سیاسەت، چەمكە بەربڵاو و نوێباوەكەی ژیانی سەرمایەداری، بریتییە لە میتۆد، یاخود ستراتیژێک بۆ حوكمڕانی و بەڕیوەبردن، جا ئەم چەمكە و ئەم پێناسەیە هەر لە دەوڵەتدارییەوە هەتا بۆ كاروباری تایبەتیش هەر راستە و جیاوازیی بیروڕا سیاسییەكان وەك هۆكاری سەرەكیی ململانێكان خۆی دەنوێنێت، چونكە هەر گروپێك یاخود حزبێك تەنانەت کەسێکیش، ئایدیۆلۆژیا و رێگای تایبەتی خۆی هەیە بۆ سیاسەتكردن و رێسای خۆی هەیە بۆ بەڕیوەبردن. لەگەڵ رۆژ بەڕۆژ ئاڵۆزتربوونی سیاسەت و شێوازی نوێی بەڕێوەبردن و قووڵبوونەوەی جیاوازیی بیڕورای سیاسی، لایەنێكی شاراوەی ئەم چەمكە كە تائێستا زۆر كەم و دەگمەن قسەی لەسەر كراوە، بریتییە لە پۆلێنكردنی شێوازەكانی سیاسەتكردن و بەڕیوەبردن.
مەبەست لەم پۆلێنە، دیاریكردنی رێژەی راست و دروستی ئەم سیاسەت و بەڕێوەبردنەیە، دیاریكردن و پەنجە خستنە سەر هەڵەكان و نووسینی راپۆرت و توێژینەوەیە لەسەر هەڵە و كەموكوڕییەكان، هەروەها دۆزینەوەی چارەسەر و خستنەڕووی نەخشەڕێگەی دروستە بە سوودوەرگرتن لە هەڵە و كەموكوڕییەكانی رابردوو، ئەم پۆلێنكردنە بۆ سیاسەتی گشتی یاخود ئەگەر بازنەكە بچووكتر بكەینەوە بۆ سیاسەتی دەوڵەتداری و حوكمڕانی راستە، چونكە ناتوانیت زۆر بچیتە ناو كاروباری تایبەتییەوە، بەڵكو قسەی ئێمە لەسەر ئەو سیاسەتەیە كە پەیوەندیی راستەوخۆی بە ژیان و گوزەرانی خەڵكەوە هەیە، ململانێ سیاسییەكان زۆرجار ئەوەندە قووڵدەبنەوە، كە ئەگەر كارزان و لێزان نەبیت، رەنگە بكەویتە كۆمەڵێك بڕیاری هەڵەوە كە بە زیان بۆ خۆت و خەڵكەکەش بكەوێتەوە، بەتایبەتی كاتێك لە ناوەندی بڕیارداندا بیت.
ئەگەر چاوێکی خێرا بخشێنین بە چەند ساڵی رابردووی دۆخی حوکمڕانیی هەرێمدا لە ئەنجامی كۆمەڵێك بڕیاری هەڵە و كرچ و كاڵەوە، رووداو گەلێك روویانداوە كە خەریكە لە حوكمڕانییەكی نیمچە سەربەخۆوە، بەرەو حوكمدانمان دەبەن.
لە دەستدانی بەشێكی خاكی كوردستان و راگرتنی فرۆشتنی نەوتی هەرێم و بابەتەكانی بودجە و مووچە كە زۆربەی دەسەڵاتە داراییەکانی گەڕاندووەتەوە بۆ حكومەتی بەغدا، دەرئەنجامی ئەو بڕیارانەن كە بێگومان هەموو ئەو رووداوانە بە چەندین بڕیاری یاسایی و دەستووریی دەوڵەتی عیراق دەركراون، كە ئەمەیان بۆ ئەوان دەبێتە سیاسەتێكی دروست و بۆ ئێمەش دەبێتە هەڵە و كەموكوڕی.
ئەم هەموو پاشەكشە سیاسییەی تائێستا روویداوە، هیچ لێكۆڵینەوەیەك و راپۆرت و توێژینەوەیەكیان لەسەر نەكراوە، بۆیە پێویستە هۆكارەكان و دەرەنجام و رێگەچارەی لێزانانە لەسەر بنەمای یاسایی و دەستووری بكرێت بە توێژینەوەیەك و لایەنە سیاسییەكان بە جددی كاری لەسەر بكەن و بیكەن بە بەرنامەی كاری سیاسییان بۆ راستكردنەوەی رێڕەوی حوكمڕانی.
بێگومان هەموو ئەم هەڵە و كەموكووڕییانە لە چوارچێوەی سیاسەتدا بە كورتبینیی سیاسی لە قەڵەم دەدرێت كەلایەنێك بەرپرسیارێتییەكەی لە ئەستۆ دەگرێت و سندوقەكانی دەنگدانیش حوكم لەسەر دەرەنجامی ئەو كارانە دەدەن. بەڵام ئەوەی كە بەرچاوڕوونییە بۆ خەڵك لە دوای چەندین ساڵ لە لەدەستدانی حوكمڕانیی كەركوك، لەكۆتاییدا كەركوكییەكان بە دەنگ و بە سیاسەتی حەكیمانەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، توانییان ئەم هەڵەیە راستبكەنەوە و پارێزگارێكی كوردی خەڵكی شارەكە دابنێنەوە، ئەگەرچی خەریكبوو دیسان بەهۆی (كورتبینی سیاسی) لایەنێكەوە رێككەوتن بکرێت لەگەڵ هەندێک لایەندا بەبێ یەكێتی و بەبێ حسابكردن بۆ دەنگی زۆرینەی خەڵك كە سەرگرتنی ئەو رێککەوتنە بە قازانجی كورد و پێكەوەژیانی پێكهاتەكان نەدەبوو، جا ئەمە بەهۆی گوشاری دەرەكییەوە رووبدات یاخود بە کورتبینیی سیاسەتی ناوخۆیی و دیدگای راستەقینەی ئەو لایەنە، ئەوا ئەم پرسیارە دووبارە بە بێ وەڵام بەجێ دەمێنێت بۆ خەڵك.
بێگومان بۆ لێكۆڵینەوە و سەرنجدانی زیاتر لەسەر سیاسەت و بڕیاردانی هەڵە، پێویستیمان بە دەزگایەك یاخود سەنتەرێكی (چاودێری و توێژینەوەی سیاسی)یە كە پێكبێت لە چەندین پرۆفیسۆر و مامۆستای زانكۆ و خەڵكانی ئەكادیمیی بێلایەن کە راستەخۆ سەربە حكومەتی هەرێم بێت و ساڵانە راپۆرت و توێژینەوەی خۆیان پێشکەش بكەن لەسەر سیاسەت و بڕیارەكانی حكومەت و بڵاویشی بكەنەوە بۆ رای گشتی بەمەبەستی بەرچاوڕوونیی هەموو خەڵكی لەسەر شێواز و بیركردنەوەی سیاسییانەی هەموو لایەنەكان، تا لە رۆژی دەنگداندا ئەوە دەنگی خەڵك بێت بڕیار بدات.
بێگومان یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، پێش هەموو لایەنەكان دەركی بەم بابەتە كردووە و لەسەر ئەم بنەمایە بە دەنگێكی دلێرانە دروشمی «رێڕەوی حوكمڕانی راستدەكەینەوە و هەولێر وەردەگرینەوە»ی داڕشتووە، بۆئەوەی وەكو كەركوك لەسەر بنەمای دەنگی خەڵك و بۆ خزمەتكردنی خەڵك حوكمڕانی بكرێت.