جۆشدانەوەی سیاسەت لە ئایدیۆلۆژیاوە بۆ خۆشگوزەرانی

09:55 - 2025-05-15
سەریاس محەمەد سەلیم
107 خوێندراوەتەوە

بە لەبەرچاوگرتنی چەمكی سیاسەت، هەموو ئەو حزبانەی كە لەسەر گۆڕەپانی سیاسیدا ململانێی مانەوە و بەردەوامی دەكەن، سەرەتا هەریەكە و لەسەر بیر و باوەڕێك و ئایدیۆلۆژیایەك دروست بوون.

جیاوازیی حزبەكان
هەر لایەنە و لەسەر بنەمای هاوفیكری و هاوخواستی كۆمەڵێك كەس دامەزراون، هەندێكیان لەسەر بنەمای شۆڕش بۆ نەتەوە و خاك دروستبوون، بەشێكیی تریان لەسەر هاو دین و باوەڕی ئایینییەوە سەریان هەڵداوە، هەندێكیان بە هیوای ئۆپۆزسیۆن بوون لە دایك بوون، بەشێكیش سەیری گۆرەپانەكە دەكەن وەك ناوەندێكی بازرگانی گرنگ بۆ گەیشتن بە سامان و دەوڵەمەندبوون، بەراستی ناوی ئۆپۆزسیۆن بوون مەودای گەیشتن بە بەرپرسیاریەتی درێژدەكاتەوە، ئەمەش هاوتەریبە لەگەڵ درێژەدان بە بازرگانی و پڕۆژە داراییە گەورەكانیان، ئەوەی كە شایەنی لێووردبوونەوەیە، گۆرانی خواست و ئامانجی خەڵكە لەگەڵ تێپەڕبوونی كاتدا، لە سەرەتای سەڕهەڵدانی شۆڕشی نوێی گەلەكەمان بەسەركردایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، وەك تاكە شۆڕەسواری مەیدان، ئەسپی خەبات و شۆڕشی تاودا و بە گیانبازی رۆڵەكانی و رووبارێك خوێنی شەهید توانی ئامانجەكانی دامەزراندنەكەی بێنیتەدی.

خواستی زۆرینە رزگاربوون بوو لە زوڵمی بەعس
 ئەوێ‌ سەردەم گەورە و بچووك، گەنج و جوان هەمووی هاوئامانج و هاوخەبات بوون، كەڵكەڵەی شۆڕش و ئازادی كەوتبۆ مێشكیان، تاكە شت كە خواستی زۆرینە بوو رزگاربوون بوو لە زوڵم و زۆری رژێمی بەعس، راستە لەو سەردەمەدا، چەند هێزێكی تریش خەباتی چەكداریان دەست پێكرد، لە نمونەی پارتی و سۆسیالیست و بزووتنەوە و حزبی شیوعی عیراقی، بەڵام تاكە هێزی كاریگەری مەیدانەكە كە رێكخستنی ناو شارەكانی هاوشانی پێشمەرگەكانی شاخی لە خەباتدا بوو، یەكێتی بوو، لەو كاتەدا ئادیۆلۆژیا و بیری و باوەڕی یەكێتییانە هاوشان لەگەڵ خواستی خەڵك، شەڕی بەدەستهێنانی مافەكانی ئەم گەلە ستەم دیدەیە بوو، جا بە شۆڕشی چەكداری بێت یان دانوستان لەگەڵ رژێم، هەموو رێگاكان تاقیكرانەوە تا گەیشتینە راپەڕین.

لە هەرێمی كوردستان یەكێتیی دركی بە گۆڕانكارییە خێراكانی جیهان و ناوچەكە كردووە، بۆیە سیاسەتی خۆی لەگەڵ خواست و پێداویستییە نوێیەكانی خەڵكدا گونجاندووە

خواستنی خەڵك
 لە دوای دروستبوونی قەوارەی هەرێم و حكومەت و پەرلەمانی هەرێمی كوردستانیش، بەرەبەرە خواست و داواكارییەكانی خەڵك لە شۆڕش و ئازادییەوە بەرەو پێداویستییەكانی خۆشگوزەرانی سووڕا، بە واتاییەكی دیكە لەدۆخی بەرەنگاریی و شەڕكردنەوە بۆ بەدەستهێنانی مافەكان چوو، حزبی سیاسییش لەڕێگەی فیكر و بیروباوەڕەوە خەڵك هاوسۆز و پشتیوانی دەبن و ئامادەی گیانفیدایی دەبن بۆی، بەڵام لەگەڵ گەیشتنە ئامانج یاخود گۆڕانكاری لە دۆخی شەڕەوە بۆ بەرقەراربوونی ئاشتی، ئیدی سیاسەتی حوكمڕان و ئۆپۆزسیۆنیش دەبێت لە داواكارییەكانی خەڵكەوە بێت، ئەگەرنا لە پرۆسەی هەڵبژاردن و دیموكراسیدا سەرناكەون.
 یەكێك لە خاڵە لاوازەكانی دیموكراسی لیبراڵیش ئاسان بوون و بێسانسۆر بوونی دانانی حزب و كوتلەی هەڵبژاردنە، بەناوی ئازادی رادەربڕینەوە، كە بوار بە كەس و بازرگانی غەیرە سیاسییش دەدات، بگاتە هۆڵی پەرلەمان و كوورسییەكانیشی وەك پشكی كۆمپانیا سەیر بكات.
 
مۆڵەتی دامەزراندنی حزب یان قەوارەی سیاسی
لەبەرئەوەی پێویستە مۆڵەتی دامەزراندنی حزب یاخود هەر كوتلەیەكی سیاسیی، لەسەر بنەمای پێشینەی سیاسی و هەبوونی هاوفیكر و هاوبیری بێت و لەسەر بنەمایەكی فەلسەفەی سیاسی بێت، ئەو لایەنەی داواكاری پێشكەش دەكات، بەرنامە و پرۆگرامی دیار و روون و ئاشكرای هەبێت، چونكە لە هەڵبژاردندا و بە بەڵێنی باق و بریقی بێبنەمای هەندێك كوتلە و لایەن و كاندید چەندین دەنگ بەهەدەر دەدرێت.
 ئەو جۆرە كوتلانەش، هەرگیز حەز بە گەورەبوون و زیادبوونی كورسییەكانیان ناكەن، چونكە دەیانخاتە ژێر بەرپرسیاریەتییەوە، ئەوان كار بۆ چەند كورسییەكەی كەم دەكەن كە بەرژەوەندییە شەخسیەكانی خۆیانی پێ بپارێزن، لەكاتێكدا حزبە سیاسییەكانی جیهان گۆڕانكار لە هەندێك بیروباوەڕ یاخود ئایدۆلۆژیایی پێشوویان دەكەن و سیاسەتی حزبەكەیان لەگەڵ دۆخی سەردەمەكەدا دەگونجێنن، ئەوەش  بەمانای وازهێنان لە بیروباوەڕەكانیان نییە، بەڵكو بۆ باشتركردنی و گونجاندنە لەگەڵ بارودۆخ و ژیانی خەڵك.
 بۆ نمونە سەرۆكی ئەمریكا دۆناڵد ترەمپ، ئەوەنەی جەخت لەسەر پلانە ئابوورییەكان دەكاتەوەو، ئەوەنەی بەڵێنی باشكردنی پەیوەندییە دەرەكییەكانی ئەمریكا دەدا، ئەوەندەی خەریكی سەپاندنی باج و شەڕی ئابوورییە لەگەڵ چیندا، چارەكی ئەوانە ناچێتە ناوەرۆكی بیروباوەڕ و ئایدۆلۆژیا و فەلسەفەی سیاسی حزبەكەی، لە راستیشدا ئەمە سیاسەتێكی سەردەمیانەی ئەقڵانی و ژیرانەیە.

دانوستانی پەكەكە و توركیا
لای خۆیەوە پارتی كرێكارانی كوردستانیش، دوای چەندین ساڵ شۆڕشی چەكداری دژ بە توركیا، لە كۆتاییدا گەیشتە ئەو دەرئەنجامەی، لەم سەردەمەدا بە چەك و شەڕ و بە پشتی قەندیل مافەكان بەدەست نایات، بەڵكو بە گفتوگۆ و دانوستان بەدەست دێن، بێگومان ئەم كۆتایهێنانەش خواست و داواكاری چەندین ولاتانی دراوسێ و ناوچەكە و جیهانیشە، بەهەمان شێوە حكومەتی نوێی سوریا بەسەرۆكایەتی شەرع، داوی رووخانی رژێمی ئەسەد تێگەشت لەوەی كە ئیتر دەبێت كێشەكانی بە رێگای دیپلۆماسی چارەسەر بكات و دانوستان لەگەڵ هەسەدە بكات وەك هێز و لایەنێكی سەرەكی ناوچەكەو سوریا، لە هەرێمی كوردستانیش یەكێتیی پێشڕەوی گۆڕنكاری و نوێگەری دركی بە گۆڕانكارییە خێراكانی جیهان و ناوچەكە كردووە بۆیە سیاسەتی خۆی لەگەڵ خواست و پێداویستییە نوێیەكانی خەڵك گونجاندووە، هەڵكشانی دەنگ و كورسییەكانی یەكێتییش لەم چەند هەڵبژاردنەی دواییدا، دەرخەری زیندوویەتی ئەم حزبەیە، كە سیاسەت و بەرنامە و پرۆگرامەكانی لە خزمەتی خواستی خەڵكی هەرێمی كوردستان و كوردە لەعیراقدا، بەستنی كۆنگرە و بە دوایدا دیداری گشتی و گوێگرتن لە ڕاوبۆچوونی كادرەكانی یەكێتی بناغەی سیاسەتێكی راست و تێكهەلكێشە لەگەڵ داواكارییەكانی خەڵكدا.
 گۆڕانكارییەكانیس لە هەیكەلی حزبدا هەر لەو سیاسەتەوە سەرچاوە دەگرێت، كە ئامانج لێی نوێگەری و بەهێزبوون و رژدبوونیشە لەسەر خواست و داواكارییەكانی خەڵك، دواكەوتن لە پێكهێنانی حكومەتی هەرێمی كوردستانیش لە دوای چەندین مانگ بەسەر هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان، ئامانج لێی دۆزینەوەی میكانیزم و بەڕێوەبردنێكی جیاوازترە لە وانەی پێشتر، هەروەها بۆ رێكەوتنە لەسەر شێوازێكی نوێی حوكمڕانی.

سیاسەتێكی نوێ لەسەر گۆڕەپانی سیاسی
هەموو ئەمانەش ئاماژەن بە سیاسەتێكی نوێی یەكێتی، كە بە بەرگ و ئایدیۆلۆژیایەكی جیاوازترەوە لە گۆڕەپانی سیاسیی هەرێمی كوردستان و عیراقیش كار دەكات.

وتارەکانی نوسەر