ئەو هەڵانەی دیکتاتۆرەکان، بەرەو هەڵدێر دەبات

09:36 - 2024-08-04
ئازاد جۆڵا
199 خوێندراوەتەوە

 34 ساڵ تێپەڕی بەسەر داگیرکردنی کوێتدا لەلایەن سوپای عیراقەوە بە بڕیاری سەدام، ئەم بڕیارە وەک پرۆسە سەربازییەکە زۆر بەخێرایی جێبەجێ کرا و ئامانجی پێکا. 
لەڕووی سەربازییەوە سەرکەوتوو بوو، زیاتریش هۆکاری سەرکەوتن و خێرایی پرۆسەکە، بەرگرینەکردن بوو لەلایەن سوپای کوێتەوە کە بێ هیچ گرفتێک لەماوەیەکی کورتی دیاریکراودا، تەواوی وڵاتەکەی داگیرکرد و کردی بە 19یەمین پارێزگای عیراق. ئەمە لەگەڵ ئەوەی بە درێژایی مێژووی دروستبوونی عیراق، هیچکات وڵاتێکی ئارام و بێ کێشە نەبووە، چونکە هەر خۆی دروستکردنی دەوڵەتێکی داتاشراوی لەمجۆرە و لە ئەنجامی پاشماوەی جەنگ و بەهۆی دابەشکاریی دەستکەوتی جەنگ و میرات دامەزراوە، بێگومان ئەم حاڵەتەش نیشتمانێکی سروشتی و نەخشەیەکی سیاسی و وڵاتێکی ئارامی لێناکەوێتەوە. 
سەرەتای کۆتایی حوکمی رەشی سەدامی دیکتاتۆر و بەعسییەکان لە رۆژی 2/8/1990 دەستیپێکرد کە یەکەم هێرشی ئاسمانی و زەمینی بۆ سەر کوێت بوو و لە ماوەیەکی کەمدا تەواوی کوێتی داگیرکرد. 

 

هەوڵی زۆر درا لەگەڵ سەدام تا پاشەکەشە بکات لە کوێت و داوای لێبوردن بکات، بەڵام لەخۆبایی بوون و تاکڕەوی، خستییە هەڵەی گەورەوە و لاوازی کرد و بەرەو هەڵدێری برد

 

هەوڵی زۆر لەگەڵ سەدامدا درا تا سوپاکەی  لە کوێت بکشێنێتەوە و داوای لێبوردن بکات، بەڵام لەخۆباییبوون و تاکڕەوی خستییە هەڵەی گەورەوە و لاوازی کرد و بەرەو هەڵدێری برد. 
سەرەنجام هاوپەیمانییەکی جیهانی لە 32 دەوڵەت بە سەرۆکایەتی ئەمریکا پێکهات و دوا مۆڵەت بۆ رازیبوونی سەدام و کشانەوەی هێزەکانی بەبێ مەرج لە کوێت رۆژی 15/1/1991 بوو، بەڵام ئەو دوائاگادارکردنەوەیەش بێسوود بوو. لە بەرەبەیانی 17/1/1991 یەکەم قۆناغی رزگارکردنی کوێت دەستیپێکرد و لە ماوەیەکی زۆر کەمدا سەرجەم سوپا برسی و ماندووەکەی عیراق یان کوژران یاخود رایانکرد یان خۆیان تەسلیمی هاوپەیمانان کرد، دواتریش لەژێر خێوەتێکدا لە سەفوانی سەر سنوور، سەدام لەڕێی جەنەراڵەکانییەوە تەسلیمبوون و دۆڕانی خۆی راگەیاند و شەڕ کۆتایی هات.
 ناڕەزایی و جموجۆڵی عیراقییەکان بەتایبەتی شیعە و کورد، گەیشتبووە لووتکە، بۆیە زۆری نەخایاند لە باشووری عیراق و لە کوردستانیش راپەڕینی ئازاری 1991 دەستیپێکرد و بەشی هەرە زۆری خاکی باشووری کوردستان رزگارکرا، بەڵام دواتر بەرژەوەندیی ئەمریکا و گوشاری وڵاتانی عەرەبی و ناوچەکە، وایانکرد راپەڕینەکە لە کوردستان و لە باشووری عیراقیش دابمرکێنرێتەوە و تەواوی باشووری عیراق و زۆربەی هەرە زۆری ناوچەکانی کوردستانیش داگیربکاتەوە.
هەر بەهۆی لێکەوتەکانی دواتری ئەو هەڵە سیاسی و سەربازییەوە، دواجار دوای 12 ساڵ، سەرەنجام دەسەڵاتی سەدام و بەعسییەکان لە 2003دا بە یەکجاری کۆتاییهات.

وتارەکانی نوسەر