کێ کەمتەرخەمە لە کێشەی نەناردنی مووچە؟

09:34 - 2024-08-28
هیوا محەمەد
129 خوێندراوەتەوە

هیوا محەمەد

 

هەر لە ئەزەلەوە مرۆڤ هەوڵیداوە بژی، لانیکەم خۆی ماندوو کردووە بۆ ئەوەی شتێک بەدەستبێنێت کە خۆی نیەتی، بۆ ئەمەش لەبەرامبەر بەدەستهێنانی ئەو پێویستییەدا وزەی بەخشیوە.
 ئاسانترین نموونە ئەوەیە کە لە پێناسەی گوندنشینەکاندا، دەوترێت بەروبوومە ئاژەڵییەکانیان و کشتوکاڵییەکانیان دە‌هێننە شار و دەیفرۆشنەوە و ئەو کەلوپەلانەی پێدەکڕن کە خۆیان نیانە، واتا وزەی بەکارهاتوو و ماندوێتی خۆیان دەگۆڕنەوە بەو پێداویستییانەی لە دەسەڵاتی خۆیاندا نییە بەدەستی بێنن. ئەمە هاوشێوەی کار و ماندووبوونی ئەو کەسانەیە کە لە شوێنێکدا کار بۆ حکومەت دەکەن و حکومەتیش لەبەرامبەردا بەپێی یاسا و گرێبەست مانگانە مووچەیان دەداتێ.
تاکەکان خۆشحاڵن کە لای دەزگایەکی حکومی دادەمەزرێن، چونکە پاشەڕۆژێکی باشیان دەبێت و خانەنشین دەبن و تامردن سوودی لێدەبینن، بەڵام لە چەند ساڵی رابردووەوە دۆخێکی خراپ بەسەر مووچەدا هاتووە لەم هەرێمە و تائێستاش چارەسەر نەکراوە، وایکردووە کە مووچەخۆران خۆزگە بە ژیانی کرێکارێکی سادە دەخوازن.
هەرچی بەغدایە دەیان جار ناردنی مووچەی راگرتووە، بەو بیانووەی کە ژمارەیەکی زۆر ناو لە لیستەکاندا هەیە و لەراستیدا بوونیان نییە و وەک دەڵێن (وەهمین)، هەولێریش وەک حکومەتی هەرێم، ئەگەرچی لەو ماوە رابردووە قەیراناوییەدا زیاتر لە وەزیرێکی مالیەی بەخۆیەوە بینیوە، بەڵام لیستەکانی کە دەدرێنە بەغدا، وەک دەڵێن تا ئێستا لەو ناوە وەهمیانە خاوێن نەکراوەتەوە کە چەندین ساڵە هەر هەبووە و بۆ شتی تر بەکارهاتووە و بۆتە هۆکاری دروستبوونی کێشەی ناردنی مووچە لە بەغداوە.
دادگای فیدراڵی بڕیاریدا کە دەبێت مووچەی کارمەندانی هەرێم لەکاتی خۆیدا بنێردرێت، زۆرێک کردیانە دەستکەوتی خۆیان و لەرێگەی هەواڵی بەپەلەوە کردیانە مژدە، بەڵام ئەو بڕگەیەی بڕیارەکەی دادگایان باس نەکرد کە بەدوای بڕیارەکەدا دێت و هەرێم ناچار دەکات کە دەبێت هەموو زانیارییەکانی مووچەخۆران بە راست و دروستی بداتە بەغدا.
ئێمە لە هەرێم ناکرێت پێش بەغدا خۆمان تاوانبار بکەین، بەڵام دەکرێت بپرسین: ئایا ئەگەر بەغدا بیانوو دەگرێت و لەپڕ دەڵێت 30 هەزار کەس لە لیستەکاندا هەیە و راست نین، ئەی بۆچی حکومەتی هەرێم بە ئاشکرا وەڵام ناداتەوە یان بۆچی ناگەڕێتەوە بۆ دادگای فیدراڵی و سکاڵا تۆمار بکات؟ هەر وەک ئەو تانە و سکاڵایانەی لە هەمواری یاساکانی هەڵبژاردندا دەیکرد!
کێشەی مووچە سیاسیی نییە، بەڵکو ئابووری و حساباتە، واتا نەبوونی متمانەیە بەو ژمارانەی دەدرێنە بەغدا، یەک و یەک دەکاتە دوو، بوونی چەند هەزار کەسی وەهمی واتا دەیان ملیار دینار، ئەمەش ئەگەر راست بێت، کە وەردەگیرێت دەچێتە گیرفانی کێوە؟ 
دەخرێتە خزمەت سوپای نیشتمانیی هەرێمەوە؟ دابەشدەکرێت بەسەر گوندەکاندا کە سەردەمێک بوو لانەی پێشمەرگە بوون؟ دەدرێتە هەژارانی سەر شەقامەکان؟ دەدرێتە نەخۆشخانە گرنگەکانی هەرێم وەک نەخۆشخانەی چارەسەری شێرپەنجە؟ یان دەکرێتە دۆلار و دەخزێنرێتە قاسە شاردراوەکانەوە؟ یان دەکرێتە باڵەخانە و بە رەشوڕووتی ئەم میللەتە دەدرێتەوە بە کرێ؟
بەغدا نایەتە ناو هەرێم و بگەڕێت بزانێت فڵان ناو کە لیستەکەدا هەیە بوونیان هەیە یان نا؟ ئەگەر ئەوان گومانیان هەیە با لێکۆڵینەوە بکەن و بگەنە راستییەکان، تا چیدی ئەم خەڵکە نەبێتە قوربانیی دزی و نادیاریی ناوی مووچەخۆران. 
ئەگەر بەغدا ئەمە نەکات، با حکومەتی هەرێم دەستهەڵبگرێت لەو سیاسەتە ناشەفافە و چیدی ئازاری خەڵک نەدات، چونکە لەهیچ جێیەکی ئەم جیهانە، کەسێک ناتوانێت رۆژانە لە شوێنێک کار بکات و دواتریش مووچەکەی وەرنەگرێت لە کاتی خۆیدا، چونکە ئەو مووچەیە سەرچاوەی درێژەپێدانی ژیانییەتی.

وتارەکانی نوسەر