێژووییانەی ئەمریکاوە بێت، شتێکی نوێ ئەم دوو کاندیدە بیبەخشن بە ئەمریکا ئەوەیە کە وێنەیەکی نوێی ئەمریکا بنێرن بۆ وەرگرەکانیان لە جیهاندا و پاشەکشێ لە گوتاری دەرەکی خۆیان نەکەن لە ترسی ئەوەی رووداوێکی هاوشێوەی 11ی سێپتەمبەر روونەداتەوە. 
نەک هەر ئەوەندە رووکردن لە دەنگدەری ناوخۆ لەلایەن هەردوو کاندیدەکەوە بە پلەی یەکەم مانای وەستانی ئەمریکایە لە مەوقیف و پێگەی خۆیدا، نەک ئەمریکایەکی بە ئەجێندا بۆ ئەم سەردەمە.
ئەم دوو کاندیدە ئەگەرچی ناوبەناو پرسی غەززە و ئیسرائیل، روسیا و ئۆکرانیا و ئەتۆمی ئێران دەدەن بەگوێی دەنگدەرەکانیاندا، بەڵام ئەوە مانای بوونی ئەمریکا مێژووییەکە نییە لە دەرەوەی نەخشە سیاسییەکەی ئەمریکای ئێستا.
بەپێی ئەو راپرسیانەی لە ئەمریکا کراوە چ بۆ ئێستای ترەمپ و هاریس و چ پێشتریش بۆ جۆ بایدن، ئەوەی پیشانداوە کە ئەمریکییەکان لەناو خۆشیاندا دڵنیایی تەواویان لەکاندیدەکانیان نییە بۆ سەرکردایەتی وڵاتێکی وەک ئەمریکا و بە شایستەی ئەوەیان نابینن ئەمریکا لە روانگەی کاندیدەکانەوە پێناسە بکرێت، پێشیانوایە لەدوای (ئۆباما) سیاسەتی ئەمریکی بەجۆرێک لەجۆرەکان پشتکردنە لە جیهان و چۆڵکردنی گۆڕەپانەکانە بۆ وڵاتانی دیکە و ئەوەی ئەمریکا بە دەرەوە دەبەستێتەوە تەنها پرسی وزە و نەوتە.
ئەوەی تا ئێستا روون نییە ئەوەیە، ئایا جیهان لەبەردەم ئەمریکایەکی نوێدایە؟ شرۆڤەکارانی سیاسیی ناوخۆی ئەمریکا پێیانوایە ئەمریکایەکی ترەمپی، یان ئەمریکایەک پشتبەست بێت بە دنیابینی کامالا هاریس، ئەوە ئەمریکایەکی نوێ نییە، لە راستیشدا هەروایە، ترەمپ هەڵگری دنیابینییەکی قوڵی سیاسیی نییە بتوانێت مۆدێلێکی نوێی سیاسەتی ئەمریکی پیشانی جیهان بدات، هاریس_یش ئەگەر کشانەوەی بایدن چانسی پێنەدایە، رەنگە هەرگیز نەیتوانییایە بچێتە پێشبڕکێیەکی لەم چەشنەوە.

وتارەکانی نوسەر