گەورەیە بۆ خاوەنەكەی، چ جای ئەوەی خیانەتەكە لە نیشتمان و دژ بەگەلەكەی خۆت بێت، كە لەهەموو جیهان و لای هەموو میللەتان بێزراوە، بەڵام ئەمە لای پارتی دیموكراتی كوردستان وەكو شانازیی سەیر دەكرێت، كە ئەوەش پێچەوانەی عەقڵ و لۆژیكە.
لەبری شەرم
ئەوەی سەیرە، پارتی ئەوەندە روو قایمە، هەردەم خیانەت و شكستەكانی وەكو شانازی و دەسكەوت بە هەوادارانی دەفرۆشێتەوە، هەر لە ئاشەبەتاڵی 1975 و تا دەگات بە 31ی ئابی ساڵی 1996، هەریەك لەو دوو رووداوەش نەهامەتی گەورە و زەربەی كوشندەی بە كورد و دۆزە نەوتەوەییەكەی لە كوردستانی عیراق گەیاندووە.
لە 31ی ئابدا، خیانەت و ناپاكی پارتی وایكرد، سەدان پێشمەرگە و هاووڵاتی شەهید بن و سەدان ئەندامی ئۆپۆزسیۆنی عیراقیش كە لەهەولێر جێگیربوون، لەسەر شەقامەكان بكوژرێن بەچاو ساغی پارتی و ئەندامانانی ئەو حزبە، هەروەها بۆ یەكەمجار بوو هەولێر لەدوای رزگاربوونی لە راپەڕینە مەزنەكەی ساڵی 1991 بە پۆستاڵی گاردی كۆماری و سوپای حزبی بەعس پیس بكرێت و هەزاران خێزان و ئەندامانی یەكێتیی و حزبە كوردی و عەرەبییەكانی تریش هەولێر جێبهێڵن، تانك و زریپۆشەكانی بەعس ببرێنە ناو پەرلەمانی هەرێمی كوردستان لە هەولێری پایتەخت، مەترسی گەورەش بكەوێتە سەر هەرێم و كوردیش پاڵپشتی نێودەوڵەتی لەدەستبدات، دواجاریش بەڵانسی هێز لە هەرێم بگۆرێت.
دوای 28 ساڵ لە خیانەتە ئابڕوبەرانەكەی، پارتی لەبری ئەوەی شەرم دایگرێت و داوای لێبوردن لە میللەت بكات، دێت خوێ دەكات بەسەر ئەو برینەی لە جەستەی ئەم نەتەوەیەدا دروستیكردووە
دوای 28 ساڵ لە خیانەت
دوای 28 ساڵ لە خیانەتە ئابڕوبەرانەكەیان، پارتی و سەركردەكانی ئەو حزبە، لەبری ئەوەی شەرم دایانگرێت و داوای لێبوردن لەمیللەت بكەن و هەوڵی پاراستنی ناو ماڵی كورد بدەن، هاتوون خوێ دەكەن بەسەر ئەو برینەی لەجەستەی ئەم نەتەوەیەدا لە كوردستانی عیراق دروستیان كردووە و 31ی ئاب وەكو دەسكەوت بۆخۆیان هەژماردەكەن.
لەكاتێكیشدا كە ئەوان ئیدیعای كوردایەتی دەكەن، ئەوە لەبیر خۆیان دەردەهێنن، ئەو بەعسەی ئەوان پشتیان پێ بەست بۆ لێدانی براكانیان، 8 هەزار بارزانی و هەزاران كوردی فەیلی و پێنج هەزاری هاووڵاتی كوردی لەكیمیابارانی هەڵەبجە كوشت و لە هەڵمەتە بەدناوەكانی ئەنفالیشدا 182 هەزار هاووڵاتی كوردی لەناوبرد، ئەمە چ جای ئەوەی هەزاران كەسی تری لەم میللەتە لە ماوەی سی ساڵی حوكمیدا لەناوبرد.
لەبەر هەموو ئەوەی وتمان، پێویستە هاووڵاتی هەرێمی كوردستان، لەهەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی كوردستان و هەر هەڵبژاردنێكی تر، سزای ئەو حزبە بدات كە خیانەتی كردووە بە دەیدەنەی خۆی و رۆژێك بەعس و رۆژێك سوپای داگیركەری وڵاتان دەهێنێتە سەر خاكی هەرێم و سڵ لەهیچ شتێك ناكاتەوە، لەپێناوی بەرژەوەندی خۆیدا، هەتا ئەگەر ئەو كارەی مەترسی بۆ سەر هەرێمی كوردستان و دۆزی گەلی كورد دروست بكات.