جینۆسایدکردنی کورد و خوێندنەوەیەکی رەخنەگرانە

10:11 - 2024-08-18
محەمەد حەمەساڵح تۆفیق
105 خوێندراوەتەوە

بەشی دووەم  و کۆتایی
کۆمەڵگە بە زەقی دابەشبووە بەسەر دوو چیندا، کەمینەیەکی دەوڵەمەندی مفتخۆر بە هاوبەشی لەگەڵ بەشێک لە توێژی دەسەڵاتدار، لە بەرامبەر زۆرینەی خەڵکدا کە لە ململانێی ژیانێکی سەختدان و هیچ ئاسۆیەکیان لێ دیارنییە و گرفتاری هەزار و یەک  دەردی ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتی و دەروونی بوون. 
لە دۆخێکی وادا دەبێ مامەڵەکردنت لەگەڵ مەسەلەی جینۆسایدی گەلەکەتدا چۆن بێت؟ گەلێک تائێستا مامەڵەی عەقڵییەتی بەعس و ئایدیای شکستخواردووی نەتەوەیی عەرەبیی لەگەڵدا بکرێت لەلایەن حوکمڕانانی نوێی مەزهەبییەوە و چەپۆکی دەستێوەردانی هەرێمی و نێودەوڵەتیی بەردەوام بەسەرەوە بێت. تۆش وەکو کورد ئەمە حاڵی دەسەڵاتدارەکەت و خەڵکەکەت بێت، دەتوانیت چی بکەیت لەگەڵ کەیسی جینۆسایدەکەتدا؟ کوا ئەرشیف و مۆزەخانەیەکی نیشتمانیی بۆ بەردەوامیی هێشتنەوەی یادەوەرییە تاڵ و پڕ لەستەمەکان؟ کە ئەمە سەرەتاییترین و کەمترین ئەرکە جێبەجێت کردبێت، چەند ئێسک و پروسکی ئەو دەیان هەزار قوربانییەت لە گۆڕە بەکۆمەڵەکان دەرهێناوە و گواستووتەتەوە بۆ زێدی خۆیان، لەو نزیکەی سێ هەزار کەسە بترازێت؟ ئەی باشە بەرنامەت چییە بۆ پاراستنی گۆڕە بەکۆمەڵەکان کە تۆ ناتوانی بە شێوەیەکی زانستی و بگرە نازانستییش دەریانبێنێت و رێگری بکەیت لە ونبوونی یەکجارەکییان و چاندنیان بە بەروبوومی کشتوکاڵی لەلایەن جووتیارانی باشوور و ناوەڕاستی عیراقەوە؟ یان بە هەر شێوەیەکی تر بووە دەستکاری و بزرکردنی؟ خەڵک خەریکە لەوە دڵنیابێت کە نە دەسەڵاتدارانی عیراق و نە هەرێم ناتوانن پشکنینی DNA  بۆ ئەو هەموو ئێسکوپرووسکەی قوربانییان بکەن، چونکە ئەوە کارێكی تەواو زانستییە و ئەمان بۆیان ناکرێت یان نایانەوێ بیکەن و هەر ئەمڕۆ بە سبەی پێدەکەن. 
شکۆیەک بۆ قوربانیان بهێڵنەوە
ئاخۆ تائێستا دامەزراوەکانی پەروەردە شتێکی ئەوتۆیان لای نەوەکان چاندووە کە چەردە زانیارییەکی تەنانەت کەمیشیان هەبێت لەسەر دەردی جینۆسایدی میللەتەکەیان تا بەو پێیە کاری لەسەربکەن لەگەڵ خۆیان و دەرەوەی خۆیاندا؟ چ شکۆیەکت بۆ قوربانیانی جینۆساید رەخساندووە؟ کوا قەرەبووی ماددی و مەعنەوییان؟ کوا دادگاییکردنی تاوانباران؟ کوا خستنە سەرکاری نەوەی بەجێماوی قوربانییانی جینۆساید لەم دۆخەدا کە بە گەندەڵی و بێپلانی تەژیتان کردووە؟ دەکرێ پاش ئەم هەموو ساڵانە هەر بڵێی جا من چیبکەم ئەوە خەتای عیراقە؟
ساڵانێک لەمەوپێش هەندێک لە کەسانی رۆشنبیر ئەم خەمەیان لەکۆڵنا و چەندی پێیانکرا، بەپێی توانا و دەرفەت، وەک تاکەکەس کاریان لەسەر ئەم مەسەلەیە کرد و بەردەوامیشن. بەڵام کارەکەیان، کە لەسەر ئەرک و گیرفانی خۆیان بوو، گەلێ جار لە ئاسنی سارد کوتان دەچوو، گوێیان لێ نەدەگیرا و بایەخیشیان بە رەنج و کۆششیان نەدەدا، بەڵام ئەمان چاوەڕێی خەڵات و بەراتی دەسەڵاتدار نەبوون و بەپێی توانایان بەشێکیان تائێستاش بەردەوامن. 
کۆنفرانسەکانی جینۆساید و چەند سەرنجێک
لەم چەند ساڵەی دواییشدا بەشێک لە زانکۆکانی هەرێم خەریکی ئەو کارەن و هەندێک لە هەڵگرانی بڕوانامەی باڵا لێبڕاوانە مشوور دەخۆن و دەیانەوێ توێژینەوە لەو بوارەدا بکەن. بەشێکی بەرچاوی ئەم زانکۆیانە سەنتەری لێکۆڵینەوەیان دامەزراندووە و چالاکیی جۆراوجۆر دەکەن وەک کۆنفرانسی جینۆساید کە بەهیواین جێدەستیان دیار بێت و هاوشێوەی زانکۆ و دامەزراوە زانستییەکانی جیهان بتوانن توێژینەوەی کاریگەر و زانستی بکەن و ببنە ئامرازی گوشار بەسەر بڕیاربەدەستانەوە تا جددیتر لەم بوارەدا کار بکرێت و تەنها نەبێتە چاولێکەری و خۆنواندن و بزنسی بێئەرزشی کەسانێک بیانەوێت وەک بوارەکانی تر سواری کۆڵی ئەمیش ببن و هیچ ئەنجامێکیشی لێ شین نەبێت و بەدەردی یادکردنەوەکانی 14/4 و 16/3 نەچن کە ئەمڕۆ شینە و سبەی شایی. ئەگەر هەر بۆ تۆمارکردنی چالاکییەک بێت و بەدواداچوون بۆ مەبەستەکانی نەکرێت، ئەوا لە چالاکییەکی کاتیی بەولاوە هیچیتر نابێت.
بەشبەحاڵی خۆم ژمارەیەک کۆنفرانسی لەوجۆرەم بینیووە لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات و پانێڵ و بابەتیشم هەبووە تێیاندا و رەنگە بڵێم هەندێکیان لە سوود بەدەر نەبوون لە ناساندن و تاوتوێکردنی مەسەلەی جینۆسایدە کڵۆڵەکەماندا، بەڵام بەدڵنیاییەوە ژمارەیەکی بەرچاویان وەک پەشێوی شاعیر دەڵێت: «هەر کۆنفرانسی مۆز و سێو خواردن و کۆکردنەوەی عەشامات بووە و بە کۆتاییهاتنی ئەو چەند رۆژەی چالاکی یان کۆنفرانسەکە هەموو شتێک تەواوبووە و کەس بیری هیچی نەماوە. قوربانیی بەجێماوی جینۆسایدیش هەر باری گرانی خۆی بە کۆڵی خۆیەوە بووە». 

 

هەندێک لە کۆنفرانسەکانی جینۆساید، پەشێو وتەنی: «هەر کۆنفرانسی مۆز و سێو خواردن و کۆکردنەوەی عەشامات بووە» و بە کۆتاییهاتنی ئەو چەند رۆژە هەموو شتێک تەواوبووە و کەس بیری هیچی نەماوە. قوربانیانیش هەر باری گرانی خۆیان بە کۆڵی خۆیانەوە بووە

 

با خۆمان و نەوەکانمان رووزەرد نەبین
من و تۆ لە وڵاتێکداین کەمترین پلان و بەڵێنێکی تێدا جێیبەجێکراوە، بۆیە ئەوەی کە دەشوترێت، زۆربەی هەر وتاردان و خۆسوورکردنەوەیە و هیچیتر. تۆ هەر ئێستا بە چواردەوری خۆتدا بڕوانە، لە هەموو لایەکەوە میلیشیای چەکداری جۆراوجۆر تەنگیان پێهەڵچنیوین، زەویوزاری باوباپیرانمان لێ داگیر دەکەن و ناشهێڵن دەغڵودانەکەمانی تیا بدوورینەوە، هێشتا بڕیارەکانی جارانی «مەجلیسی قیادەی سەورە» بەرکەماڵن و کاریان پێدەکرێت، خۆشمان لە حاڵێکداین، کەس ئێرەییمان پێنابات. کەواتە بەچی دەچێت من بچم بۆ کۆنفرانس لە دەرەوە؟ لەکاتێکدا من خۆم ساڵانێکە وەک پێویست خەمم لێ نەخواردووە و بێباکیشم لە ئاستیدا و وەک میللەتانی هاودەردی خۆم دەستم نەبردووە بۆ ئەو میکانیزمەی کەوا مەسەلەکەمی پێ دەچێتە پێشەوە، چونکە من هیچ شتێکی نوێ ناڵێم ئەگەرنا با تەنها لە سووچێکەوە چاومان لەو هاودەردانە بکردایە، یان لەمەودواش بیکەین هەر نەچووە بچێت. لەکاتێکدا کەوا کارێکمان نەکردووە نەوەکانی دوای زیاتر لە 30 ساڵیشمان ئەوەندەی لێ تێگەیشتبن کە خۆمان و ئەوانیشی تێدا رووزەرد نەبین. بەچی دەچێت من زۆربەی فەرمانبەرانی وەزارەتێکی پەیوەندیدار پێش خۆم بدەم بۆ ئامادەبوون لە کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتیی جینۆساید لە وڵاتێكی ئەوروپیدا و خەرجێکی قەبەشم لەسەر بوەستێ، کەچی لەملاشەوە ئەو وەزارەتەم نەتوانێ کەمترین بەرپرسیارێتی لەئەستۆ بگرێت بۆ هێنانەوەی ئێسکوپرووسکی قوربانییەکانم؟ ناشتوانم باسی پشکنینی (DNA) بکەم؟
خەمخواردن بە پڵاوو گۆشتەوە
یان تۆش وەک حکومەت و زانکۆ و رێکخراو و بزنسمان بێیت بۆ کۆنفرانسێکی جینۆسایدی کورد عەشاماتێک لە دەرەوەی وڵاتەوە بانگهێشت بکەیت بە کرێی بلیتی فڕۆکە و هۆتێل و پڵاو و گۆشتەوە، بێگومان هاوسۆزت دەبن و قسەی باشیشت بۆ دەکەن، بەڵام ئەمە لە خۆنواندنێکی بێسەمەر زیاتر چ سوودێک بە خەڵک و کەیسەکەمان ناگەیەنێت؟ خۆ لەمەوپێش تائێستا کەممان لەم جۆرە کۆنفرانسانە نەکردووە.
 ئازیزان.. ئێمە خۆمان لە میللەتێکی گیانفیدا و هەزاران شەهید و قوربانییەوە، دەستەمۆ کراوین و کارێکیان بەسەر‌هێناوین کە گیانێکی بەرگری و بەرەنگاربوونەوەی ئەوتۆمان تێدا نەمێنێت و کێ مووچەمان بۆ دابینبکات دەستی بۆ بەسینگەوە بگرین، ئەوانەشمان کە سوودمەند و هەڵتۆقیون دەستیان بە کڵاوی بەرژەوەندییەکانی خۆیانەوە گرتووە و هەموو کەیسی جینۆساید و ئەنفال و بێنازیی هەتیوان و بێوەژنانمان ناگۆڕنەوە بەو پارە مفتەی لە «وەبەرهێنانی» لای خۆمان و بەغداوە دەستیان دەکەوێت. کۆمەڵگەیەک لەوپەڕی گیانی شۆڕشگێڕیی رابردوویەوە بێتە سەر ئەم دۆخە و ئیرادەی نەخێری تێدا نەمابێت، هاوسۆزیی و بەزەیی رووکەشی دۆستەکانت چی دەگەیەنێت؟ 
ئەگەر گوێمان لێ بگیرێت!
ئێمە خۆمان دەردی خۆمان دەزانین و ئەقڵیشمان بە چارەسەرەکەی دەشکێت، ئەگەر گوێمان لێبگیرێت. لەگەڵ رێزماندا بۆ هەوڵ و کۆششی هەر کەسێک کە خەمی خەڵکە قوربانیدەرەکەی لەکۆڵ ناوە، بەڵام رەنگە وا باشتربێت زانکۆکانمان و ئەو سەنتەرانەی بۆ جینۆساید دایانمەزراندووە، کاری بەرچاویان ئەوەبێت کە خولی کورتخایەن و درێژخایەنی تێدا بکەنەوە بۆ خوێندکارانی زانکۆ و کەسانێکی خوێندەواری دەرەوەی زانکۆش و تێیدا بەشداربن، بۆ گەیاندنی زانیارییەکانی پەیوەندیدار بە جینۆسایدی کورد و گەلانی تر. 
دەکرێ مامۆستا پسپۆڕەکانی جینۆساید هەریەک لە بوارێکدا خۆبەخشانە موحازەرەی تێدا بڵێنەوە دوور لە رێسای هەقی موحازەرات وتنەوەی ئاسایی. بەمەش رۆشنبیرییەکی گشتی لەسەر جینۆساید دروست دەبێت و کەسانی دەرچووی ئەم خولانەش دەتوانن کاری هاوشێوە بکەن لە دەزگا و دامەزراوەی تردا ئەوکات دەتوانرێت تۆڕێکی خەڵکی خۆبەخش بۆ ئەم کارە دروست بکرێت و وردە وردە رۆشنبیریی گشتیمان لەم بوارەدا پەرەبسێنێت و شتی بەکەڵکتریشی لەسەر بنیات بنێین کە ئەمە خەرجییەکی کەمتری لە کۆنفرانسەکان تێدەچێت و لای زۆربەی میللەتانی جینۆسایدکراویش ئەم شێوازە پەیڕەو دەکرێت. جگە لەوەش دەکرێت دەزگای پەروەردە زانستیانە خەم لەم حاڵە بخۆن و چیتر مەسەلەکە کاڵ  نابێتەوە و با چاوێک لە ئەرمەنەکان و رواندا و ئەوانیتر بکەین، ئەگەر نەڵێین هۆڵۆکۆستی جووەکان کە لە جیهاندا خۆیان بە هاوشانی کەس نازانن و ئەوەندەشیان کردووە کە هەق بەخۆیان بێت.

سەردانی کەسوکاری ئەنفالکراوان و رێکخراوەکان بۆ نوگرە سەلمان

وتارەکانی نوسەر