دیاردە دزێوەکان

داد لە دەست هەندێک فەرمانبەری حکومەت!

09:08 - 2024-08-20
محەمەد حەمەساڵح تۆفیق
81 خوێندراوەتەوە

- 21 -

لە زۆر وڵاتی دنیادا ئەگەر هاووڵاتی کارێکی کەوتە فەرمانگەیەکی حکومەت یان هەرشوێنێکی تر بۆ راییکردنی، هەر لە پرسگەوە بەخێرهاتن دەکرێت و رێنمایی پێویستی دەدرێتێ بۆ جێبەجێکردنی کارەکەی بەگوێرەی ئەو یاسا و رێسایەی لەو فەرمانگەیەدا هەیە و کارمەندان بەپێی ئەو ئەرکەی لە ئەستۆیانە بەدەم راپەڕاندنی کاری هاووڵاتییەکەوە دەچن و کارەکەی بۆ مەیسەر دەکەن، ئەمیش بە ئاسوودەیی لێی دێتەدەر. لە هەندێ فەرمانگەی تردا هاووڵاتی لە پرسگە یان هەر شوێنێکی تری پەیوەندیدار مامەڵەکەی پێشکەش دەکات و بۆ خۆی دادەنیشێ چاوەڕێی راییکردن و وەڵامەکەی دەکات، فەرمانبەرنێک مامەڵەکەی رادەپەڕێنێت و لەکوێدا گرفتێکی هاتەڕێ ئاگاداری دەکەنەوە بۆ چارەسەرکردن. ئەگەر نا پاش ماوەیەک وەڵامت دراوەتەوە و کارەکەت جێبەجێ بووە، بێگومان بە نۆرەی خۆت و کەس شان شانێنت لەگەڵ ناکات پێشت بکەوێت. ئەمە پێی دەگوترێت سیستمی یەک پەنجەرە، واتە لەکوێدا مامەڵەکەت رادەست کردووە هەر لەوێدا بە تەواوکراوی وەریدەگریتەوە.
لە هەرێم هەندێک فەرمانگە هەیە لەم دوو پێوەرەی سەرەوە نزیک بوونەتەوە و بوون بە نموونەی پرشنگدار، چەشنی پاسپۆرت و هاتوچۆ و وابزانم شوێنی تریش هەن. ئەمانە مایەی ستایش و رەزامەندیی خەڵکن و دەخوازێت تا زووە فەرمانگەکانی تریش هەمان سیستم رەچاو بکەن، وابزانم کارێکی زۆر گران نییە و ئەوەتا ئەزموونیشمان هەیە و سەرکەوتووە. بەڵام جێی داخە تائێستا زۆربەی فەرمانگەکانمان وەک پێویست ناچن بەدەم خەڵکەوە و لەپاڵ بوونی کارمەندی باشدا لەو شوێنانە کە مۆراڵی خۆی و ویژدانی سەرپشک دەکات و گرفت بۆ راییکردنی مامەڵەی هاووڵاتی دروست ناکات و خەڵکیش لێیان رازییە. بەڵام بەشێکی تریان وانین کە بۆ مامەڵەیەک رێت دەکەوێتە لایان هێندە کردار و ئەتواری ناشیرینیان لێدەبینیت هەرگیز حەز ناکەیت رێت بکەوێتە لایان و ناچاردەبیت بەدوای ناسیاوێکدا بگەڕێیت لەوێ یان لە شوێنێکی تر بەڵکو رویان  لێ بنێت و کارەکەت بۆ رایی بکەن. هەڵبەت ئەم دیاردەیە بووە بەباو و کەسیش گلەیی لە نەنگی و دزێوییەکەی ناکات. کارمەندی وا هەیە کە لە بەردەمیدا یان لەبەر پەنجەرەکەیدا! دەوەستی بۆ راییکردنی کارەکەت جارێ بە کەماڵی ئیسراحەتی خۆی خەریکی تەلەفۆن کردنە و مۆبایلەکەی لەگوێ ناکەوێتە خوارەوە، یان لەگەڵ هاوکارەکەی خەریکی باس و دەمەتەقێی تایبەتە، یان سەعات 10ی بەیانییە و خەریكی نانخوارنە، نەڕێز لەکات و ئەرکی خۆی دەگرێت و نە لەکات و تەنانەت پێگە و تەمەنی تۆی هاووڵاتیش دەگرێت. خۆ ئەگەر بە ترسەوە ناڕەزاییەکیش دەربڕیت ئەوە وەی بەحاڵت و دەنگیشت بەسەردا بەرز دەکاتەوە، رەنگە مامەڵەکەشت دوابخات یان هەر نەیکات. ئەم دیاردە قێزەونە ئێستا لە زۆرێک لە فەرمانگەکانماندا باوە و هۆکارەکەشی ئەوەیە بە لێشاو خەڵکی زۆر و بۆر و ئامادەنەکراو ترنجێنراونەتە ئەو فەرمانگانەوە و کەسیش ترسی ئەوەی نییە لەبەر کەموکووڕی کارەکەی لەدەست بدات و تەنانەت لەو فەرمانگەیەش بگوێزرێتەوە، چونکە بەپێی ئەم کەلتوورەی لامان باوە هەزار کەس لە بەڕێوەبەرەکە راست دەبێتەوە و پێی ناکرێت لەئاست فەرمانبەری کەمتەرخەم و تەوەزەلدا بڵێ  لەل و سیستمەکەش پشتگیریی ناکات، بێجگە لە هەزار هۆکاری تری نابەجێ، ئەمە لەحاڵەتێکدا ئەو بەڕێوەبەرە خۆیشی شایستە بێت و بە هەزار ئەملاوئەولا ئەو پێگە و پۆستەی بۆخۆی نەبچڕیبێت.

وتارەکانی نوسەر