ستونی کراوە

سلێمانی نابێ ئارام بێ

10:23 - 2024-08-14
ماردین عه‌بدولكه‌ریم
143 خوێندراوەتەوە

ماردین عەبدولكەریم 

 

دەڵێن سلێمانی ئارامی و ئاسایشی تیادا نەماوە، بەشی یەكەمی ئەم دەستەواژەیە دروستە و سلێمانی هەرگیز ئارام نەبووە و ئارامیش نابێ، بەڵام بەشی دووەمی دەستەواژەكە نادروستە و بگرە لە سایەی ئاسایشی سلێمانیدایە، ئەم شارە هەرگیز ناتوانێ ئارام و كپ و بێدەنگ بێ.
گەر سلێمانی ئارام و بێدەنگ بووایە، ئەوا بەردەركی سەرا نەدەبووە سومبولی، گەر سلێمانی ئارام بووایە ئەوا نە حكومەتی شێخ مەحمودو نە حكومەتی هەرێمی كوردستان بونیان نەدەبوو. سلێمانی ناتوانێ ئارام بێ، بەڵام لە سایەی ئازادی و ئاسایشی شەقامەكانیدا، ڕۆژێ مامۆستا و خوێندكار و ڕۆژێ پزیشك و كاسبكار ماندەگرن و لە ڕێی ناڕەزایی و خۆپیشاندانەوە داوای مافی خۆیان و دهۆك و هەولێری دەستە خوشكەكانیشیان دەكەن تا ئەو ئاستەی كۆتاییان بە لێبڕین و پاشەكەوتی مووچە هێنا.
ئەرێ لە ئێوە دەپرسم پایتەختی ڕۆشنبیری دەبێ ئارام بێ؟ شاری داهێنەری ئەدەب دەبێ ئارام بی؟ كە رۆژی نییە لە گەلەر و  رێكخراوو هۆڵی ئۆتێلەكانیدا، كۆر و كۆبوونەوە و سیمیناری زانستی و ڕۆشنبیری و ئەدەبی ساز نەكرێ، بەڵام گەر دەتانەوێ باشتر ئاسایشی شارە حەیاتەكە ببینن وەرن و هەینییەك بەم شارەدا گوزەر بكەن و بزانن چۆن ئەم هەموو دەنگ و ڕەنگە جیاوازە هەمووان هەر یەك بە جۆرێ پیادەی باوەڕەكانیان دەكەن، وەرن مزگەوتی بەهەشت و مزگەوتەكانی تریش ببینن، كە ئاپۆرای دینداری چۆن ڕێچكەی بەستووە، لە ئێوارەی هەمان ڕۆژیشدا لایف میوزیكەكانیش ببینن، كە چۆن سەدان كەس لە خەڵوەتگەیدا خۆیان سڕكردووە، سەهۆڵەكە و سەرچناریش شوێنگەی گەنجانەو سەریان بەیەكدا كردووە، لە وێدا دەیان بیرۆكە و باوەڕ و نەتەوەی جیاواز بەناویدا چوون و هەر گرووپە و بە جۆرێ باس لە خۆشی و ناخۆشی و نەهامەتییەكان دەكەن.
لەهەورامان و دوكانیش لەم هاوینە هەڵقرچاوەدا خێزانەكان بۆ بەسەربردنی كات چێژ لە دووكەڵی مقەڵییەكانیان وەردەگرن و هەرییەك بە جۆرێ تابلۆی ڕەنگا و ڕەنگیان نەخشاندووە. 
سلێمانی ناتوانێ ئارام بێ، وەرن لە سایەی ئاسایشی ئەم شارەدا ببینن، كە هێشتا تروسكای بانگەشەی هەڵبژاردن  دەرنەكەوتووە، بەڵام نەیاران بە دەنگێكی زڕاو بەوپەڕی ئازادییەوە بەرانبەر ئەزمەڕ دەخوێنن، كە بانگەشەی ڕاستەقینەی هەڵبژاردنیش دەركەوت، ئەوا دیسان لە سایەی ئاسایشی سلێمانیدا شار دەبێتە پەلكەزێڕینەو شین و قاوەی و پرتەقاڵی و كەم كەمێكیش زەرد و سەوزیش هەمووان دادەپۆشێ، بوونی ئەم فەزای ئازادی و ئاسایشە وایكردووە سلێمانی شاری دەنگ و ڕەنگ و باوەڕە جیاوازەكان بێت، لە بوونی ئەم هەموو جیاوازییەشدا جارجار بەركەوتن دەبێ، بەڵام ئەم جار جارە بەركەوتنە هەزار جار باشترە لەوەی دەنگە ئازادەكان زیندانی بكرێن بۆ ئەوەی شار كپ و ئارام بێ و كەسی سرتەی لێوەنەیەت.

وتارەکانی نوسەر