یەکڕیزیمان بە خواستی خۆمان نییە؟

11:04 - 2024-08-22
هیوا محەمەد
360 خوێندراوەتەوە

تێناگەم ئەم هەموو جەخت کردنەوەیە سەبارەت بە یەکڕیزی کورد بەرامبەر بەغدا، سیناریویە یان کوتانی ئاسنی ساردە؟
وڵاتانی ئیقلیمی هەریەکەیان لە رێگەی حزبێکەوە هەژموونی خۆی داناوە و دەستوەردان دەکات لە ناوخۆی عیراق و هەرێم، ئەوانیش خۆیان نەک هەر هاوئاراستە نین، بەڵکو زۆرجار نەیاری سەرسەختی یەکترن.

بەم نەخشە سیاسییەی ئێستاوە کە تێیداین لە ناوخۆ و دەرەوە، ئومێدی یەکڕیزی و یەک هەڵوێستیی کورد لە بەغدا نییە و رێگەشمان پێنادرێت هەمان بێت

 ئەگەر یەک لەوانە تورکیا بێت، ئەوە دەبێت بڵێین تورکیا لە کوێدا و کەی و چۆن بەرژەوەندیی کوردی پاراستووە و کوردی خۆش ویستووە تا بێت و ئامۆژگاریی ئەم دۆستەی خۆی لە هەرێم بکات و بڵێت بەرەو بەغدا بەیەکڕیزی بڕۆن با شیعە زوڵمتان لێنەکات! 
ئەگەر یەک لەو وڵاتانە ئێران بێت، چۆن رێگە دەدات یەکگرتنێکی وەها لەژێر چاودێری و خواستی سعودیە و تورکیا و بە سەرپەرشتی ئیمارات دروست ببێت و پێگەی دۆستەکانی بخاتە ژێر مەترسییەوە؟

دەیان کۆسپ و رێگریی هەن
ئەگەر لە ناوخۆی عیراق چەندین گروپی جیاوازی مەزهەبیی چەکدار هەبن و تیایاندا هەبێت هەڵوێستی زۆر شۆڤێنیستانە بێت بەرامبەر کورد، جگە لەمەش کۆنە بەعسییەکان و شۆڤێنیستانی دیکەی عەرەب هەبن و رێگر بن لە گەشەی هەرێم و هەمووشیان لە پەرلەمان و حکومەتدا بن و هەژموونیان هەبێت، ئیتر لەگەڵ کام بەرە دەچیتە پێش و یەکڕیزی دەنوێنی؟
ئەگەر لەناوخۆی هەرێم لە بانگەشەی هەڵبژاردندا و بە ئاشکراو لە رێگەی کەناڵەکانەوە هەر حزبە و لایەنی بەشدار هێندەیان هێرش کردبێتە سەریەک و هیچیان لە هەگبەکەیاندا نەهێشتبێتەوە، ئیتر چۆن دەتوانن ئەم هەموو یەکتر شکێنە لێرەوە یەکڕیز بن بۆ بەغدا؟

دەچنە ناو لایەنە نەیارەکانەوە
ئەگەر ئەوانەی لە پێش ئەم هەڵبژاردنە لە بەغدا بوون و لەناو ئەنجومەنی نوێنەراندا بووبن بە چەند پارچە و فراکسیونەوە و خۆیان خزاندبێتە ناو لایەنە مەزهەبییەکان و رۆژانە لەسەر حکومەتی هەرێمەکەی خۆیان خوێندبێتیان و سووکیان کردبێت، ئیتر ئەم گۆچانە سیحراوییە چۆن پەیدا دەبێت و هەموان یەک دەخاتەوە؟
ئەگەر تێڕوانینمان لە ناوخۆماندا وەک لایەنە سیاسییەکانی هەرێم لە بەرامبەر دۆخی عیراق و سیستمی فیدڕاڵی و بودجە و مادەی 140 و ناوچە کێشە لەسەرەکان، هێندە جیاواز بێت کە هەریەکە لە ئاوازێک بخوێنێت، بەجۆرێک لایەنێک ریفراندوم بکات و ئەوانی تر بە مەجبوری پەنجەیان مۆر کەن و دواتر سەرکەتوو نەبێت، ئیتر خێرە ئەم یەکڕیزییە وا بە پەلە یەک بخرێت؟

بیرکردنەوەی ناسیونالیستی رێگەپێدراو نییە
ئەگەر بیرکردنەوەی ناسیونالیستیی ئێمە وەک کورد لەژێر چەند کوتەکێکی هەڕەشە ئامێز و سەرکوتکەرانەدا بێت و هەر کاتێک هەستیان بە جووڵەمان کرد تێمان سرەوێنن، ئەگەر زلهێزەکانیش لەسەروویانەوە ئەمریکا تەنها وەک داردەست و سەرکوتکەری تیرۆریستانی داعش بەکارمان بێنێت،  ئەگەر ماکرۆنی فەرەنسا پێمان بڵێت ئازایەتی ئێوە لە بەرامبەر داعش لە بیر ناکەین و بەس، ئیتر کێ رێگەمان پێدەدات بڵێین یەک دەنگ و یەکڕیزین بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانی کورد لە عیراق؟
ئەگەر دەیان شوێنی ئەم هەرێمە بووبێتە مۆڵگەی سوپای تورکیا و سەدان گوند شوێنەکانیان لە ترسی بۆردومانی فڕۆکە چۆڵ کردبێت، ئەگەر ئەوان ناوچەکانیان خستبێتە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆیانەوە و لە نان و ئاوی ئێمە بخۆن و بێ گوێدانە هیچ یاسایەکی نێودەوڵەتی سنوورەکانی ئێمەیان بەزاندبێت و بە بڕیاری پەرلەمانی وڵاتەکەیان خاکی ئێمەیان داگیرکردبێت، ئیتر ئێمە بە چ روویەکەوە بچینە بەغدا و تەحەدای نەیارەکانمان بکەین؟ کەسێک لەوان پێمان ناڵێت حاڵی پاشەڵتان جوانە؟ پێمان ناڵێن ئەگەر یەکڕیز بوونایە نەتاندەهێشت خاکتان داگیر بکرێت و سەربازانی وڵاتێکی تر چاوی تێتان بڕیبێت؟
هەرچەندە دەیهێنین و دەیبەین بەم نەخشە سیاسییەی ئێستاوە کە تێیداین لە ناوخۆ و دەرەوە، ئومێدی یەکڕیزی و یەک هەڵوێستیی کورد لە بەغدا نییە و رێگەشمان پێنادرێت هەمان بێت، دەبێت بەم جۆرە بین تا گۆڕانکارییەکی گەورە بە ئاراستەی پێچەوانەی ئەمەی کە ئێستا هەیە بێتەدی و قەڵایەکمان بۆ دروست ببێت کە پاڵی پێبدەینەوە، ئەوکات ئەم یەکڕیزییە بە هەوڵی خۆمان دروستدەبێت.

وتارەکانی نوسەر