كۆده‌نگی ماڵی كورد چاره‌سه‌ری بنبه‌ستی سیاسییە؟

11:09 - 2022-05-24
گۆران فەتحی
414 خوێندراوەتەوە

هێوربوونه‌وه‌ی‌ ململانێی سیاسیی له‌هه‌رێمی كوردستان و راگرتنی هه‌ڵمه‌تی راگه‌یاندن له‌ نێوان یه‌كێتیی نیشتمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان، وه‌كو دوو هێزی سه‌ره‌كی كوردستان، دوای چه‌ندین مانگ له‌ ناكۆكیی و ململانێی سیاسی، كاریگه‌ری‌ خراپی له‌سه‌ر ماڵی كورد و كۆی‌ گۆڕه‌پانی سیاسی هه‌رێمی كوردستان و ته‌نها شه‌قامی كوردیش به‌جێهێشت.
ئه‌و ناكۆكییه‌ نه‌ك هه‌ر كاریگه‌ری له‌هه‌رێم به‌جێهێشت به‌ڵكو یه‌كێك بوو له‌ هۆكاره‌كانی بنبه‌ستی سیاسی عیراق، له‌ پاڵ ناكۆكیی‌ نێوان هه‌ردوو به‌ره‌ی‌ ناو ماڵی شیعه‌ش كه‌ سه‌درییه‌كان و چوارچێوه‌ی‌ هه‌ماهه‌نگین، له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی‌ كامیان كوتله‌ی‌ گه‌وره‌ن و مافی پێكهێنانی حكومه‌تی نوێی عیراقیان هه‌یه‌،.
 له‌به‌ر ئه‌و هۆكارانه‌ی‌ باسمان كرد، جووڵه‌ی‌ سیاسیی ئێستای ناو هه‌رێمی كوردستان، به‌ ئاراسته‌ی‌ چاره‌سه‌ری كێشه‌كان، له‌نێوان یه‌كێتی و پارتی و نه‌رمی نواندن و دواجار سه‌ردانی نێچیرفان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێم بۆ سلێمانی و كۆبوونه‌وه‌ی‌ له‌گه‌ڵ هه‌ڤاڵ بافڵ تاڵه‌بانی، بۆ تاوتوێكردنی مه‌سه‌له‌ی‌ پۆستی سه‌رۆك كۆمار و هه‌روه‌ها غاز و نه‌وتی هه‌رێم و هه‌ڵبژاردنه‌كانی مانگی ده‌ی‌ په‌رله‌مانی كوردستان، ره‌نگه‌ سه‌ره‌تایه‌كی باش بێت، بۆ چارسه‌ركردنی ئه‌و مه‌سه‌لانه‌ له‌ناو ماڵی كورد، بۆ ئه‌وه‌ی‌ جارێكی تر لایه‌نه‌ كوردییه‌كان، به‌یه‌ك پاكێج روو له‌به‌غدا بكه‌نه‌وه‌،  كاریگه‌ری‌ دروستبكه‌ن، له‌سه‌ر هێزه‌ سیاسییه‌كانی به‌غدا بۆ ده‌رچوون له‌و بنبه‌سته‌ سیاسییه‌ی‌  ئێستا هه‌یه‌، به‌و پێیه‌ی‌ هه‌ردوو حزب پێگه‌یان له‌سه‌ر گۆڕه‌پانی سیاسی عیراق هه‌یه‌ و په‌یوه‌ندی قووڵیشیان له‌گه‌ڵ هێز و لایه‌نه‌ كاریگه‌ره‌كانی شیعه‌ و سوننه‌ هه‌یه‌.

دەستپێکردنی جوڵەی سیاسی لە ناو ماڵی کورددا

ماڵی كورد
بوونی كۆده‌نگی له‌ناو ماڵی كورد، له‌دوای روخانی رژێمی سه‌دام حسێن و رژێمی به‌عس و دروستبوونی عیراقی نوێ، هه‌رده‌م هۆكارێك بووه‌ بۆ پاراستنی مافه‌كانی ئه‌م گه‌له‌ له‌ عیراق، هه‌ر كاتیش كێشه‌ له‌ناو ماڵی كورددا هه‌بووبێت، زیانی گه‌وره‌ به‌ر هه‌رێم و هاووڵاتیانی كورد كه‌وتووه‌، خودی هه‌رێمیش پێگه‌ی‌ لاواز بووه‌ له‌ناو عیراقی فیدڕاڵدا، زیانی ئه‌و ناكۆكییه‌ش به‌وه‌ نه‌وه‌ستاوه‌، به‌ڵكو له‌كاتی بوونی ناكۆكی له‌نێوان هێزه‌ سیاسییه‌كانی كوردستان به‌تایبه‌ت یه‌كێتی و پارتی، مه‌ترسی گه‌وره‌ بۆ سه‌ر هه‌رێم دروستبووه‌ و به‌شێك له‌مافه‌كانیشی له‌ده‌ستداوه‌.

ئێمه‌ ده‌زانین له‌سایه‌ی‌ كۆده‌نگی ناو ماڵی كورد له‌ 2003ه‌وه‌ كورد له‌ عیراقی تازه‌ ده‌سكه‌وتی باشی به‌ده‌ستهێنا و له‌ده‌ستووریشدا زۆرێك له‌مافه‌كانی كورد جێگیركرا

ئێمه‌ ده‌زانین له‌سایه‌ی‌ كۆده‌نگی ناو ماڵی كورد له‌ 2003ه‌وه‌ كورد له‌ عیراقی تازه‌ ده‌سكه‌وتی باشی به‌ده‌ستهێنا و له‌ده‌ستووریشدا زۆرێك له‌مافه‌كانی كورد جێگیركرا، كه‌ یه‌ك له‌وان ماده‌ی‌ 140ی‌ تایبه‌ت به‌ كێشه‌ی‌ ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان بوو له‌ عیراقدا، ئه‌مه‌ چ جای وه‌رگرتنی پۆستی باڵا له‌ عیراق هه‌ر له‌ پۆستی سه‌رۆك كۆمار كه‌ بۆ كورد جێگیركرا وه‌كو عورفێكی سیاسیی و هه‌روه‌ها وه‌زاره‌تی گرنگی وه‌كو ده‌ره‌وه‌ و دارایی، ئه‌مه‌ چ جای چه‌ندین پۆستی باڵای تر له‌ مه‌ركه‌ز، كه‌ بێگومان بوونی كوردیش له‌و پۆسته‌ گرنگانه‌، وایكرد مافه‌كانی كورد و قه‌واره‌ی‌ هه‌رێم و خودی كوردی ناوچه‌ جێناكۆكه‌كانیش له‌ كه‌ركوك و شه‌نگال و خانه‌قین پارێزراوبن.

كاریگه‌ری‌ ناكۆكییه‌كان
دوای هه‌ڵبژاردنه‌ په‌رله‌مانییه‌كه‌ی‌ عیراق له‌ مانگی 10ی‌ ساڵی پار، جووڵه‌ی‌ هێزه‌ سیاسییه‌كان ده‌ستیپێكرد، بۆ پێكهێنانی هاوپه‌یمانی و گفتوگۆكردن سه‌باره‌ت به‌ چۆنێتی ده‌نگدان له‌سه‌ر سه‌رۆكی په‌رله‌مان و سه‌رۆك كۆمار و هه‌روه‌ها سه‌رۆك وه‌زیران، به‌ڵام ئه‌وه‌ی‌ دۆخه‌كه‌ی‌ به‌ بنبه‌ست گه‌یاند، ناكۆكی ناو ماڵه‌ سیاسییه‌كان بوو، (ماڵی كورد) و (ماڵی شیعه‌)، ماڵی سوننه‌ش به‌ رێژه‌یه‌كی‌ كه‌متر.
كه‌ بێگومان روئیای جیای هێزه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی نێو ئه‌م ماڵانه‌ش وایكرد، بنبه‌ستێكی قورس دروستبێت، كه‌ نزیكه‌ی‌ حه‌وت مانگی خایاندووه‌، ئه‌مه‌ چ جای دروستبوونی دوو به‌ره‌ی‌ به‌هێز له‌سه‌ر گۆڕه‌پانی سیاسیی عیراق، كه‌ یه‌كه‌میان هێزه‌كانی چوارچێوه‌ی‌ هه‌ماهه‌نگی  و یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان و عه‌زمی سوننه‌ و سه‌ربه‌خۆكان بوو، ئه‌وی تریش هاوپه‌یمانی سێینه‌ (سه‌درییه‌كان و پارتی و سیاده‌)بوو.
كه‌ ململانێی و ناكۆكییه‌كان له‌سه‌ر پۆستی سه‌رۆك كۆمار و هه‌روه‌ها سه‌رۆكایه‌تی‌ وه‌زیران و دیاریكردنی كوتله‌ی‌ گه‌وره‌، له‌ نێوان ئه‌م دوو به‌ره‌یه‌دا، ئه‌نجامێكی ئه‌وتۆی‌ لێنه‌كه‌وته‌وه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی دۆخه‌ سیاسییه‌كه‌ و بنبه‌ستبوونێكی قورسی دروستكرد.
ئه‌وه‌ش بێگومان وایكرد، هیچ لایه‌نێك نه‌توانێت، حكومه‌ت و كابینه‌ی‌ نوێی عیراق پێكبهێنێت، ئه‌مه‌ چ جای رێنه‌كه‌وتن له‌سه‌ر كاندیدی سه‌رۆك كۆمار، كه‌ مافی كورد و له‌نێو كوردیشدا مافی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستانه‌، هه‌رچه‌ندیش موباده‌رات خرانه‌ڕوو، بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان.

ده‌رچه‌یه‌ك له‌ناو ماڵی كورده‌وه‌
ئه‌وه‌ی‌ جێی خۆشحاڵییه‌، ئه‌و  جووڵه‌ سیاسییه‌یه‌ كه‌ به‌م دواییه‌ی‌ له‌ نێوان یه‌كێتی و پارتیدا دروستبووه‌، به‌مه‌به‌ستی هێوركردنه‌وه‌ی‌ بارودۆخی سیاسیی نێو هه‌رێم و هه‌روه‌ها چاره‌سه‌ركردنی مه‌سه‌له‌ جێناكۆكه‌كانی نێو ماڵی كورد، به‌تایبه‌ت پۆستی سه‌رۆك كۆمار، كه‌ هۆكاری سه‌ره‌كی دروستبوونی كێشه‌ بوو له‌سه‌ره‌تاوه‌ له‌نێوان ئه‌م دوو هێزه‌ له‌به‌غدا، راگرتنی هه‌ڵمه‌تی راگه‌یاندنیش له‌ نێوان هه‌ردوو حزب جۆرێك له‌هێوری دروستكرد، كه‌ ئه‌وه‌ش رێگه‌خۆشكه‌ر بوو، بۆ سه‌ردانی سه‌رۆكی سه‌رۆكی هه‌رێم بۆ سلێمانی، به‌مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی نێوان یه‌كێتی و پارتی و ماڵی كورد، به‌و هیوایه‌ی ره‌وینه‌وه‌ی‌ كێشه‌ و ململانێكان له‌كوردستان، ببێت به‌ كلیلی چارسه‌ركردنی كێشه‌كانی ناو ماڵی شیعه‌ و ئه‌و بنبه‌سته‌ سیاسییه‌ی‌ له‌عیراقدا هه‌یه‌.

بوونی كۆده‌نگی له‌ناو ماڵی كورد، له‌دوای روخانی رژێمی سه‌دام حسێن و رژێمی به‌عس و دروستبوونی عیراقی نوێ، هه‌رده‌م هۆكارێك بووه‌ بۆ پاراستنی مافه‌كانی ئه‌م گه‌له‌ له‌ عیراق

وتارەکانی نوسەر