چنگیان دێیه‌كی كۆنی شارباژێڕی ته‌خته، سه‌ر به ناحیه‌ی سیته‌كی قه‌زای شارباژێڕه، دراوسێی كانی دڕك، دۆڵه‌توو، باراو و نۆدێیە. كه‌رتی 21ی كشتوكاڵییه، 40-50 جووتیاری تیایه، پێشتر خه‌ڵكه‌كه‌ی كشتوكاڵ، ئاژه‌ڵداری و باخدارییان كردووه.
ئەم دێیه پێشتر له شوێنێكیتر بووه به‌ناوی كاكه‌سه‌ن، شوێنه‌واره‌كه‌ی هه‌رماوه، دواتر گوێزراوه‌ته‌وه ئه‌م شوێنه‌ی ئێستای. شوێنه‌واری كۆنیشی تێدا دۆزراوه‌ته‌وه وه‌كو كووپه، گۆزه، ئێسكوپرووسك، مردووه‌كانی روو به رۆژ نێژراون، بۆ سه‌رده‌می ساسانییه‌كان ده‌گه‌ڕێته‌وه.
چه‌ند كانی و كارێزێكیش وەک كانی گه‌وره، كارێزی مه‌لا حسێن، كارێزی مه‌لا مه‌حمود، كارێزی مامه عه‌به، بەڵام ئێستا وشكیان كردووه.
له‌باره‌ی ناوی چنگی، چگنی، چنگنی چه‌ند بۆچوونێك هه‌یه، هه‌یه ده‌ڵێ له‌چنگه‌وه هاتووه، هه‌یه دەڵێ له به‌چنگه‌وه هاتووه، هه‌شه ده‌بێژێ له‌چنگنییه‌وه هاتووه كه هۆزێكن له ئه‌رده‌ڵان ئیماره‌تێكیان هه‌بووه، به‌هۆی شه‌ڕوشۆڕه‌وه له‌ناوچووه، خه‌ڵكه‌كه‌ی له‌وێوه هاتوونه‌ته ئه‌مدیوە. هه‌شه ده‌ڵێ چگنی له كورده‌كانی خۆراسان بوون و له‌وێوه بۆ كوردستان هاتوون و هه‌ندێكیان به كۆچه‌ری ماونه‌ته‌وه و له‌گه‌ڵ جاف‌دا تێكه‌ڵبوون. مامۆستا مه‌لا عه‌بدولكه‌ریمی موده‌ڕیس له كتێبی «بناغه‌ی ناوه‌كان» ده‌ڵێ: وه‌ختی خۆی چنگزییه‌كان ئاوه‌دانیانكردووه‌ته‌وه.
ئه‌م دێیه به شاخه‌كانی كووژ، كه‌چه‌ڵ، به‌رده‌بۆر، كه‌توو، به‌رزترین لووتكه‌یان به‌فره‌سوورانه له‌پشتی دێیه‌كه‌وه ده‌وره دراوه. ئه‌م شاخانه بەداری به‌ڕوو، داره‌به‌ن، كه‌وت، گۆیژ، قه‌زوان و هه‌رمێ كێویله داپۆشراوه. باخێكی زۆریشیان هه‌یه به‌روبوومی هه‌رمێ، هه‌نجیر، هه‌ڵووژه، قه‌یسی و ترێ له جۆره‌كانی ره‌شكه، سپیكه، كاژاو، توخمه، ده‌ده‌ن پێکهاتووە و پێشتریش بە هه‌ڵووژه سووره به‌ناوبانگ بووه، ئێستاش به‌رهه‌می ئه‌م باخانه ده‌نێرنه بازاڕ.
ساڵی 1918 مزگه‌وتی تێدا دروستكراوه و حوجره‌ی فه‌قێیانی هه‌بووه، له‌سه‌ر ده‌ستی مه‌لا عارف و مه‌لا قادر ئیجازه‌ی ده‌یان مه‌لای ناوچه‌ی سلێمانی دراوه، ساڵی 1954 قوتابخانه و ساڵی 1957 بنكه‌ی ته‌ندروستی تێدا كراوه‌ته‌وە.
له ساڵانی حه‌فتاكاندا دێیه‌كی قه‌ره‌باڵغ بووه خۆی له 100 ماڵ به‌ره‌و ژوور ده‌دا، دوكانی ورده‌واڵه‌فرۆش هه‌بووه، كاتی خۆی پیاوێكی چنگیانی له قه‌یماسه چایخانه‌یه‌كی بۆ كاروانچییه‌كان دانابوون ده‌شڵێن چێشتخانه‌شی تێدابووه.
دانیشتووانه‌كه‌ی به زۆری شێخ و گۆرانن، كاتی خۆی شێخ مه‌حمودی حەفید له چنگیان بووه، خه‌ڵكه‌كه‌ی له شه‌ڕی ئاوباریكدا هاوكاری شێخ بوون، به‌وهۆیه‌شه‌وه فڕۆكه لێیداوه، زیانی مادی به خه‌ڵكه‌كه‌ی گه‌یشتووه، هه‌روه‌ها خه‌ڵكی چنگیان هاوكاریی خوله پیزه‌شیان كردووه كه دژی حكومه‌تی عیراق بووه، هه‌روه‌ها به‌شداریی به‌رچاویان له خه‌باتی كوردایه‌تیدا كردووە. له شۆڕشی ئه‌یلولدا رێكخستن و پێشمه‌رگه‌ی پارتی، باڵی مه‌كته‌بی سیاسیی، حیزبی شیوعیی تێدا بووه، شه‌هیدیشیان هه‌بووه، له شۆڕشی نوێشدا رێكخستن و پێشمه‌رگه‌ی یه‌كێتیی، شیوعی و ئیسلامی‌یان هه‌بووه، چه‌ند شه‌هیدێكی یه‌كێتیی، زیندانیی سیاسیی و سێداره‌شیان هه‌یه.
رۆژی 6/6/1978 هێزێكی سه‌ربازیی بۆ ئابڵۆقه‌دانی پێشمه‌رگه‌كانی هه‌رێمی3 په‌لاماری چنگیانیان دا، دوای 3 كاتژمێر شه‌ڕ دوژمن كشایه‌وە.
دوژمن زۆرجار په‌لاماری داوه، خه‌ڵكه‌كه‌ی ئازارداوه، ساڵی 1983 له‌لایه‌ن هێزه‌كانی حكومه‌ته‌وه 38 كه‌سیان گیرابوون، له‌وانه 30 كه‌سیان بۆ حامیه‌ی سلێمان برابوون.
دوای كۆڕه‌و ئاوه‌دان كراوه‌ته‌وه، مزگه‌وتی تێداكراوه، له‌لایه‌ن سۆڵیدارێتی سویدەوە قوتابخانه، یونیسێف بنكه‌ی ته‌ندروستی، فریاكه‌وتنی ئیسلامی پرۆژه‌ی ئاویان بۆ كردووه، 1992 موه‌لیده، 2005 جاده‌ی قیر، 2010 كاره‌با، بیری ئیرتیوازییان بۆ كراوه، تا پۆلی 6ی ئاماده‌یشی تێدایه.