ناونیشانی سەرەوە لەنیوە دێڕێکی حەمە ساڵح دیلانی شاعیری شادڕەوان خوازراوە، لێ بۆ دۆخی ئێستای کەرکوک زۆر لەبارە،، هەڵبەت ئەوەی کە دەبێت سۆراغی کەرکوکی لێبپرسین نە حەسەن تۆرانە نە راکان جبوری، ئیتر ئەوان بچنە بەغدا یان نا، مەگەر هەر خەبەری ئاکسانجۆکە بزانن، کە نازانم بۆ لەم بارودۆخەدا گەیەنرایە ئاسمانی شارەکەی ئەسیری وعەتا تەرزی باشی، باشترین کەس بۆ ئەوەی هەواڵی کەرکوکی لێبپرسین سایق تەکسییەکان و دوکاندارەکانی ئەحمەد ئاغایە، بە هیوام حاکمی شاریش سۆراغی شار هەر لەوان بپرسێت، نەک لەو دەوروزەر و دەست و پێوەندە کە هەندێجار هەواڵەکان بەپێی خواست و ویست و دڵی سەردارەکەیان تیف تیفە دەدەن.
کەرکوک ئیتر پێویستی بە ئارامی و ئاسایشە، ئەو شارە لەوەتەی هەیە ماندوو دەکرێت، لە سەفینەکانی شۆڕیجە و دوکانەکانی ژێر قەڵا ماندوتر ئەو شارەیە، کە هێشتا مرۆڤ نازانێت سۆراغی لە قالەی خوشکەزای ئەسیری بکات، یان لە چەمی خاسەی بێناز کە مەگەر هەر زستانان کەمێک بیکا بەهاژەو لرفە و بای باڵی خۆی بدات و چیرۆکەکانی ناوشوان بەرێ بۆ ئەو خوارە، چیرۆکی تاڵان و وێرانی و ئەنفال و گوند روخان، لەهەموو بارودۆخێکدا دەبێت پارێزگاری کەرکوکییەکان هەواڵی شار لەکەرکوکییەکانی نێو بازاڕ و کوچە و کۆڵانەکان بپرسێت، نەک لە ئەفەندییەکانی پشت مێز، ئەوان کەمتر زانیاریان لایەو زانیاریشیان لابێت ئاوەژووی دەکەنەوە.
شتێک لەدڵمدایە بیست ساڵە دەیهێنم و دەیبەم، باشە ئەگەر کەرکوک بکرێتە سەد زۆنی بچوکەوە و لەهەر زۆنێ دوو کەس ژن و پیاوێک لەسەر رای خەڵکی زۆنەکە بکرێنە نوێنەر و پارێزگار، مانگی یەک جار و لە هۆڵێکدا لەگەڵ هەموویان کۆبێتەوە و سۆراغی ورد و درشتی شار بکات، باشتر نییە لەوەی وێنەی شارەکە لەکەسانێکەوە وەربگرێت، کە دەشێ دەستکاری وێنەکە کرابێت.
من دڵم دەڵێ، کەرکوک ئەگەر دەر و دراوسێ و هەندێک لەمشەخۆری ناوخۆیی لێیگەڕێن، هەموو رۆژێ نا هەموو مانگێ جوانتر خۆی دەنوێنێ، کەرکوکییەکان دەیانەوێ جوانی و تەبایی بگەڕێتەوە بۆ شارەکەیان، جوانی بۆ پشووی چاو، تەباییش بۆ ئەوەی چیتر کەس بە کێشەی کەرکوکییەکانەوە بازرگانی نەکات، بۆ ئەمە پەیام و پڕۆژە و پلان پێویستن، لێ ناکرێت هەر بڵێین جارێ کاتی رەخنە نییە، پێویستە رەخنەش بگیرێت، خۆ هەندێ جار رەخنە بەس نییە قونجڕکی دەوێ، قونجڕکی کەرکوکی نقورچی شوێنەکانی دیکەیە، بەڵام بەناوەکەی بێت ئازاری زۆرترە.