كاریگەریی دواكەوتنی پێكهێنانی كابینەی دەیەم

09:58 - 2024-11-04
سۆزان ئەنوەر
200 خوێندراوەتەوە

سۆزان ئەنوەر 

دوای هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان لە 20 ی ئۆكتۆبەری 2024و راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەكە، زۆرێک لە لایەنەكان گلەییان لە هەڵبژاردنەكە هەبوو كەوا دەنگی راستەقینەی خۆیان نییە و تەزویركراوە، لەگەڵ ئەوەشدا چاوەكان لەسەر ئەوەیە كەی و چۆن حكومەت پێكدێت؟ 
بەپێی ئەو دۆخەی دوای هەڵبژاردن هاتۆتە ئاراوە، پێناچێت بەم زووانە حكومەت پێكبهێنرێت،  چونكە هیچ لایەنێك ناتوانێت بە تەنیا حكومەت پێكبهێنێت!. 
لە ئەگەری دواكەوتنیشیدا كاریگەریی چی دەبێت لەسەر هەرێمی كوردستان؟ لەڕووی ئابووری و سیاسی و دیپلۆماسییەوە، نەخشەی سیاسی هەرێمی كوردستان دەگۆڕێت و لێكەوتەی دەبێت و قەیرانی مووچە و بودجە كە هێشتا چارەسەر نەبووە و ناجێگیرە لە غیابی  حكومەتی نوێشدا ناجێگیرتر دەبێت، دۆخی ناوچەكەش ناسەقامگیرە، شەڕی ئیسرائیل و ئێرانیش گەیشتۆتە ئاستی پێكدادانی راستەوخۆ و توركیا و پەكەكەش لە شەڕێكی گەورەدان، لەولاشەوە گروپ و میلیشیاكانی عیراق خەریكە عیراق پەلكێشی ناو شەڕەكە دەكەن، لەو نێوەندەشدا چارەنووسی هەرێمی كوردستان نادیارە و ئەگەری رووداو و پێشهاتی قورسیش هەیە، بۆیە هەرێمی كوردستان پێویستی بە حكومەتێكی نوێ و تۆكمە هەیە بۆ خۆ ئامادەكردن بۆ هەر ئەگەرێكی چاوەڕوان نەکراو. 
 ئێستاش باشترین بژاردە  هەرچی زووە كابینەی دەیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان پێکبهێنرێت، بۆ ئەوەی لەم دۆخە كوڵاوەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا، هەرێمی كوردستان بە بەهێزی بمێنێتەوە و بۆ كۆمەڵگەی نێودەوڵتیش دەسەلمێت كە گەلی كورد گەلێكی زیندوو و هۆشیارە و دەتوانێت خۆی بۆ هەر پێشهاتێكی نەخوازراو ئامادە بكات و پێگەی هەرێمی كوردستانیش پتەوتر بكات.

وتارەکانی نوسەر