غەریب عەسكەری، پیاوە ماندووەكەی شۆڕش

10:15 - 2024-09-05
وتار
96 خوێندراوەتەوە

هەتا كۆچی دواییشی كرد، هەر غەریب عەسكەرییەكەی جاران بوو، واتا پێشمەرگەكەی سەردەمی شاخ، بە هەمان بەرگ و پۆشاكەوە، بە هەمان خووڕەوشت و رەفتار و گوفتارەوە، بەهەمان تین و تاوی سەردەمی شۆڕشەوە، بەڵام خەباتی نوێی لە رەخنە و گلەیی شێوازی حزبایەتی و حوكمڕانیدا، دەبینییەوە.
گلەیی لە تەخت و بەختی خۆی نەبوو، لە بەش و پشك و گوزەرانی خۆی نەبوو، بەڵكو لە نووسینەكانیدا، لە هەر پێگە و جێگەیەك قسەی بڕۆیشتایە، خەمی گشتی و گلەیی خەڵكی دەگەیاند.
حەمەغەریب سەعید تۆفیق ناسراو بە غەریب عەسكەری، لە دایكبووی ساڵی  1943ی گوندی (عەسكەر)ی ناوچەی قەڵاسێوكەیە و دەرچووی قۆناغی ناوەندییە.
ساڵی 1956 پەیوەندیكردووە بە یەكێتی قوتابیانەوە و ساڵی 1961 بووە بە پێشمەرگەی شۆڕشی ئەیلول.
ساڵی 1964 لە دوولەتبوونی پارتیدا لەگەڵ باڵی مەكتەبی سیاسی مایەوە و چۆتە ئێران (هەمەدان)، تا نسكۆی شۆڕش پێشمەرگە بووە.
ساڵی 1977 پەیوەندیكردووە بە كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستانەوە و هەمان ساڵ بووە بە پێشمەرگەی شۆڕشی نوێ.
لە شەڕ و نەبەردییەكاندا پاڵەوانی رۆژگاری خۆی بوو، ئازا و بە ئەزموون و خاوەن تۆمارێكی زۆری سەروەری و سەركەوتن بوو لە هەڵتەكاندنی بەرەی دوژمندا.
ساڵی 1977 فەرماندەی مەفرەزە بووە، ساڵی 1982 فەرماندەی تیپی 99ی بیتوێن، ساڵی 1983 فەرماندەی تیپی 23ی سورداش، ساڵی 1984 فەرماندەی تیپی مەڵبەندی دوو، ساڵی 1987 جارێكی تر فەرماندەی تیپی 23 بووە.
لە ئەنفالدا هاوسەر و چەند منداڵێكی و بەشێكی كەسوكارەكەی شوێنبزركران. 
دوای ئەنفال لێپرسراوی هەماهەنگیی قەرارگای رەمەزان و سەركردایەتیی یەكێتی بووە. 
ساڵی 1991 كرایە فەرماندەی بەتالیۆنی 15 و بەشداریی راپەڕین و ئازادكردنی كەركوكی كردووە، ساڵی 1992 بەشداریی خولی ئەفسەرانی كردووە و بە پلەی موقەدەم لە لیوای 22ی سوپای یەكگرتووی كوردستان خزمەتی كردووە.
ساڵی 1994 كرایە جێگری فەرماندەی هێزی پێنجی سلێمانی و لە ساڵی 2003 تا كۆچی دواییكرد كارگێڕی فەرماندەیی گشتی هێزی پێشمەرگە بووە بە پلەی لیوا.
لە ماوەی پێشمەرگایەتیی لە هەردوو شۆڕشی ئەیلول و نوێدا چوار جار برینداركراوە.
رۆژی 5/9/2007 بە هۆی رووداوێكەوە كۆچی دوایی كرد.
ئاوات كۆكەیی

وتارەکانی نوسەر