سەبارەت بە رۆژنامەگەریی مۆبایل

09:23 - 2022-05-28
ئەركان جەبار
744 خوێندراوەتەوە

ئەم بابەتە ماستەرنامەیەکی پەسەندکراوی بەشی تەکنیکی میدیای زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانییە، لێرەدا لەبەر گرنگی بابەتەکە بۆ ئەم کات و سەردەمە هەفتانە بە چەند بەشێک بڵاویدەکەینەوە:
بەشی یەكەم
لە چوارچێوەی تەوژمی میدیای نوێ ‌و پێشكەوتنە تەكنیكییەكانی مۆبایلی زیرەكدا، كە بۆتە ئامێرێكی ئاسان بەمەبەستی بەرهەمهێنانی (دەنگ، مۆنتاج، تێكست، تۆماركردنی وێنە و ڤیدیۆ، پەخش ‌و پەخشی راستەوخۆ)، بوارێكی نوێ لە كاری رۆژنامەوانیی هاتۆتەكایەوە، بە رۆژنامەگەریی مۆبایل (MOJO) ناودەبرێت ‌و بووە بە جۆرە رۆژنامەگەرییەكی بەربڵاو بەمەبەستی گەیاندنی زانیاریی میدیایی هەمەچەشن بە تاكەكان. 
هاوكات ئەم رۆژنامەگەرییە، گۆڕانكاریی لە شێوازی پڕۆسەی گەیاندن لە میدیای كلاسیكدا دروستكردووە، لەگەڵ ئەوەشدا وەرچەرخانی لە رێوشوێنەكانی بەرهەمهێنانی زانیاری لە پەخشكردن ‌و بەكاربردنیدا هێناوەتەكایەوە، بەشێوەیەك ئێستا ئەو جۆرە نوێیەی كاری رۆژنامەگەری، رۆڵی هەیە لە بەرهەمهێنانی هونەرە رۆژنامەوانییە بینراوەكاندا ‌و بەشدارە لە پڕۆسەی دروستكردنی پەیامدا.
لەو چوارچێوەیەدا و لەگەڵ تەشەنەكردنی بەكارهێنانی رۆژنامەگەریی مۆبایل لە میدیای بینراودا، بەشێك لە كەناڵە هەواڵەییە جیهانییەكان، ژووری قەبەی هەواڵیان پەراوێزخستووە، لە بەرامبەردا دروستكردنی ژووری گەڕۆكی هەواڵ یان ستۆدیۆی گەڕۆك هەندێكجار بە «ژووری زیرەكی هەواڵ» ناودەبرێت كردووە بە جێگرەوە، كە لە رووی شێوازی كاركردنەوە جیاوازە و لە سیما دیارەكانی ئەوەیە، زۆر بە خێرایی هەواڵ ‌و هونەرە رۆژنامەوانییەكانی دیكەی تەلەفیزیۆن ئامادە دەكرێت ‌و دەستوبرد پڕۆسەی پەخش بەڕێوەدەچێت، بە جۆرێك دەتوانرێت لە رێگەی ئەم جۆرە رۆژنامەگەرییە نوێیەوە، هەواڵێكی وێنەیی ‌و ڤیدیۆیی بەرهەمبهێنرێت و ببێت بە لایەنێكی دانەبڕاو لە كاری رۆژنامەوانی لە سەردەمی هەژموونی میدیای نوێدا، بۆیە لەگەڵ پێشكەوتنی تەكنەلۆجیای دروستكردنی مۆبایلی زیرەك و دەركەوتنی ئاڕاستەی خێرا گەیاندنی زانیاریی بە بینەری وەرگر، دامەزراوە میدیاییە جیهانییەكان هاتنەژێرباری ئەوەی رۆژنامەگەریی مۆبایل بەشێكی گرنگ بێت لە كارە مەیدانی و پڕاكتیكییەكانیان، بەشێوەیەك ئێستا میدیاكاری بەشێكی زۆر لە كەناڵە تەلەفیزیۆنییە بەناوبانگەكانی جیهان، لە رێگەی رۆژنامەگەریی مۆبایلەوە هونەرە رۆژنامەوانییە جۆراوجۆرەكان و بەتایبەت هەواڵ ئامادە دەكەن.
پێناسەی چەمكی رۆژنامەگەریی مۆبایل
لە دەیەی یەكەمی سەدەی بیست و یەكدا، رۆژنامەگەریی مۆبایل (MOJO) بۆتە ئامرازێكی خێرا و ئاسان لە كۆكردنەوە و بڵاوكردنەوە و پەخشكردنی هەواڵدا، بە جۆرێك دەتوانرێت لە رێگەی ئەم جۆرە رۆژنامەگەرییە نوێیەوە، هەواڵێكی وێنەیی ‌و ڤیدیۆیی یەكانگیر و ئامادە بەرهەمبهێنرێت و ببێت بە لایەنێكی دانەبڕاو لە كاری رۆژنامەوانی لە سەردەمی هەژموونی میدیای نوێدا.
لەبارەی پێناسەی چەمكی رۆژنامەگەریی مۆبایلەوە، سەرچاوە زانستییە نوێیەكانی بواری میدیا و كۆمۆنیكەیشن، لە چەند گۆشەنیگایەكەوە ئاماژە بە هێڵە گشتی و ئەرك و كرۆكی ئەم جۆرە رۆژنامەگەرییە دەكەن، ئەمە جگە لە پەیوستكردنی بە بواری پێشكەوتنەكانی تەكنەلۆجیای مۆبایل و پەیوەندیی و رێكارەكان بۆ خێرا بەرهەمهێنانی مادەی میدیایی بینراو.
بەهۆی نوێی چەمكی رۆژنامەگەریی مۆبایلەوە، توێژەران و پسپۆڕانی بواری میدیا لە چوارچێوەی داڕشتنی پێناسەیەكی گشتگیردا هاوڕا نین، بەڵام لە هێڵە گشتی و ئەركەكانیدا تاڕادەیەكی زۆر هاوبەشن، بۆیە بەشێك لە سەرچاوە زانستییەكان، رۆژنامەگەریی مۆبایل بەو شێوەیە پێناسە دەكەن، «جۆرە كارێكی رۆژنامەگەرییە لە چوارچێوەی رەهەندەكانی میدیای نوێدا دروستبووە، بەمەبەستی گێڕانەوەی چیرۆكی رۆژنامەوانی، كە تیایدا ئامێری مۆبایلی زیرەكی گەیەنراو بە تۆڕی ئینتەرنێت بەكاردەهێنرێت، بۆ داڕشتن و ئامادەكردنی هەواڵ ‌و كۆكردنەوە و بڵاوكردنەوەی».
هاوكات بەشێكی دیكە لە پێناسەكانی ئەم جۆرە رۆژنامەگەرییە، پەیوەست دەكرێت بە سروشتی رووماڵی هەواڵەكان و پێیانوایە، جۆرێكی نوێی كاری رۆژنامەگەرییە رۆڵی هەیە لە بەرهەمهێنانی ناوەڕۆكی میدیاییدا، بەتایبەت رووماڵی هەواڵە بەپەلە و هەستیارەكان. لە رێگەی ئامێری مۆبایلی زیرەكەوە دەتوانرێت ڤیدیۆ و وێنە و دەنگ و تێكست تۆمار بكرێت و هەر بەو ئامێرەش، هەواڵ یاخود راپۆرت و چیرۆكە هەواڵێكی لێ ئامادە بكرێت، هەرچەندە تاڕادەیەك لە رووی كوالێتییەوە بەرهەمی ئەم جۆرە رۆژنامەگەرییە نزمە، بەڵام لەلایەن دامەزراوە میدیاییە دیارەكانی جیهانەوە گرنگی پێ دەدرێت، هاوشێوەی كەناڵە ئاسمانییەكانی (بی بی سی، سی ئێن ئێن و ئەلجەزیرە).
تیمی توێژەرانی بەشداربوو لە كۆنگرەی خوێندنی رۆژنامەگەریی كە لە باشووری ئەفریقادا بەڕێوەچوو، بەو چەشنە پێناسەی (MOJO) دەكەن، «ئەو رۆژنامەگەرییەیە کە مۆبایلی زیرەك بەكاردەهێنرێت بۆ تۆماركردنی وێنە و دەنگ و ڤیدیۆ و تێكست، دواتر بڵاوكردنەوەی هەر لە رێگەی مۆبایلەوە».
لە گۆشەنیگای تەكنیكی و تایبەتمەندێتیشەوە، بەم شێوەیە ئاماژە بە پێناسەی ئەم جۆرە رۆژنامەگەرییە دەكرێت: «هونەرێكی نوێی كۆكردنەوە و پەخشكردنی هەواڵە لە شێوەی مۆڵتی میدیادا، كە دەتوانرێت خۆی لەگەڵ تەكنەلۆجیاكانی میدیا نوێ و كلاسیكدا بگونجێنێت و بەشدار بێت لە پڕۆسەی پیشەسازی و بەرهەمهێنانی پەیامە بینراو و بیستراو و خوێنراوەكاندا، بە تێچوون و ستافێكی مرۆیی كەمەوە، ئەمە جگە لە گواستنەوەی رووماڵی رووداوەكان بەشێوەی راستەوخۆ لە رێگەی خزمەتگوزاریی Wi-Fi و G4 ەوە.
بەشێكی دیكە لە توێژەران وایدەبینن، رۆژنامەگەریی مۆبایل بریتییە لە ئاڕاستەیەكی نوێی پڕۆسەی رووماڵكردن و كۆكردنەوەی هەواڵ و زانیاری و بڵاوكردنەوەی، بە بەكارهێنانی مۆبایلی زیرەك یان تاپلێت یاخود ئایپاد، پێشبینیش دەكرێت ئەم جۆرە رۆژنامەگەرییە ببێت بە كارێكی رۆژنامەوانیی باو لە جیهاندا.
هەر لەو چوارچێوەیەدا، رۆژنامەگەریی مۆبایل یەكێكە لە خێراترین گەشەسەندنەكانی بواری رۆژنامەوانی ئاوێتەیەكە لە نێوان كاری رۆژنامەوانیی گەڕۆك و تەكنەلۆجیای نوێی گەیاندندا، كە لە رێگەیەوە رۆژنامەوانی راهێنراو دەتوانێت بە مۆبایلی زیرەك هەواڵ كۆبكاتەوە و دایڕێژێت و وێنە و ڤیدیۆ و دەنگ تۆمار بكات و پاشان وەكو هەواڵێكی یەكانگیر و لە رێگەی تۆڕەكانی پەیوەندیی یاخود هێڵی ئینتەرنێتەوە بڵاویبكاتەوە.
لە دوای خستنەڕووی ژمارەیەك پێناسەی تایبەت بە چەمكی رۆژنامەگەری مۆبایل لە زۆربەی لایەنەكانیەوە، روونبۆتەوە هەر سەرچاوەیەكی زانستی لەسەر بنەمای تایبەتمەندێتی و ئەركەكانی ئەم جۆرە رۆژنامەگەرییەوە پێناسەیان بۆ داڕشتووە، بەڵام زۆربەیان جەخت لەسەر بەكارهێنانی مۆبایلی زیرەك دەكەنەوە، بەو واتایەی زۆرترین فۆكس خراوەتە سەر ئامرازی (tool) رۆژنامەگەرییەكە، بۆیە دەتوانرێت بوترێت بیرۆكەی رۆژنامەگەریی مۆبایل زادەی گۆڕانكارییەكانی تەكنەلۆجیای گەیاندن و پەیوەندیكردنە، لە رووی پڕۆسەی پیشەسازیی هەواڵ و بڵاوكردنەوەیەوە.
دەرئەنجام، دەگەینە پێناسەیەكی كردەیی بۆ رۆژنامەگەریی مۆبایل و دەتوانرێت بوترێت رۆژنامەگەریی مۆبایل بریتییە لە جۆرێكی نوێی كاری رۆژنامەگەریی، كە تایبەتمەندێتییە تەكنیكییەكانی مۆبایلی زیرەك بەكاردەهێنرێت، بۆ پڕۆسەی بەرهەمهێنانی ناوەڕۆكی میدیایی، پەیوەست بە كۆكردنەوە و داڕشتن و نمایشكردنی هەواڵ و هونەرەكانی دیكەی رۆژنامەوانی و ئاڕاستەكردنی بۆ جەماوەری وەرگر.
* ماستەر لە تەكنيكي ميديا

 

وتارەکانی نوسەر