یەکێتی بوون وەک شانازی

10:11 - 2024-08-19
عیماد ئەحمەد
215 خوێندراوەتەوە

عیماد ئەحمەد


یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هەر ئەو هێزە نوێیە نەبوو کە لە 1/6/1975خۆری ئومێدی لە شەوەزەنگی نائومێدیدا هەڵکرد، بەڵکو رێباز و شێوەیەکی نوێی خەبات بوو بۆ درێژەپێدانی کوردایەتی لە دوای شکست.
بیرۆکەی دروستکردنی یەکێتی هەم وەکو فکر و شێوازی رێکخستن، هەم وەکو نیمچە بەرەییش بۆ کۆکردنەوەی زۆرینەی خەڵکی شۆڕشگێڕ لە دەوری خۆی، بیرۆکەی مام جەلال بوو.
ئەو لە نووسینەکانی هەر لە ساڵانی شەستەکان و سەرەتای حەفتاکانی سەدەی رابردوو، ئەو بیروبۆچوونەی خۆی بە روونی بەیان کردبوو، بۆ ئەمەش پشتی بە چەمکی(لا حركة ثورية بدون نظرية ثورية) و(التنظيم الثوري) بەستبوو.
ئاشکرایە مام جەلال رێبەری چەپی راستەقینەی ناو بزووتنەوەی کوردایەتیی هاوچەرخ بوو، بۆیە هەر خۆی رابەرایەتیی ئەو بزاوتەی کرد، هەر خۆشی لەگەڵ ژمارەیەک لە تێکۆشەرانی تر دامەزرێنەری سەرەکی و داینەمۆی راستەقینەی یەکێتی بووە.
خەسڵەتێکی جوانی مام جەلال خۆدەرنەخستن و خۆهەڵنەکێشان بوو، ئەمەش لە بڕوابەخۆبوون و نادیدەنەگرتنی رۆڵی هاوڕێکانی بوو لە خەبات و شۆڕش و حزب و قوربانیداندا. ئاشکرایە یەکێتی لە بنەڕەتدا هەڵچوونێکی سۆزداری و هەڕەمەکی نەبوو بۆ قۆناغێکی راگوزەری و دیاریکراو، بەڵکو پێداوێستییەکی بابەتی و خۆیی کوردستان بوو. هەروەک چۆن لەگەڵ دروستبوونیدا ئەرکی هەڵگیرساندنەوەی شۆڕشێکی نوێ و بەردەوامیی لە ئەستۆگرت.
لەڕاستیدا یەکێتی لە هەموو قۆناغەکانی خەباتی شاخ و شاردا پێشەنگ بوو، زۆر هەوراز و نشێو، زۆر تاڵی و تفتی رۆژگارەکانی خەباتی تێپەڕاند، بەڵام چونکە وەکو داربەڕوو رەگوڕیشەی لە ناخی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستاندا داکوتراوە هەر بەردەوام بوو لە تێکۆشان بۆ بەدیهێنانی مافە رەواکانی گەلی کوردستان.
مام جەلال سەرەڕای ئەوەی دەیزانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ..؟ هەروەها دەشیزانی یەکێتی بەرەو کوێ؟: بەرەو بەرەی گەل و خانووەقوڕەکان و بەرەو بەرەی رەنجدەرانی بیرو بازوو و بەرەو خۆڕاگری و رزگاریی گەل و راماڵینی داگیرکەرو دامەزراندنی قەوارەی هەرێمی کوردستان. 
یەکێتی خاوەن قوتابخانەی(کەم بژی و کەڵ بژی)یە. بێگومان یەکێتی شکستی کاتی خواردووە چ لە شەڕو چ لە ململانێ ناوخۆییەکان، بەڵام هەرگیز نەڕووخاوەو نەبەزیوە، بۆیە سەرلەنوێ خۆی رێکخستووەتەوەو بە گوڕو تینێکی شۆڕشگێڕانەی تازەترەوە هاتووەتە مەیدانەوە و بەردەوامیی بە خەباتی خۆی داوە.

ئاساییە یەکێتیی نیشتمانیی لە شەڕێکدا براوە نەبێت، بەڵام هەرگیزاو هەرگیز لە ڕاستەڕێی خەباتی کوردایەتی نەدۆڕاوە و لاینەداوە. راستە لە ململانێ ناوخۆییەکاندا تووشی لە یەکترازان و جیابوونەوە بووە، بەڵام یەکێتی هەرماوە و وەکو دارحەیزەران نەچەماوەتەوە. ئەوانەشی كە کەوتبێتە دەرەوەی یەکێتیش،  بەهەر هۆیەک بووبێت دڵ و چاویشیان هەر لای یەکێتی بووەو یەکێتیش ماڵە گەورە و چەترە فراوانەکە بووە بۆ هەمووان.
ڕەنگە بتوانین بڵێین یەکێتیبوون ئالودەییەکی جوانە، تێکەڵ بە خوێن و مێشکی یەکێتییەکان دەبێت، بۆیە ناتوانن بە ئاسانی لێی دووربکەونەوە، ئەزموونی ساڵانی رابردوو-ش ئەم راستییەی دووپاتکردووەتەوە، ئومێدەوارین  ئایندەش هەر بە هەمان شێوە بێت!
ئەمڕۆ(ی.ن.ک) سەرەڕای ئاڵۆزیی بارودۆخی ناوچەکەو عیراق و کوردستان لە رووی ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسییەوە رۆڵی خۆی بینیووە و لە هەندێک بواریش سەرکەوتنی بەدەستهێناوەو رۆڵیشی زیاتر بووە لە عیراق و هەرێم و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم. ئەمەش وادەخوازێت وەکو مام جەلال وتەنی لەسەر چەپکەگوڵی سەرکەوتن خەومان لێنەکەوێت و پشتی لێبکەینەوە، چونکە ئەمڕۆ ئەرکمان قورستر بووە، خەڵکیش چاوەڕوانی زیاتر و زیاترن و پێویستە دورشمی(هێز لە یەکبووندایە) لەناو خۆمان و کوردستان و عیراقدا بەرجەستە بکەین، بەمەش رۆحی مام جەلال و سەرجەم شەهیدان شاد دەکەین. سەرەڕای هەڵەیەکیش لێرە و لادانێک لەوێ، دەتوانین بڵێین یەکێتیبوون شانازییە، چونکە دەبێتە خاوەن مێژوویەکی پڕ سەروەری و خاوەن دەیان داستانی عەسکەری و داهێنانی سیاسی و هەڵوێستی نیشتمانی و نەتەوەیی بەهێز و پرشنگدار .

وتارەکانی نوسەر