دیداری یەکێتی

08:37 - 2022-05-25
سۆزان ئەنوەر
401 خوێندراوەتەوە

یەكێتییەکەی مام، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، فێرگە و مەڵبەندی خەبات و بەرخۆدانە،
دیداری یەكێتی دیدارێكی گرنگ و چارەنووسسازە. بۆ پتەوكردنی ریزەكان و هەڵسەنگاندنی خۆمانە.
بەدیدی رەخنەیی بنیاتنەرەوە هاتووین، بۆ ئەوەی پەندی پێویست لە رابردوو وەربگرین بۆ ئێستا و داهاتوومان.
پێویستە راشكاوانە پەنجە بخەینە سەر زامەكان، سەر كەموكورتییەكان، سەر ئاستەنگ و ئالنگارییەكانی بەردەممان لە ناوخۆ و لە دەرەوە،
لە هەموو ئاستێكی ریكخستنەوە تا بەرزترین ئاستی سەركردایەتی و مەكتەب و دام و دەزگاكان. 
هەر حیزبێك رەخنەی خودی نەبێت واتە لە خۆیدا كەموكورتی نەبینێ و بەردەوام بێت لەسەر هەڵەكانی، ئەو حیزبە ناتوانێت كارا بێت و خەڵك متمانەی پێنادات.
یەكێتیی نیشتمانیی پێویستە لەم هەل و مەرجە دژوار و هەستیارەدا لەسەر بنەمای رەخنەی خودی و نەشتەرگەرییەكی زانستیانە خۆی چاك بكات، دروشمی گەورە و بە تەنها كێشەكان چارەسەر ناكات بەڵكو دەشبێتە بارێك بەسەر مانەوە،
نەیارەكانمان لە كەمیندان بۆ قۆستنەوەی هەڵەكانمان بۆ بەدبین و بەدگومانكردنی جەماوەری كوردستان  لەسەر یەكێتی بۆ ئەوەی یەكێتی شكست بهێنێت، بەڵام خەیاڵیان خاوە، 
ئێمە حیزبێكین بە دیسپلین و بەرنامەی تایبەتی خۆمانەوە هەمیشە هەڕەشەكان دەگۆڕین بە دەفەرتی هەستانەوە و بەرخۆدان.
پێویستە هاوسەنگییەك دروستبكەین لە نێوان كوردستانیبوون و نیشتمانییبووندا، ئێمە چۆن لە كوردستاندا گوڕ و تین بدەینەوە بە پڕۆسەی سیاسی و كۆمەڵایەتی و چۆن لە عیراقیشدا فاكتەری هاوسەنگی و سەقامگیریی سیاسی بین.
لەم روەوە دەبێ سەركردایەتی یەكێتی نزیك بێتەوە لە خواست و هیوا و تموحاتی گەلەكەمان، گەورەتر لە ویستە ئابووری و بازرگانییەكان هەنگاو بنێ بۆ بابەت و پرسە نەتەوەیی و نیشتمانییەكان و نەوەی دوارۆژ بەرهەم بهێنێت بۆ دروستكردنی قەوارەی هاوچەرخ و سەردەمییانە.
نابێت رێگا بدرێت مەركەزییەتی بڕیاری سیاسیی بكەوێتە ژێر پرسیار و گومانەوە، یەك سەركردە و یەك نەهجی سیاسی كە هەمان نەهجی سەرۆك مام جەلالە بكەینە مەشخەڵ و روانگەی داهاتووی پەروەردە و راگەیاندن و میدیای یەكێتی،
بە تایبەت میدیای یەكێتی لە دۆخێكی نەخوازراودایە دەبێت بڕیاری دروست و كاریگەری لێبدرێ بۆ ئەوەی لە پەراویزەوە بگەڕێتەوە بۆ سەنتەری كۆڕ و خەباتی میللی و نیشتمانی و ناو جەماوەری هەر چوار پارچەی كوردستان.
حاڵی حازر گوتاری سیاسی و جەماوەریی یەكێتی گوتارێكی نزم و نەبیستراوە، بزانین بۆچی و لەپێناوی چی وای لیهاتووە؟
ئەم دیدارە پێویستە رێكاری گونجاوی خێرا دابنێ بۆ دەربازبوون و لەم چەقبەستوویی و راراییە كە لە سیاسەتی هەرێمی كوردستاندا هەیە و یەكێتی بەشدارە و بەپرسە لە زۆرێك لەو وەزعەی كە خوڵقاوە.
بە بێدەنگی و خۆ گێل كردن و كەمتەرخەمی وەزعەكە چارەسەر نابێ بەڵكو بەرەو  خراپتر و بەرەو كارەسات دەچێت.

وتارەکانی نوسەر