دوای ئەسەد چی لە سوریا روو دەدات؟

09:44 - 2024-12-10
سۆزان ئەنوەر
115 خوێندراوەتەوە


دوای روخاندنی رژێمی سوریا، ناوچەكە خۆی ئامادە دەكات بۆ قۆناغی دوای بەشار ئەسەد، هەموو ئەم رووداوانەی ئێستاش پەیوەستن بە جەنگی عەرەب- ئیسرائیلەوە كە حەوتی ئۆكتۆبەری 2023 زەنگێكی ترسناك بوو، كە بە شەڕی غەزە - ئیسرائیل دەستی پێكرد و بەرەو لوبنان هەنگاوی ناو، دوای دوو رۆژ لە ئاگربەستی نێوان لوبنان و ئیسرائیل شەڕ لە سوریا هەڵگیرسا و سەرەنجام دوای 53 ساڵ لە حوكومڕانیەكی دیكتاتۆریانە، حكومەتەكەی بەشار ئەسەد رووخا و خەڵكەكەی توانیان هەناسەی ئازادی هەڵمژن .

روخاندنی رژێمی سوریا چ واتایەكی هەیە
 روخاندنی ئەسەد چ واتایەكی هەیە بۆ وڵاتانی دراوسێ و ناوچەكە و بۆ روسیا، رەنگە روخانی رژێمی سوریا هەڕەشەیەكی گەورەبێت بۆ بەرژەوەندییەكانی روسیا، بە تایبەت بنكە سەربازیەكانی کە لە لێوارە ئاوییەكانی سوریان لە لازقیە و تەڕتووس، رەنگە هەر ئەوەش بوبێت كە روسیا نەیتوانی یارمەتی ئەسەد بدات، بۆ روخانی ئەسەد بۆ ئێرانیش گورزێكی سەربازی و سیاسی بوو كە لە دوای هەردوو شەڕی غەزە و لوبنان رویدابێت. 

بارودۆخی سوریا
ئەی لە ناوخۆی سوریا، بارودۆخ و مافی هاووڵاتیان چۆن دەبێت دوای ئەسەد؟ بە تایبەت کە لە كۆنتڕۆڵكردنی شاری حەڵەب و حیمس و ناوچەكانی تردا، چەندین گروپی توندڕەو و ئۆپۆزسیۆن بەشداری شەڕ بوون دژ بە ئەسەد و رژێمەكەی، هەر بۆیە مەترسی هەیە، لەسەر ئەوەی ئەو گروپانە و ئۆپۆزسیۆنی سوریا چۆن مامەڵە لەگەڵ خەڵكی ئەو وڵاتە دەکەن، نێردەی نەتەوەیەكگرتووەكانیش لە سوریا گێیر پیدەرسۆن، داوای لە چەكدارانی سوریا و ئۆپۆزسیۆن كرد کار پێكەوە بكەن و پێكەوە حكومەتێك پێكبهێنن لەو وڵاتە.
چەندین پرسیار لێرەدا دەوروژێت، لە نموونەی ئایا ئەو گروپانە نابنە مەترسی بۆسەر ئاسایشی هاووڵاتیانی سوریا؟ ئەی حوكمڕانی دوای ئەسەد چۆن دەبێت؟ ئایا وەکو سەردەمی بەهاری عەرەبی نابێت؟، كە دەتوانین بڵێین زۆربەی وڵاتانی رزگار بوو بەدەست نادادپەروەری و حوكمڕانی نادروستەوە دەیانناڵاند!
پەیوەندییەکانی سوریا چۆن دەبێت لەگەڵ دەوروبەر؟
دیمەشق کەوت و رژێمی سوریا روخا، بەوەش پەیوەندییەکانی سوریاش پێدەنێتە قۆناغێكی نوێوە، پرسیار ئەوەیە، دراوسێكان چۆن مامەڵە لەگەڵ سوریای نوێ دەكەن؟ كورد لەم نێوەندەدا چی دەچنێتەوە؟ ئەمریكای دۆناڵد ترەمپ چی لە سوریا دەوێت؟ هێشتا زووە وەڵامی ئەم پرسیارانەمان دەست بكەوێت، بۆیە چاوەڕێی رۆژانی داهاتوو دەكەین بۆ وەرگرتنەوەی وەڵام.

ئاییندەی سوریا بەرەو کوێ؟

وتارەکانی نوسەر