یاداشته‌كانی شۆفێرێك

مەكینەی توربۆ و كێشەكانی

08:55 - 2022-05-25
وتار
378 خوێندراوەتەوە

دیاری حه‌مه‌ سه‌عید

لە ژێر گوشاری رێكخراوەكانی ژینگە و حكومەتەكان و بۆ كەمكردنەوەی دەردانی گازە زیانبەخشەكان، رۆژبەڕۆژ كۆمپانیاكانی دروستكردنی ئۆتۆمبیل كار لەسەر بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبیل و مەكینەی دۆستی ژینگە دەكەن.
مەبەست لە چەمكی دۆستی ژینگەش لە بواری دروستكردنی ئۆتۆمبیلدا، كەمتر بەكارهێنانی سووتەمەنی و كەمكردنەوەی دەردانی دەردراوە زیانبەخشەكانە، تەنانەت بەكارهێنانەوەی كەلوپەل و بەشی لەكاركەوتووی ئۆتۆمبیلە كۆنەكانیش دەگرێتەوە. هەروەك بەشێكیشی گرنگیدانە بەمەكینە و گێڕ كە بگونجێت لەگەڵ پێشكەوتنەكی سەردەمدا.
یەكێك لەو مەكینانەی ئۆتۆمبیل كە زۆرجار باس دەكرێت و وەك دۆستی ژینگە لە قەڵەم دەدرێت، مەكینەی توربۆیە كە هاوشانە لەگەڵ ئۆتۆمبیلی كارەبایی، ئۆتۆمبیلی هایبێرد و هایدرۆجین و وزەی نوێبووەوە. توربۆ لەوانی تر سەركەوتوو تر و بەربڵاوترە چونكە نرخی هەرزانترە. چاكردنەوە و گۆڕینشی بەراورد بە ئۆتۆمبیلی كارەبایی و هایبێرد ئاسانترە.
بنچینەی كاركردنی توربۆ بریتییە لە پەستاندنی هەوا و زیادكردنی بڕی ئەو هەوایەی دەچێتە ژووری سووتاندنی ناو مەكینەكان، لە ئەنجامدا مەكینە هێزێكی زیاتر بەرهەم دەهێنێت بەسووتاندنی سووتەمەنییەكی كەمتر، ئەوەش مەسەلەیەكی زانستییە و رەنگە لێرەدا بواری روونكردنەوەی زیاتر نەبێت.
ئەم تەكنۆلۆژیایە دێرینە و بۆ دەیەكانی پێش كۆتایی سەدەی رابردوو دەگەڕێتەوە. ئەوكات مەبەست كەم سووتاندنی سووتەمەنی نەبوو بەڵكو بۆ زیادكردنی هێز و ژمارەی توانای ئەسپی ئۆتۆمبیلەكان بوو، بەڵام چەند ساڵێكە كۆمپانیاكانی دروستكردنی ئۆتۆمبیل لە مەكینەكانی ئۆتۆمبیل ساڵۆن و ئەوانی تریشدا بەكاریدەهێنن.
ئەگەر سەرنج بدەین، ئۆتۆمبیلی كۆمپانیا چینییەكان زۆربەیان توربۆن. وردەوردەش كۆمپانیاكانی تر هەمان رێگە دەگرنەبەر و خەریكە دەبێتە جۆرێكی باو و بەربڵاو. تا ئەم ساتەش، خەڵك و شۆفێرانی كوردستان بەگومانەوە تەماشای مەكینەی توربۆ دەكەن.
بەشێكی گومان و نیگەرانییەكان لە مەكینەی توربۆ دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی شارەزایی و تازەیی بابەتەكە، بەشێكی تریشی دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی وەستا و پسپۆڕی چاكردنەوە و بەرزیی نرخی گۆڕینی مەكینە و توربۆكە. 
بێگومان بەشی سەرەكی نیگەرانی لەسەر ئاستی جیهان لە بارەی مەكینەی توربۆ دەگەڕێتەوە بۆ كەمیی تەمەنی گریمانەیی مەكینەكە. واتە ئەو مەكینەیە بەراورد بەمەكینەی ئاسایی، تەمەنی كەمترە، كاركردن لە پلەیەكی گەرمیی بەرزتردا تەمەنی مەكینە و خودی توربۆكە كورت دەكاتەوە، واتە زووتر پێویستی بەچاكردنەوە و گۆڕین دەبێت.
بەڵام دەكرێت هۆشیاریی خەڵك و شۆفێران لەبارەی مەكینەی توربۆ زیاتر بكرێت. رابهێنرێت لەسەر بەكارهێنانی و رێگرتن لە خراپبوون و راهێنانی فیتەر و وەستاكان لەسەر چاكردنەوەی بەنرخێكی هەرزان. 
گرنگترین ئەو خاڵانەی پێویستە خاوەن و شۆفێرانی ئۆتۆمبیلی توربۆ رەچاوی بكەن بریتییە لە ئاگاداربوون لە بڕی رۆنی ناو مەكینە و جۆری رۆنەكە، ئایا گونجاوە بۆ مەكینەی توربۆ؟ هەروەك پێویستە چاودێریی كارایی (ئۆیل پەمپ)ی ناو مەكینە بكرێت. زوو زوو چێكی فلتەری هەوا و سیستمی ساردكرنەوەی ئۆتۆمبیل و كارایی پانكە و بازنەی ساردكرنەوەی بكرێت، لە هەمووشی گرنگتر ئەوەیە تا مەكینە نەگاتە پلەی گەرمی گونجاو گوشاری لێنەكرێت بۆ زیادكردنی خێرایی.

وتارەکانی نوسەر