ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
رۆژانە لێرە و لەوێ، گەورە و بچووك، باس لە بوونی واقیعیەت و كەڵەكەبوونی كێشەكان دەكەن، نەك هەر چین و توێژی خوارەوەی كۆمەڵگە، بەڵكو تەنانەت ئێستا لێپرسراوان خۆیشیان ئاگەداری ئەو راستییەن كە قەیران و كێشەكان لە هەرێمی كوردستان زۆرن و هەندێكجاریش داوای لێبووردن لە هاووڵاتیان دەكەن، بەڵام ئەوەی نییە یان كەمە، هەوڵەكانە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و كۆتایی پێهێنانیان.
وەك روونیشە، پەیوەندیی نێوان دەسەڵات و هاووڵاتی، پەیوەندییەكی راستەوانە و تەریبە بە یەكتر و كاریگەریشیان بۆ سەر یەكتر زۆرە، چەندە ئەم پەیوەندییە دوور و فرەكەلێن و ناكۆك بێت بە یەكتر، هێندەش هاووڵاتیان دووردەبن لە بەشدارییان لە پرۆسە سیاسی و دیموكراسییەكاندا، بە پێچەوانەشەوە چەندە دەسەڵات و هاووڵاتیان نزیك بن لە یەكتر، هاووڵاتیانیش زۆرتر و زیاتر بەشداریی كردەی سیاسی دەكەن، ئێستا كە هەرێمی كوردستانیش لە بەردەم ئەزموونێكی نوێی هەڵبژاردندایە، پێویستە لێپرسراوان زیاتر نزیك ببنەوە لە هاووڵاتیان تا هاووڵاتیانیش زیاتر بڕوایان بە هێزی دیموكراسیانەی دەنگدان هەبێت و لەو رێگەیەوە دەسەڵات و لێپرسراوان ناچار بكەن كار لەسەر پڕكردنەوەی پێویستی هاووڵاتیان بكەن.
«كوردستانی نوێ» وەك دەستپێشخەرییەك لە نێوەندگیریی نێوان دەسەڵات و هاووڵاتیاندا، هەفتانە لاپەڕەیەكی خۆیی تەرخانكردووە بۆ بە بەرچاوخستنی ئەو كێشانەی هاووڵاتیان كە لە ناوچە جیاوازەكانی كوردستانەوە بۆ رۆژنامەكەی دەنێرن، بەڵام مەخابن زۆرجار كێشەكان بەهەڵپەسێرداوی دەمێننەوە و لێپرسراوان بە ئەندازەیەكی پێویست نزیك نابنەوە لە داواكاری هاووڵاتیان و ئەمەش رەنگە نائومێدی و رەشبینیی بەرهەمبهێنێت.
دەتوانین بڵێین، هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان هوشیارییەكی باشیان هەیە، ئەگەر لێپرسراوان بایی ئەوەندە خزمەتیان بكەن كە تموحی ئەوان پڕ بكاتەوە، ئەوا هاووڵاتیانیش زۆر بە گەرم و گوڕی و دڵگەرمییەوە بەشداری هەڵبژاردن دەكەن و ئەوەش بە باشترین رێگە دەزانن بۆ دابینكردنی مافە سەرەتایی و سیاسی و كۆمەڵایەتی و مەدەنی و ئابووری و ئەمنییەكانیان.
ئەم دێڕانە، جارێكی تر بۆ بەرچاوی لێپرسراوانی هەرێمی كوردستانە، ئەگەر دەتانەوێت هاووڵاتیان كاری دەوڵەتداریی لە لایەك و وێنەی پرۆسەی دیموكراسیی هەڵبژاردن لەلایەكی ترەوە جوانتر بكەن، ئەوا هەرچی كەلێن و دووری نێوان خۆتان و هاووڵاتیانە لە رێگەی خزمەتكردنیانەوە كۆتایی پێبهێنن.