هەوڵێکی شکستخواردووە..!

11:07 - 2024-08-07
هیوا محەمەد
329 خوێندراوەتەوە

هەروا بووە، هەرکات بیانەوێت پرۆسەیەک کە خۆیان تێیدا بەشدار نین یان پشکی زۆریان تێیدا نییە، هەوڵی تێکدانیان داوە و شێواندویانە.
لە منداڵی کاتێک کایەمان دەکرد، (هەڵماتێن) یان (پێنج بەردێنە) و یارییەکانی تر، دەستەی دۆڕاو کە دەگەیشتنە کۆتایی، بۆ ئەوەی دان بە ئەنجامی یارییەکەدا نەنێن، تێکیان دەدایەوە و دەیان کردە تەپ و تۆز.

ی.ن.ک بەپێی ژمارەی کورسییە بەدەستهاتووەکانی مافی قسەی یەکەمی هەیە، نەک مەرجی لایەنێکی تر بە دوو کورسییەوە بەسەریدا بسەپێندرێت

بۆ سبەینێش هەمان دەستە دەهاتنەوە و دەکەوتنەوە یاریکردن هەر وەک نەبایان دیبێت و نە بۆران.
ئێمە بەخۆشحاڵییەوە هاوشێوەی کۆمەڵگەکانی دیکەی جیهان حزبمان زۆرە بۆ سیاسەتکردن و ململانێ بۆ گرتنە دەستی حکومڕانی و دەسەڵات، بەڵام ئەوەی کە بەوانمان ناشوبهێنێ، ململانێکان شەرعی و یاسایی نین و لە چوارچێوەی دیموکراسیدا نین، بەڵکو پاشقولگرتن و پەنابردنە بەر هێزە بۆ یەکلاییکردنەوەی ململانێکان، هەندێک جاریش وابووە کە پەنا براوە بۆ دوژمنە دێرین و سەرەکییەکە بۆ بەزاندنی بەرامبەر، وەک ئەوەی لە 1996 لە 31 ی ئابدا روویدا.
هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگا لە کەرکوک بەڕێوەچوو، بە فیتی ئیقلیمی رێگریکرا لە دروستبوونی هاوپەیمانییەک لە نێوان حزبە کوردییەکاندا، تەنها یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و حزبی شیوعی کوردستان نەبێت کە پێکەوە چوونە هەڵبژاردنەوە.
ی.ن.ک زۆری هەوڵدا کە بە لیستێک وەک کورد بەشدار بن، بەتایبەتی لەگەڵ پ.د.ک، بەڵام ئەوان لایەنی سەرەکی جێبەجێکاری ئەو نەخشە دەرەکییە بوون و هەر لەسەرەتاوە کەوتنە دروستکردنی لەمپەر لەبەردەم ئەو یەک لیستییە. ی.ن.ک دەیزانی کە رێژەی جەماوەر و دەنگدەرانی چەندە، بۆیە بە لەخۆڕابینییەوە چووە هەڵبژاردنەوە و براوەی یەکەمی کورسییەکان بوو کە بەتەنها خۆی پێنج 
کورسیی هێنا.
ئەگەر پ.د.ک لە خوار پێنجەوە واتا چوار کورسی بهێنایە، ئەوە هێشتا دەمان وت پێگەی ئەوانیش باشە و نزیکە لە ی.ن.ک وە، بەڵام ژمارەکە بە رێژە دەڵێت ی.ن.ک دوو هێندە و نیوی پ.د.ک دەنگی هێناوە، بەوەش دەتوانێت نوێنەرایەتی خەڵکی کەرکوک بکات وەک حزبێکی کوردی، ئیتر هەر لایەنێکی تر لەرێگەی دروستکردنی هاوپەیمانییەکی ناپاکی دوژمناکارانەی پڕ لە پرسیار لەگەڵ نەیارە سەرەکییەکە دروستبکات و بیەوێت پارێزگار دیاریبکات بەبێ بەشداریی یەکێتی، ئەوا سەرکەوتوو نابێت، چونکە ئەو جەماوەر و دەنگدەرەی ی.ن.ک نابنە هاوکار و پاڵپشتی ئەو پێکهاتەی حکومەتە خۆجێیە و ناهێڵن لێی بحەسێنەوە.
هەر ئەمەش وا لە سەرۆک وەزیران محەمەد شیاع سودانی دەکات بە وردییەوە سەرپەرشتی دۆخەکە بکات، چونکە راستییەکەی دەزانێت و پێشی وایە کە دەبێت پشکی پارێزگار لای ی.ن.ک بێت.
ی.ن.ک بەپێی ژمارەی کورسییە بەدەستهاتووەکانی مافی قسەی یەکەمی هەیە، نەک مەرجی لایەنێکی تر بە دوو کورسییەوە بەسەریدا بسەپێندرێت، جا ئیتر دەبێت خۆیان لە سیاسەتدا زیرەک بن و خۆیان تەریق نەکەنەوە لەوەی کە مەرجەکەیان رەتدەکرێتەوە، با بایی ئەو دەیان ساڵ تەمەنی حزبییە بەردێک هەڵنەگرن کە نەتوانن بیهاوێژن.
ئەمریکا و هاوپەیمانانی 20 ساڵ لە ئەفغانستان مانەوە و لەژێر چەپۆکی ئەواندا حکومڕانیی ئەو وڵاتە دەکرا، بەڵام دواجار جێیانهێشت، چونکە حکومڕانیی بەزۆر ناکرێت، هەرچی تورکیاشە تا ماوەیەک دەتوانێت هاوکار و پشتگیری پ.د.ک و براکانیان لە تورکمان بێت، ئەو رۆژەی پشتیان تێدەکات و بێکەس دەمێننەوە، خەڵکی کەرکوک و کوردستان لێیان خۆش نابن.

پاراستنی ناسنامەی کەرکوک بە هاوپەیمانیی لیستە کوردییە براوەکان دەبێت

وتارەکانی نوسەر