ئۆكرانیا، ساردی دەخاتە نێوان ئەمریكا و ئەوروپاوە

10:09 - 2025-03-03
سۆزان ئەنوەر
203 خوێندراوەتەوە

ترەمپ دەیویست زیلنسكی ملكەچ بكات، لە دانیشتنەکەی کۆشکی سپی-دا

باس لەو گۆڕانكاریانە ناكەم، كە لە دوای دەستبەكاربوونی دۆناڵد ترەمپ وەك سەرۆكی ئەمریكا لە ناوچەكەو جیهاندا روویانداوە، بەڵام لە هەموویان گرنگ تر و جێ بایەخی ترەمپ، شەڕی نێوان روسیا و ئۆكرانیا بوو، كە لەكاتی بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەمریكا یەكێك بوو لە دروشمەكانی بانگەشەی ترەمپ.

مشتومڕەی نێوان ترەمپ و زیلنسكی
لە دوای دەستبەكاربوونیشی وەكو سەرۆكی ئەمریكا، ترەمپ لە كۆشكی سپی رایگەیاند، راستەوخۆ دەست بەگفتوكۆ و راگرتنی جەنگە سێ ساڵییەكەی ئۆكرانیا و روسیا دەكات، ئەوەبوو هەنگاوی بۆ ناو لە تازەترین پێشهاتیشدا، ئەو مشتومڕەی نێوان ترەمپ و زیلنسكی روویداو كاردانەوەی بە دوای خۆیدا هێنا، كە مامەڵەیەكی خراپ لەگەڵ زیلنسكی و تیمەكەی كرا لە کۆشکی سپی و كەناڵی سی ئێن ئێنی-ش وردەكاری ئەو دۆخە خراپ و بێ رێزییەی ئاشكراكرد، كە رۆژی هەینی بەرامبەر زیلنسكی هاتووەو لە كۆشكی سپی دەركراوە.

پێشتریش پەیوەندییان خراپ بوو
 پێشتریش هەردوو سەرۆك یەكترییان تۆمەتبار كردووە و ترەمپ ئەوکات بە زیلنسكی دەوت دیكتاتۆری هەڵنەبژێردراو، زیلنسكیش بە ترەمپی دەوت (لە فەزای زانیاری نا راستدا دەژی)، هەربۆیە دوای ئەو رووداوەی كۆشكی سپی، پێناچێت بەم نزیكانە ئاگربەستی نێوان روسیا و ئۆكرانیا رووبدات!، چونكە دەمەقاڵیەكە گەیشتە ئەوەی، پلانەكەی نێوانیان هەڵبوەشێتەوە و هیچ رێكەوتنێكیش واژۆ نەكرێت، كە ئەمە وەك مەترسییەك لەسەر ئاگربەستەكە دادەنرێت، چونكە پێشتریش ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكی فەرەنسا، داوای گەرەنتی ئەمریكای كردبوو بۆ یەكێتی ئەوروپا، هەر زووش وتی: لەگەڵ ئەوەنیم كە زیلنسكی ناچار بە ملكەچ بوون بكرێت، لەبەر ئەوەی ئاشتی بە مانای تەسلیمبوونی ئۆكرانیا نییە.

هەوڵی ملكەچ پێکردنی زیلنسكی
لە دانیشتنەکەی نێوان سەرۆکی ئەمریکا و ئۆکرانیا، بینیمان ترەمپ چۆن دەیویست زیلنسكی ملكەچ بكات، لە کاتێکدا ئۆكرانیا هەشتەمین وڵاتە لە رووی بەرهەمهێنانی چەك و تەقەمەنییەوە، وڵاتێکی گرنگیشە لەسەر ئاستی جیهان لە رووی خاوەندارێتی کانزاوە، یەكێتی ئەوروپاش پشتیوانی تەواوەتی دەكات و ئوستڕالیا و كەنەداش بەهەمان شێوە پشتیوانی خۆیان بۆ زیلنسکی و ئۆکرانیا راگەیاندووە.
 ئەم دۆخە ئێستا، زلهێزەكان و یەكێتی ئەوروپا دابەشی دوو بەرە ناكات، وەكو ترەمپ بە زیلنسكی وت (تۆ جیهان بەرەو جەنگی جیهانی سێهەم دەبەیت و ئەو جەنگە بەرپا ئەبێت؟).

یەكێتی ئەوروپا نیگەرانە لە ترەمپ 
یەكێتی ئەوروپا لە سیاسەتەكانی ترەمپ نیگەرانە و تەنانەت لە كۆبونەوەكەی ریازی پایتەختی سعودییە، نە یەكێتی ئەوروپا و نە ئۆكرانیاش بانگهێشت نەكرابوون، لە کاتێکدا كۆبوونەوەكە بۆ ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكان و دانانی رێوشوێن بوو بۆ راگرتنی شەڕی ئۆكرانیا، ئەمەش ناڕەزایی یەكێتی ئەوروپای لێكەوتەوە.
لە ئەگەری داوای لێبوردن نەكردنی زیلنسكی لە ترەمپ و رانەگرتنی شەڕی روسیا و ئۆكرانیا، مەترسی ئەوە هەیە شەڕ بگاتە بەردەم دەرگای یەكێتی ئەوروپا، لە کاتێکدا رووداوەکەی ترەمپ و زیلنسکیش ساردی تەواوی خستۆتە نێوان ئەمریكا و یەكێتی ئەوروپاوە.

ئاڵۆزیی نێوان ترەمپ و زیلینسکی کاریگەریی لەسەر پەیوەندیی ئەمریکا و ئەوروپا دەبێت؟

وتارەکانی نوسەر