ئەوەی خاوەنی عیراق بێت خاوەنی جیهانە

09:51 - 2024-09-04
ئارام عه‌لی عه‌زیز
377 خوێندراوەتەوە

ئارام عه‌لی عه‌زیز

 

عیراق بە كوردستانەوە لانكەی  شارستانیەتە، چەندین شارستانیەتی دێرینیشی تیادا بنیاتنراوەو لە هەموو روویەكەوە خزمەتێكی گەورەی مرۆڤایەتی كردووە. ئەم شارستانیەتانە  تەم و مژی نەزانین و جەهالەتی بە پرشنگی خۆری مەعریفە رەواندۆتەوەو دەوروبەرو و ناوچەكە و جیهانی رووناك كردۆتەوە.
 دیارە هیچ شارستانیەتێك بە بێ فكر و هیچ فكرێكیش بە بێ خودا بوونی نابێت. عیراق بە كوردستانەوە بەهەشتی ئادەن و سەرزەمینی میعاد و  نشینگەی پێغەمبەران و نێردراوانی خودایەو لە قۆناغە جیاجیاكاندا رۆڵی گەورەی لە روبەڕوبوونەوەی  هێزی شەڕ و خراپەدا بینیوە، هەر لە بیدایەتی خەلیقەوە بگرە تا سەردەمی داڕمانی ئەمڕۆی ئینسانیەت و تاكە ئومێدی مرۆڤایەتییە. عیراق لە رووی كەش و هەواوە هەر چوار وەرزی تیادا دەنەخشێنرێت، سەرزەمین و بن زەمینەكەی گەورەترین سەرچاوەی دەوڵەمەندی ئاو و، غاز و نەوت و كانزای جیاجیایە. لەبەر ئەوە بە درێژایی مێژوو دووچاری پەلامار و داگیركاریی هێزی خراپە و شەڕخوازان بۆتەوە، كە لەلایەك بۆ خامۆشكردنی  چرای رێبەرایەتی مێژوویی و ئینسانیی ئەم خاكەو، لەلایەكی دیكە بۆ دەستبەسەرداگرتنی خێروبێرەكەی بووە.

 

عیراق بە كوردستانەوە بە حوكمی جیۆپۆلیتیكیە ئایینیە - شارستانییەكەی رۆڵێكی پێشڕەوایەتی گەلانی ناوچەكەی لە مێژووی دێریندا گێڕاوە

عیراق بە كوردستانەوە بە حوكمی جیۆپۆلیتیكیە ئایینیە - شارستانییەكەی رۆڵێكی پێشڕەوایەتی گەلانی ناوچەكەی لە مێژووی دێریندا گێڕاوە، تاوەكو عیراق و گەلانیشی لاواز نەكرابێت نەتوانراوە دەستبەسەر ناوچەكەدا بگیرێت. لەم بارەیەشەوە دەبینین دابەشكردن و داگیركردنی كوردستان كراوەتە بنەمای دامەزراندنی سیستەمی ستەمكاریی ئیقلیمیی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و،  بە قەتلوعام و بەگورگان خواردوودانی كوردیش بە دەستی ئەملا و ئەولا پێشڕەوییە مێژوییەكەی گەلانی ناوچەكە لێدراوە، بەمەیش سەر لە جەستە جیاكراوەتەوەو گەلانی ناوچەكە بەبێ رێبەرایەتیی راستەقینە ماونەتەوەو، شۆفنیزمی نەتەوەیی و مەزهەبیش پەرەی پێدراوە.
دەوڵەتانی زلهێز، بە تایبەت پێنج لایەنەكەی شەڕ، باش دەزانن، كە عیراق و كوردستان بە حوكمی پێگە ئایینیی و شارستانیەكەی مقەوماتی رێبەرایەتی مێژوویی بووژانەوەی شارستانیی و مقەوماتی رزگاركردنی ئینسانیەتی هەیە، وەكو مۆدێلێكی سەردەمیانەی رێبەرایەتی مرۆڤایەتی. لەبەر ئەوە دوای هەڵوەشانەوەی هەموو پلانەكانی 21 ساڵی رابردوویان دژ بە عیراق و كوردستان،  بە تایبەت دوای حەوتی ئۆكتۆبەر و ئاماژەكانی بەرەو نەمان چوونی دەوڵەتی جوولەكە، كە بەردی بناغەی سیستەمی ستەمكاری ئیقلیمییە، عیراق و كوردستان لە ژێر ناوی جیاجیا كراونەتە گۆڕەپانی تەراتێنی هێز و سوپای دەوڵەتانی ئیقلیمیی لە لایەك و  لە لایەكی دیكەیش  بە سیناریۆی جیاجیا هەوڵی لە یەكدابڕین و بەشەڕهێنانی حزب و پێكهاتە جیاوازەكانی دەدرێت، هەموو ئەمانەیش بۆ لاوازكردنی رۆڵی چاوەڕوانكراوی پێشڕەوایەتی كوردستان و عیراقە، بەڵام لەبەر ئەوەی پێشەنگەكەی مێژووكردەو لە ئاركۆلۆجیادا بە شێرەكەی بابل  نمایش كراوە، دڵنیا بن هیچ سیناریۆیەكی دوژمنكارانە سەرناگرێت، مژدەش بێت لە عیراق و كوردستان، ئاماژەكانی بووژانەوەی سێهەم وەكو رۆژی رووناك وا دەبینرێت و دوژمنانی دوور و نزیكی هەراسان كردووە. پیرۆز بێت لە گەلانی ناوچەكەو مرۆڤایەتی.

وتارەکانی نوسەر