چی جێی خۆهەڵكێشانە..!؟

10:13 - 2024-09-05
د.عه‌داله‌ت عه‌بدوڵڵا
175 خوێندراوەتەوە

بۆ ئەوەی وردەكاریی دۆخی كۆمەڵگەی خۆت ببینیت، دەبێ لەناو واقعی كۆمەڵگەدا بژیت. ئەم دەستەواژەیە پەیوەندیی بە جوگرافیاوە نییە، ئەمە بە كارلێك روودەدات لەگەڵ گۆڕاوە Variables مرۆییەكانی دیموگرافیادا، بە ئاوێتەبوونە لەگەڵ ئازارو مەینەتیی ئەو چین و توێژە كۆمەڵایەتییە پەراوێزییانەی كە گەورە كۆمەڵناسی فەرەنسی، پیێر بۆردیۆ(1930-2002ز) لەكتێبی چەند بەرگیی(نەهامەتییەكانی جيهان)دا دەیان نموونەی گڵۆباڵیان لە بارەوە دەخاتەڕوو. 
بەڵێ دەزانین كە بەشی هەرە زۆری كاربەدەستانمان ئەگەر رەگەزنامەی وڵاتێكی دیكەی رۆژئاواییشیان لە باخەڵدا بێت، ئەگەر لە دەرەوە پتر لەمۆڵك و ماڵێكیان هەبێت، هەر شوێنێكی نیشتەجێبوونیان لەناو هەرێمیشدا هەیە. ئاگادارین كە لێرە دەژین، بەڵام دەشزانین ئەگەر بۆ گەشت و سەیران و نەخۆشی بێت، یان هەڵهاتن لە كەشی گەرمی هاوین، یان گرەنتیكردنی خوێندنی مناڵ، یان چاودێریكردنی بزنسەكانیان، هەمیشە پێیەكیان لە هەندەرانیشە!.
ئەمە دەزانین، بەڵام ژیان لەناو وڵاتی خۆتدا وەك جوگرافیا، هاومانای ژیان نییە لەناو واقعی كۆمەڵگەكەتدا. دەشێت بەشی زۆری كاربەدەستان لە گەڕەكە جیاجیاكانی شارەكانماندا بژین، بەڵام لەناو پەرژینی كۆشك و ڤێلا بەرزەكاندا!، لە خانووە نیو ملیۆن دۆلارییەكانی سیتییە تایبەتەكاندا كە هەموو پێداویستییەكی خۆشگوزەرانی و خزمەتگوزارییان تێدایە. دەشێت بڵێی خەڵكی گەڕەكێكی دیاریكراوی شارم، بەڵام بەبێ ئەوەی ئاگات لەهەلومەرجی چینی خوارەوەی كۆمەڵگەی ئەو گەڕەكە بێت، بێ ئاگابیت لە ئازاری رۆژانەی بێ ئاویی ماڵان، لە ساتە ناخۆشەكانی تاریكیی نەبوون و بچڕانی دوورودرێژی كارەبا، لە تەپوتۆز و خاك و خۆڵی كۆڵانی قیرتاونەكراو، لە گۆڕەپانی گۆماو و پڕ قوڕو لیتەی زستانان، لەزیانە ماڵییەكانی لافاوەكان و ئاگركەتنەوەكان و هتد... 
مومكینە تۆی كاربەدەست، وەك هاووڵاتیانی گەڕەكەكەت ماشێنێكت پێ بێت – كە زۆرجار زیاترە – بەڵام زۆر بە ئەستەم بیرت لای ئەوە بێت چۆن خەرجیی سوتەمەنیی هاتوچۆ كارنەكاتە سەر كڕینی كتێب و قەڵەمی وەرزی خوێندنی مناڵەكانت، چۆن نەبێتە مایەی ئەوەی بەدڵ حەز بكەیت خزم و كەسوكارت بەسەر بكەیتەوە و لەبەر گرانیی نرخی بەنزین جاربۆجار دوای بخەیت.
وردكردنەوەی ژیانی چینە پەراوێزكەوتووەكانی ناو كۆمەڵگە، بەشێك نییە لە خەیاڵدانی سیاسی و كارگێڕیی كاربەدەستانمان، بەڵام نابێ گەمژەیی و غروریش بگاتە ئەوەی لەوڵاتێكدا كە دوو مانگ جارێك مووچەیەك دابەش بكرێت، هێشتا كاربەدەستانێكمان هەبێت رووی خۆهەڵكێشانیان لەناو كۆمەڵگە و چینە كۆمەڵایەتییەكانیدا هەبێت. ئێمە چ وەك توێژەر لەبواری زانستە مرۆڤایەتییەكاندا، چ وەك كاری رۆژنامەنووسیش تێدەگەین و دەبینین كە چۆن لەگەڵ قەیرانەكاندا نەهامەتییەكانیش زیادیان كردووە، گوزەران سەختبووە، لانیكەم، لای ئەو چینە كۆمەڵایەتییانەی كە زەرەرمەندی كەمتەرخەمیی بەڕێوەبردنی وڵاتن، ئەمما كەی كاربەدەستانمان، دەست لە شانامەو شانازیی هەڵدەگرن؟ ئەوا كەس نازانێت كەی؟، هەر لەبەر ئەوەشە کە دەبێت رێڕەوی ئەم حوكمڕانێتییە راست بكرێتەوە. 

 ‌‌[email protected]

وتارەکانی نوسەر