هەر كادرێك یەك جار بۆی هەبێت پۆست و پلە وەربگرێت تا هەموان بەشدار بن لە بەرەوپێشبردنی حزب
باس لە دروستبوون و مێژووی پڕ لە سەروەریی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ناكەم، چونكە بە دەیان و سەدان وتار ناتوانم هەقی خۆی بدەمێ و تازە مێژووەكەی ئەوەی سەلماندووە.
دوای داگیرساندنی مۆمی 50 ساڵەی تەمەنی ی.ن.ک، پێویستە چەند هەنگاوێك بنێت بۆ زیاتر بەرەوپێشچوونی لە گۆڕەپانی سیاسیدا، ئەویش بەو پێیەی كە حزبێكی نیشتمانی و نەتەوەییەوە لەو پێناوەشدا باجی زۆری داوە كە هەر ئەو خەسڵەتەشە لە حزبەكانی تری جیاكردۆتەوە و نەیارەكانی لەو خەسڵەتەوە زیانیان پێ گەیاندووە، بۆیە دەبێت یەكێتی جارێكی تر بەخۆیدا بچێتەوە و گۆڕانكاری لە ئەدا و دڵسۆزی خۆیدا بكات بەرامبەر بە لایەنەكانی تر تا ببێتە وانەیەك و دووبارەی نەكاتەوە، لەناو حزبیشدا پێویستە جارێكی تر چاوبخشێنێتەوە بە سیاسەتی خۆیدا لە پێدانی پۆست و پلە بە كادرەكانی تا نەبنە بار بەسەر یەكێتییەوە و شوێنی كەسی شیاو نەگرنەوە و نەبنە جێی گلەیی و گازندەی خەڵك، ئەویش لەڕێی ئەوەوە كە هەر كادرێك یەك جار بۆی هەبێت پۆست و پلە وەربگرێت تا هەموان بەشدار بن لە بەرەوپێشبردنی حزب و لەوێشەوە بۆ خزمەتكردنی خەڵک، ئەو كات ئەدا و دڵسۆزیی كادر بە دروستی هەڵدەسەنگێندرێت.
هەروەها بوونی دەزگایەكی لێپرسینەوە و چاودێر بەسەر رۆڵ و گاریگەریی ئەو كادرانەی پۆستی حزبی، یان حكومییان هەیە لەو رێیەشەوە یەكێتی لەسەر ئاستی جەماوەرەكەی لە سەرجەم دامودەزگانی حزب و حكومەت، لە پشكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەردەكەوێت و دەبێتە جێی ئومێدی زۆربەی كۆمەڵانی خەڵك و ئەوكات دەتوانین لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقدا دەنگێكی باش بۆ خۆمان و میللەتەكەمان مسۆگەر بكەین، ئەوكات دەستمان لەسەر دڵمان نابێت لەترسی ئەوەی ئاخۆ چەند دەنگ دەهێنین؟.
خاڵێكی تر كە گرنگە بۆ حزبێكی 50 ساڵە ئەوەیە كە سەیری بەرپرسەكانی ناوخۆی بكات تا چەندە مامەڵەیان لەگەڵ كادر و خەڵك دڵسۆزانە و شیاوە و لێپرسینەوە لەوانە بكرێت كە جێی گلەیی و گازندەی خەڵكن، چونكە بیرمان نەچێت دواجار ئەو بەرپرسانە لەسەر ی.ن.ك، خۆی حسابن، بۆیە ناشیرینیی مامەڵەی ئەوان دەبێتە ناشیرین بوونی حزب، ناكرێت و ناشبێت حزبی شەهیدان بە چەند بەرپرسێكی ناشیرین ناشیرین ببێت! بەكورتی ئەگەر یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەیەوێت هەمیشە لە لووتكەدا بمێنێتەوە، دەبێت وانە لە هەڵە و كەموكووڕییەكانی وەربگرێت و خەسڵەتە جوانەكانیشی زیاتر پەرەپێبدات.