دانوستاندنی سیاسی لە هەرێم

کێشەکان لەگەڵ بەغدا یەکلایی دەکاتەوە؟

11:16 - 2022-05-24
هیوا محەمەد
301 خوێندراوەتەوە

جێگەی خۆشحاڵییە کە هەردوو حزبی سەرەکی هەرێمی کوردستان، یەکێتی و پارتی، هاوشان لەگەڵ حزبە سیاسییەکانی دیکە لەوانەی بەڕاستی دەیانەوێت خزمەت بە خەڵک بکەن، بگەنە رێگە چارەیەک بۆ چارەسەری کێشەکانی نێوانیان و زاڵ بوون و تێپەڕاندنی ئەو قەیرانانەی روویان لەم هەرێمە کردووە و ژیانی خەڵکی بە ئاراستەی خراپ گۆڕیوە.
زۆرمان داواکردووە یەکڕیزیی بپارێزن، بەڵام کە بە گوێمان نەکراوە و لەبری ئەمە دۆخەکە بەرەو خراپتر رۆیشتووە، تووشی بێزاریی بووین و وتوومانە هەرکەس بە رێی خۆی.
کێشەی نێو ماڵی کورد شتێکە و هی هەموانیش لەگەڵ بەغدا شتێکی دیکەیە. 
یەکێتی و پارتی وەک دوو حزبی سەرەکی لە یەکتر جیاوازن، ئەگەرچی یەک ئامانجیان هەیە ، بەڵام شێوازی خەبات و هەڕەمی حزبیی و بەڕێوەبردنی رێکخستنەکان وەک یەک نین.
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان، لە سەرەتادا سیاسییەکان و دامەزرێنەرانی هەردوو لا لەیەک حزبدا بوون و هەموان دروشمیان کوردایەتی بووە، بەڵام شێوازی خەبات بۆ بەدەستهێنانی دروشمەکان وایکردووە لێکترازاون و زیاتر لە 45 ساڵە بە دوو ئاراستەی جیاوازن.
بە سوود وەرگرتن لە رابردوو دەتوانین بڵێین بە دەگمەن هەڵکەوتووە هێز و لایەنە کوردییەکان یەک ریز بووبن، بێگومان ئەمەش هۆکاریی سەرەکیی نەگەیشتنمانە بە هەموو خواستەکانمان، بۆیە دەبێت بیر لەوە بکەینەوە لە کوێدا یەکڕیزییمان پێویستە و ئەگەر نەبوو چی دەبێتە جێگرەوەی.
لەگەڵ بەغدا لە دانوستانداین، کێشەی سەرەکیمان هەیە، کەوابوو دەکرێت یەکڕیز و یەکگرتوو نەبین، بەڵام یەک هەڵوێست بین چونکە هەموان هەمان کێشەمان لەگەڵیان هەیە، یەکهەڵوێستیی پێویستی بە یەکڕیزیی نییە، چونکە هەڵوێست شتێکی کاتییە و بەرامبەر رووداوێک یان پڕۆسەیەک دەگیرێتە بەر، تەنها بە لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندی خەڵک بە گشتی.
تێکچوونی پەیوەندیی نێوان ئەم دوو حزبە، کاریگەریی خراپی دەبێت بۆ سەر هەرێم و خەڵکەکەی، سەرەڕای ئەوەی پێگەی هەرێم لای بەغدا و دەرەوەش لاواز دەکات، ئەگەر بکرێت یەکێتی و پارتی هەردوو پێکەوە بگەڕێنەوە بۆ تەوافوق و پێکەوە لە پێشبڕکێی فراوانکردنی خزمەتگوازاریی و نەهێشتنی قەیرانەکاندا بن لە هەرێم، ئەوا هیچ لەمە باشتر نابێت و دەکرێت هەرچی زووتر هەنگاوی بۆ بنێن، بەڵام ئەگەر ئەوە نەکرێت ئەوا دەبێت رێگەی دیکە بگیرێتە بەر کە لای هەموان ئاشکرایە چۆنی لێدێت. ئەم بژاردەیەش بۆ ئەوەیە خەڵکی ئەم بەشەی هەرێم لەو قەیرانانە رزگار بکرێت.

 ژنانی کورد پشتگیری سەرکەوتنەکان دەکەن

 لێرە دەبێت هەردوولا ئەگەر بیانەوێت لە یەک نزیک ببنەوە، ئاسانکاریی بکەن بۆ گەیشتن بە پاکیجێک، بۆ نموونە ئەو خاڵانە بخەنە بەرباس کە دەکرێت قسەی لەسەر بکرێت یان ئاسان مامەڵەی لەگەڵ بکرێت، پۆستەکان لە هەرێم و بەغدا چۆن دابەش بکرێت؟ ئەمە ئاسانە، بدە و وەرگرە بە هاوسەنگیی، چۆنێتی فرۆشتنی نەوت و غاز، ئەگەر موڵکی میللەتە فەرموون بە ئەمانەتەوە چ رێگەیەک باشە بۆ فرۆشتنی با ئەوە بگرینە بەر، بەغدا لە رێگەی دادگای فیدڕاڵییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم کەیسە دەکات، ئەگەر ئەوە راستە با ئێمەش بە پێی دەستوور و یاسا مامەڵەی هاوشێوەیان لەگەڵ بکەین.
بۆ هەرێم ئەوە گرنگە چۆن بتوانێت ئیدارەی خەڵکەکەی بدات و لە ناو چوارچێوەی عیراقدا خۆی بسەپێنێت و ئایندەیەکی باشی درێژ بۆ نەوەکان دابین بکات، ئەوە گرنگ نییە کە خۆمان سەربەخۆ نەوت و غاز بفرۆشین یان نا، چونکە ئەگەر لە رووی سیاسییەوە لەگەڵ بەغدا رێکنەکەوین ئەوا دەکرێت ئەوان هێز بەکار بهێنن بۆ چەسپاندنی ئەوەی دەیانەوێت بە یاسایی بیکەن، ئەوکات ئەمەشمان لێدەستێنن وەک ئەوەی لە کەرکوک کرا.
دەیان ساڵە باس لە یەکخستنی هێزی پێشمەرگە دەکرێت، ئەمە ئەستەمە، چونکە لە ژوورێکدا ناکرێت 10 پاسەوان هەبێت و دوو ئاراستەی بیرکردنەوەی جیاوازیان هەبێت کە هەندێک جار دەچێتە قۆناغی دژایەتی کردنی یەکترەوە، بەڵام دەکرێت بۆ داکۆکی لە هەرێم و خەڵکەکەی یەک هەڵوێست بن، کەوابوو با خاڵی یەکخستنی هێزی پێشمەرگە جارێ دوا بخرێت، چونکە کاتی زۆری دەوێت و رێگر دەبێت لە گەیشتن بە رێکەوتن لەسەر خاڵە گرنگە گشتگیرییەکانی دیکە کە پەیوەندییان بە خۆشگوزەرانیی خەڵکەوە هەیە.
هەموان دەزانین ئەم دوو حزبە لەیەک نەچوون و ناچن، بەڵام لەپێناوی بەرژەوەندیی خەڵک دەکرێت ئاسانکاریی بکەن بۆ دروستبوونی یەک هەڵوێستیی لەبەرامبەر پێشهاتە گرنگەکاندا، بەتایبەت ئەوانەی پەیوەندییان بە دەرەوەی پەیوەندییەکانی نێوان هەر دوو حزبەوە هەیە.
خۆ لە قۆناغی وادا هەبووە کە نێوانیان ئاسایی بووە و کێشەی گەورە نەبووە بەڵام هێشتا نەیانتوانیوە هەڵوێستەکانیان وەک کارتێکی کاریگەر لە رووی بەغدا بەکار بهێنن چونکە بەغدا نەیویستووە، خۆ بۆ ریفراندۆم هەموو حزبەکان یەکڕیز بوون و دەنگی بەڵێیان پێدا، بەڵام لەسەر داوای عیراق ئابڵووقە دراین تا کەوتینە ساردکردنەوەیان. 
نێوانی حزبە کوردستانییەکانی هەرێم ئەگەر باشیش نەبێت، خراپ نەبێت چاکە، واتا هەمیشە دەرگاکان کراوە بن بۆ دروستکردنی یەک هەڵوێستی.

وتارەکانی نوسەر