چه‌ند دێیه‌ك به‌ناوی ده‌ره‌ویان هە‌یه: ده‌ره‌ویانی سه‌ر به پاوه، ده‌ره‌ویانی مه‌ره‌یه‌ری سنووری دیوانده‌ره، ده‌ره‌ویانی فارس له ده‌وروبه‌ری دیوانده‌ره، ده‌ره‌ویانی كامیاران، ده‌ره‌ویانی شێخ ئه‌حمه‌د له خوڕخوڕه‌ی زێوێی سه‌قز، هه‌ردوو ده‌ره‌ویانی سه‌رو و خوارووی سه‌ر به ناوه‌ندی قه‌زای قه‌ره‌داغ.
بۆچوونی جیاواز له‌سه‌ر ناوه‌كه‌ی هه‌یه: ده‌وترێ وشه‌یه‌كی هه‌ورامییه به‌واتای خانووی ناو ده‌ره و دۆڵ، یان به‌واتای ئه‌و كه‌سانه‌ی له ده‌ره‌وه‌ی ناوچه‌كه‌وه هاتوون ئه‌و شوێنه‌یان ئاوه‌دانكردووه‌ته‌وه، یان به‌واتای نێوان دوو دۆڵ.
سنووری هه‌ر دوو ده‌ره‌ویان به‌ده‌میه‌كه‌وه‌یه، دانیشتووانه‌كه‌یان له یه‌ك به‌ره‌بابن، ده‌وترێ شه‌ش پشته هه‌ن، له‌لایه‌ن مارف ئاغاوه ئاوه‌دانكراوه‌ته‌وه، كۆن له‌گه‌ڵ جافه‌ران یه‌ك دێ بوون به‌ناوی «به‌سكێ» دواتر جیابوونه‌ته‌وه، دراوسێن له‌گه‌ڵ دێهاته‌كانی: جافه‌ران، دۆڵان، تافان، سه‌ركۆ، كۆن خه‌ڵكه‌كه‌ی ئاژه‌ڵداری و كشتوكاڵیان كردووه به‌تایبه‌ت چاندنی تووتن، هه‌ردوو دێیه‌كه سه‌ربه كه‌رتی 28 ی كشتوكاڵین.
سه‌رچاوه‌ی ئاوی ده‌ره‌ویانی خواروو كانیی گۆمه‌قووڵ، هه‌نجیره‌ڕه‌شه، كارێزی مام شه‌ریف، كارێزی حاجی غه‌ریب، چه‌می ئاوه‌خوڕگه له‌ته‌نیشت باخی دێ وه‌كو تاڤگه وایه، سه‌رچاوه‌ی ئاوی سه‌رووش كانیی سه‌رچاوه‌ی باخه‌كان، كانیی له‌غه‌مه‌كه، چه‌می پاوه‌كه، چه‌می دووشیوان، چه‌می مارانگاز کە تێكه‌ڵی چه‌می دێوانه ده‌بێت. ئه‌شكه‌وتی زۆری لێیه: رانه، زالواو، حسێن جامكه، پیرێژن، كونه‌كه، گردی گه‌وره، سه‌رخانه.
پێش ئه‌نفال ده‌ره‌ویانی خواروو 17 ماڵ، سه‌رووش 15 ماڵ بوون، باخی هه‌نار، هه‌نجیری تیابووه، ئاشی ئاو، ئاشه مه‌كینه، مزگه‌وتی تیابووه، كاره‌بای بۆ چووه، قوتابخانه‌ش له دێیه‌كه‌ی سه‌روو بووه.
له شۆڕشی نوێشدا رێكخستن، پێشمه‌رگه، پشتگیریی، ئه‌نجوومه‌نی دێی سه‌ر به یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستانیان هه‌بووه، 4 زیندانی سیاسی‌یان له‌سه‌ر رێكخستن و كه‌سوكاری پێشمه‌رگه گیرابوون، ژنێكیش به فڕۆكه شه‌هیدكرا، هه‌شت شه‌هیدیشیان هه‌یه، یه‌كێكیان هه‌ژار ده‌ره‌ویانیی فه‌رمانده كه‌رتی2ی تیپی55ی قه‌ره‌داغ شه‌وی 6/7-6-1986 له‌گه‌ڵ 5 هه‌ڤاڵیدا له گه‌ڕه‌كی خه‌باتی سلێمانی شه‌هیدكران، 2 ئه‌نفال و دوو شه‌هیدی پارتیشیان هه‌یه.
رۆژی 15/6/1980 ده‌سته‌یه‌ك پێشمه‌رگه‌ی هه‌رێمی5ی قه‌ره‌داغ له‌نزیك دێی ده‌ره‌ویانی سه‌روو بۆسه‌یه‌كیان بۆ هێزێكی دوژمن دانا، پێشمه‌رگه‌كان ده‌ستێكی باشیان وه‌شاند، ئه‌فسه‌رێك و 11 سه‌رباز كوژران، دوو جێب قیاده‌ش سووتێنران، له‌ئه‌نجامی ئه‌مه دوژمن چه‌ند هاووڵاتییه‌كی ده‌ره‌ویانی گرت، به هه‌لیكۆپته‌ریش ته‌قه‌یان له دێهاته‌كانی ئه‌وناوه كرد، هاووڵاتییه‌كی دۆڵان شه‌هید و 3 كوڕیشی برینداربوون.
ساڵی 1987 تیپێكی شانۆیی له ناوچه‌ی قه‌ره‌داغ به‌ناوی ده‌ره‌ویانه‌وه دامه‌زرا، له‌دێهاته‌كاندا چالاكییان ده‌كرد، دوای ئه‌نفالیش له ئێران به‌رهه‌مه‌كانیان نمایشده‌كرد.
له هێرشه‌كانی ئه‌نفالی دوودا هێزێكی سه‌رباز و جاش هه‌ردوو دێیه‌كه‌یان وێران و تاڵانكرد، خه‌ڵكه‌كه‌ی روویانكرده سلێمانی.
ساڵی 1992 ئاوه‌دان كرایه‌وه، پرۆژه‌ی ئاو، كاره‌با، مزگه‌وت، بنكه‌ی ته‌ندروستی، جاده‌ی قیر، قوتابخانه‌یشی بۆ كراوه، له‌به‌رئه‌وه‌ی خوێندكاری ئه‌وتۆیان نه‌ماوه داخراوه. ئێستا ده‌ره‌ویانی خواروو 28 ماڵ، سه‌رووش 15 ماڵن، خه‌ڵكه‌كه‌ی به ئاژه‌ڵداری، باخی چنار، هه‌نار، هه‌نجیر، چواله و ره‌ز ده‌ژین.