نە تۆڵەیان کرایەوە، نە کەس سەری خۆی لەسەر دانا..

11:15 - 2024-08-05
هیوا محەمەد
356 خوێندراوەتەوە

هیوا محەمەد

 

بە بەرچاوی هەموو میدیاکارانەوە، پۆل پۆل ئەو پێشمەرگە و چەکدارانەی کە شەنگالیان ئیدارە دەدا و دەیانپاراست، لەکاتی هاتنی داعشییەکان، هەڵاتن و بە ئۆتۆمبیلەکانیان ناوچەکەیان بەرەو قوڵایی دهۆک و دەوروبەری جێدەهێشت، بێگومان ئەمەش بە فەرمانی فەرماندەی یەکەمی ئەو هێزانە کراوە، دەنا فەرماندەیەکی مەیدانی ناتوانێت بڕیاری لەو چەشنە بدات و کەسیشی لەسەر سزا نەدراوە تا بڵێین هەڵەیەکی تاکتیکیی سەربازی بووە، ئەمە لە کاتێکدا یەکێک لە فەرماندەکان وتبووی ئەوانە هەموویان سەر بە پەکەکەن ئیتر بۆچی خۆمانیان لەسەر بە کوشت بدەین؟.
نەتەوەی کورد لە ماوەی زیاتر لە 60 ساڵی رابردوودا، لەم بەشەی کوردستان تووشی دەیان نەهامەتی بووە، دیارە دەبێت ئەمەش بگەڕێتەوە بۆ ئەو سیاسییە نابەرپرسانەی کە لەسەرەتاوە جڵەوی شۆڕش و خەباتیان بەدەست بووە و بە هەڵە هەنگاویان ناوە. 
کارەساتی شەنگالیش یەکێک لەو رووداوانەیە کە سەرکردایەتی دەسەڵاتداری ئەو ناوچەیە کە پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەستۆی گرتبوو، بە هەڵەیەکی کوشندە رێڕەوی رووداوەکەیان بەجۆرێک برد کە بە سوودی تیرۆریستان شکایەوە و زیانی گەورەی تا جینۆسایدکردن، بە ئێزدییەکان گەیاند، بەجۆرێک مەگەر پرۆسەی ئەنفال هاوشێوەی ئەمە بووبێت.
زیانەکان زۆر بوون، ئەوەی کە جێگەی داخ بوو بردنی سەدان کچ و ژنی ئەوان بوو بۆ ناو قووڵایی سوریا و ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی داعش و سووکایەتی پێکردنیان و ئازار و ئەشکەنجەدانیان بۆ ملکەچکردنیان بۆ داخوازییەکانیان. 
رەنگە ئەمە ئاسەواری لەسەر ئەو سەدان کەسە بەدرێژایی تەمەنیان بهێڵێتەوە.
جێی سەرسوڕمان نییە کە بەڵێنی سەرکردە سیاسییەکانی ئەو دەڤەرە نەهاتەدی لەکاتی رووداوەکەدا، لەوەی لە دووەمین رۆژدا وتیان یان سەری خۆمان دادەنێین یان تۆڵەیان دەستێنین. 
ئەمڕۆ 10 ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر ئەو کارەساتە و قوربانییەکانی شەنگالدا، نە کەسیش سەری خۆی لە پێناویان داناو نە هەموویان گەڕانەوە سەر زێدی خۆیان، بەوەشەوە نەوەستاون، ئارامیی و ژیانیشیان لە شەنگال و دەوروبەری قورس بووە بەهۆی ئەو کێشە ئەمنییانەی کە لەسەریان دروست بووە.
خەڵکی کورد دەبێت دوو رووداوی لەم چەشنە بکەنە سەنگی مەحەک بۆ هەڵسەنگاندنی سەرکردەیەکی سیاسی، دەبێت لە کاتی هەڵبژاردندا دەنگی پێنەدەن  دەنا لە قۆناغێکی تردا و لە رووداوێکی تردا هەمان هەڵەدەکاتەوە و دواتریش وەک تیمساحەکە بۆی دەگری و بەڵێنی هاوسۆزی پێدەدات.
هەرچی بکەن بۆ ئەو کارەساتەی بەسەر ئێزدییەکاندا هات، ناتوانن جەرگی سووتاوی هیچ کام لەو کەسانە تیمار بکەن کە کەسەکانیان لەدەست داوە، ناتوانن هزری ئەوانە پاک بکەنەوە و ئەو دیمەنە دڕندانەی پیاوەکانی داعشیان لەبەرچاو بسڕنەوە، ئەمە سەرەڕای ئەوەی خۆیان بێبەڵێن و نابەرپرس دەرچوون و ئەمڕۆش لەم یادکردنەوەیەدا خۆیان وەک سووری بەر لەشکر دەناسێنن و دەڵێن ئێمە بووین  داکۆکیکاری ئێزدییەکان.
ئەو جۆرە سەرکردە سیاسییانە، لەوانەن کە تەڕ نابن و بەردەوامن لە بەڵێندانی بێ بنەما و بێکردە، ئیتر کاتی ئەوەیە کە ئەم کارەساتە و دەیان هەڵەی سیاسیی دیکە کە بۆ مەبەستی پاراستنی پێگەی حزبی کراوە، وەک کارتی سڕینەوەی رۆڵی سیاسییانە یان کەمکردنەوە و لێسەندنەوەی دەسەڵات لێیان بەکار بهێندرێت و خەڵک رەش و سپی جیابکاتەوە.

وتارەکانی نوسەر