فەرموون ئیجرائات بكەن

09:36 - 2024-08-19
د.عه‌داله‌ت عه‌بدوڵڵا
187 خوێندراوەتەوە

د.عه‌داله‌ت عه‌بدوڵڵا

 

ساڵانێكی زۆرە رۆژنامەنووسان و میدیاكاران بە گشتی، لە هەموو ئامرازەكانی راگەیاندنەوە هاوار لە دەستی بڵاوبوونەوەی دیاردەكانی گەندەڵی دەكەن لە هەرێمی كوردستاندا بەبێ ئەوەی گوێیان لێبگیرێت. زۆرجار لە جیاتی وردبوونەوە لە رەوایی رەخنەكان و راست و دروستیی وتراو و بەڵگەكان، راستەوخۆ پرسیار لە ناسنامەی سیاسیی كەسەكان، یان ئەو دەزگا میدیاییانە كراوە كە گەندەڵییەكان دەوروژێنن. ئەوەش هەرزوو كراوەتە پاساوێكی لاواز بۆ ئیجرائات نەكردن.
 بێگومان ئەوە هۆكارێكە، هۆكاری تر ئەوەیە كە گەندەڵكاران لەناو دامودەزگا دەوڵەتییەكانی هەرێمدا پشتیان هەیەو كەس ناتوانێت لێیان بپرسێتەوە. تۆ دەتوانیت ناوی سەدان كەس لە دەزگاكاندا بەریت كە 10 بۆ 15 ساڵە بەرپرسیارێتییان هەیەو ناگۆڕدرێن. گەندەڵ بن یان بەخششیان نەمابێت، لە پۆست و پایەی خۆیاندا دەهێڵرێنەوە. نهێنیی مانەوەكە روونە، بەشێك لەمانە رێكخەرو پاسەوانی بەرژەوەندییەكانی بەرپرسی لەخۆیان باڵاترن، لەم هاوكێشەیەشدا جگە لە گرەنتی مانەوەیان، یان وەرگرتنی پۆست و پایەی تر لەدواڕۆژدا !، دەسكەوتی مادییشیان هەیە، جا بۆ ئەوەی ئەمە تەنها قەزاوەتێكی میدیاییانە نەبێت، فەرموون یاساییانە لە سەروەت و سامانی هەریەكەیان بپرسنەوەو بزانن پێشتر چییان هەبووەو ئێستا چی؟. 
  یەكێك لە دەرەنجامەكانی پشتگوێخستنی رەخنەی ناوخۆیی لە دیاردەكانی گەندەڵی و نادادپەروەری، ئەوەیە كە دەبێتە رەخنەی دەرەكییش، دەگاتە رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان و جێی بەدواداچوون و لێكۆڵینەوەیان. لەم بارەیەوە، دەیان راپۆرتی نێودەوڵەتیی ئەم ساڵانەی دوایی هەن كە رەخنەی وردو پڕ لەزانیاری و داتایان لەبارەی هەلومەرجی سیاسی و ئابووری و ئیداریی هەرێمەوە تیایە. نوێترینیان راپۆرتی بەرنامەی بەدواداچوونی دادگاییەکان -ە، کە پرۆگرامێکی هاوبەشی نێوان نەتەوەیەکگرتووەکان و چەند لایەنێکی ناوخۆیی و نێودەوڵەتییە. یەکەم راپۆرتی ئەم پرۆگرامە تایبەتە بە دۆسێیەکانی گەندەڵی لە هەرێمی کوردستان. لە راپۆرتەكەدا گەندەڵترین وەزارەتەكانی حكومەت و دیارترین ئەو شارانەش دەستنیشانكراون كە بە رێژەی جیاواز زۆرترین گەندەڵییان تێدا دەكرێت. ئاكامێكی ئەم جۆرە راپۆرتانە هەر ئەوە نییە كە دیاردەكانی گەندەڵی رووت دەكەنەوە، بەڵكو دەبێتە جۆرێك لە رەوایەتیدانیش بەوەی كورد نەتەوەیەكە ئەهلی خۆبەڕێوەبردن نییە، ئەمەش خەتای كەس نییە، نەبوونی لێپرسینەوەو سزادان نەبێت.

 ‌‌[email protected]

وتارەکانی نوسەر