72
زڕگوێز له‌بناری شاخی گڵه‌زه‌رده‌دا هه‌ڵكه‌وتووه، دوو گوند به‌م ناوه هه‌یه: زڕگوێز و زڕگوێزه‌ڵه. دراوسێی: سه‌دوبیست، سه‌ماوات، به‌رده‌كه‌ڕ، كانیشاسوار، دێی ئه‌لی. سه‌ربه ناحیه‌ی عه‌ربه‌ته، كه‌رتی27 كشتوكاڵییە، 6626 دۆنم زه‌وی دێم و 600 دۆنم به‌راویشی هه‌یه. له سنووری هه‌ڵه‌بجه‌ش كانی زڕگوێز هه‌یه. ده‌وترێ پێش ساڵی 1896 له‌سنجاقی سلێمانی ناحیه بووه، هه‌ر له‌وساڵه‌شدا هه‌ڵوه‌شێنراوه‌ته‌وه.
ده‌ڵێن ناوه‌كه‌ی له زڕه‌گوێزه‌وه هاتووه‌و بووه‌ته زڕگوێز، بۆچوونێكیش هه‌یه كاكڵه گوێزی دارگوێزه‌كانی سپی و جوانبوون وه‌كو زێڕ پێیوتراوه زێڕه‌گوێز، سووككراوه‌ته‌وه بۆ زڕگوێز. خاوه‌نی زه‌وی و ئاوێكی زۆره، 20 كانی و كارێزی هه‌بووه، شوێنه‌واری 16 ئاشی ئاوی تیایه، چواریان به‌رده‌وام تا حه‌فتاكان كاریانكردووه.
پێش ئه‌نفال 100 ماڵ بووه، پیاوی قسه‌خۆش، شاعیر، نووسه‌ر، ده‌نگخۆشی تێداهه‌ڵكه‌وتووه، بایه‌خیان به زانست و هونه‌ر داوه، بۆ كات به‌سه‌ربردن یارییه فۆلكلۆرییه جۆراوجۆره‌كانیان كردووه. له‌كۆنه‌وه مزگه‌وت، حوجره و مه‌لای ناوداری هه‌بووه، مامۆستا ئایشه‌خانی شێخ مارفی نۆدێ وانه‌ی تێداوتووه‌ته‌وه، سه‌ره‌تای په‌نجاكان خه‌سته‌خانه و خوێندنگای بۆ دروستكراوه، كچانیش خوێندوویانه، فه‌رمانگه‌ی هه‌ره‌وه‌زی كشتوكاڵ، پڕۆژەی به‌خێوكردنی مه‌ڕو ناوه‌ندی چنین، چه‌ندین كێڵگه‌ی په‌له‌وه‌ریی تیابووه و ئێستاش تێیدایه، ساڵی1930-1980 تووتنی تێداكراوه، ساڵی1977 وێستگه‌ی تووتنی تێدا دانراوە.
ژن و پیاوی شاره‌زای گیا سروشتییه‌كانی تێدا بووه، چاره‌سه‌ری نه‌خۆشیی خه‌ڵكییان كردووه، ژنانی ده‌ستڕه‌نگینیش فه‌رش و به‌ڕه‌یان دروستكردووه. ساڵی 1958 - 1973بنكه‌ی پۆلیس، 1976 كاره‌با و 1971 ئاشه مه‌كینه و 1968 تراكتۆری تێهێنراوه، 1969 كه‌مپاینیان كڕیوه.
لەسه‌فه‌ربه‌رلك خه‌ڵكیان به‌شداربووه و هه‌ندێكیشیان نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه، ساڵی 1922 فڕۆكه‌كانی ئینگلیز بۆردومانیكردووه، خه‌ڵكیشیان شه‌هیدو برینداربوون، هه‌مانساڵ زه‌فتییه بۆسه‌ی بۆ چه‌ند پیاوێكی گوندە‌كه داناوه ته‌قه له پیاوێك ده‌كه‌ن و شه‌هیدی ده‌كه‌ن.
له سه‌رده‌می شێخ مه‌حموددا بۆمبارانكراوه، دوو شه‌هیدی هه‌یه، ئه‌حمه‌د ئاغای زڕگوێز به‌شداریی شه‌ڕە‌كانی شێخ مه‌حمودی كردووه، عادیله خانمی جاف هاتوچۆی ماڵه خاڵوانی له زڕگوێزی كردووە.
له 1962 زه‌عیم سدیق دوای رووداوه‌كه‌ی گوندی سیاره، به‌سه‌ر زڕگوێزیدا داوه، چه‌ند هاووڵاتییه‌كی شه‌هیدو برینداركردووه، 36 كه‌سیشی ره‌وانه‌ی نوگره‌سه‌لمان كردووە.
لە شۆڕشی ئه‌یلول رێكخستن و پێشمه‌رگه‌یان هه‌بووه، ساڵی 1962 ره‌وانشاد مام جه‌لال له ده‌ربه‌ندی زڕگوێز بنكه‌ی داناوه، ساڵانی 65-66 باره‌گای باڵی مه‌كته‌بی سیاسیی تێدابووه.
ساڵی 1963 له عه‌ربه‌ته‌وه تۆپبارانكراوه و زیانی به خه‌ڵكه‌كه گه‌یاندووه، ساڵی 1964 سووتێنراوه.
له شۆڕشی نوێ‌دا به‌زۆری رێكخستن و پێشمه‌رگه‌ی یه‌كێتییان هه‌بووه، گوندێک بووه تا ئه‌نفاله‌كه په‌ناگه‌ی هێزی پێشمه‌رگه بووه، چه‌ندین كه‌سوكاری پێشمه‌رگه‌شیان گیراون.
لە14/8/1985 له‌لایه‌ن سوپای داگیركه‌ری به‌عسه‌وه سووتێنراوه، 19/10/1987 رووخێنرا و تاكوته‌را ماڵی تێدامابووه‌وه، له‌ئه‌نفالی1988دا، به‌ته‌واویی وێرانكرا، خه‌ڵكه‌كه‌ی روویانكرده سلێمانی و ئۆردووگای نه‌سر و ئێران،.
دوای راپه‌ڕین ساڵی 1991 ئاوه‌دانكرایه‌وه، خه‌ڵكه‌كه‌ی به ئاژه‌ڵداریی و هه‌نگه‌وانی و وڵاخداریی و باخداریی سێ‌و، هه‌نار، قۆخ، هه‌نجیر، ترێ، هه‌رمێ، هه‌نار، گوێزه‌وه خه‌ریكن.. مزگه‌وت، قوتابخانه تا ناوه‌ندیی، باخچه‌ی منداڵانی تێدا دروستكراوه.
گوندێكی خۆشە، هه‌رئه‌مه‌ش وایكردووه له سلێمانی، گه‌رمیان، سه‌نگاو، قه‌ره‌داغ، بازیان و شوێنه‌كانیترەوە خه‌ڵكی رووی تێ بکات، ئێستا دانیشتووانه‌كه‌ی له 500 خێزان زیاترە.