کەرکوکیانە

کەرکوک و گیر و گازەکان

09:53 - 2024-09-10
له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج
105 خوێندراوەتەوە

 له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج 


ئاشنایەک زۆر بەسوربوونەوە پێی وتم ئەگەر ئێران نەبوایە، یەکێتی پارێزگاری کەرکوکی وەرناگرت، ئەو سوێندی گەورەی خوارد، منیش لەسەرەخۆ دەمویست وەڵامی بدەمەوە، نەیسەلماند، ئەم بۆچوونە نا ئاوەزییە هەندێک بازاڕی پێگەرم دەکەن، لەکاتێکدا پێچەوانەکەی دەکرێ والێکبدرێتەوە، کەوایە ئەوە بۆیە هەندێ لایەنی دیکە بە پاڵپشتی تورکیا دەیانویست ئەو پۆستە وەربگرن، هەر بۆیە دواتریش نەهاتنە ناو کایەکەوە، راستی من ئەمەش بە ئاوەزی نازانم، ئەمە بێڕۆڵکردنی هەموو لایەنە عێراقییەکانە بەشیعە و سوننە و کوردیشەوە، یانی یان دارشەقی تورکیا و سوننەی حەنەفی یان دارشەقی ئێران و شیعە، رۆڵی سعودیە و شوێنگەلی دیکەش لەولاوە بوەستێ، بەمەبێت هیچ بۆ عیراقییەکان نامێنێتەوە، من دڵنیام دەستوەردان هەیە، بەڵام بەو جۆرەو بەو قەبارەیە نا، ئێ خۆ عیراقییەکان پیاز پاک ناکەن، دواتر ئەگەر هەموو لایەنەکان تەباو کۆک بان تورکیا و ئێران چیان پێدەکرا؟.
دەستوەردان هەیە، وەک چۆن لایەن هەیە لەناوخۆی وڵات بەم رۆژگارە دەستوەردان لەناو لایەنەکانی دیکە دەکات و بەهەموو شێوەیەک دەباو دەکڕێ و ئەوانی خۆیشی پشتگوێ دەخات، ئاوا دەستوەردان هەیە و زۆرجار کار دەگاتە ئەو رادەیەی لەو پایتەختی هەرێمە ئەندامی باڵای لایەنی کوردی پارچەکانی دیکە دەکوژرێت و ئاوە و ئاو دەچێت، ئێ دیارە دەستوەردان تا ئەو رادەیە هەیە، سوپای داگیرکاری وڵاتێک تا بیناقاقای نیشتمان دێت و حزب و ئاسایش و حکومەتیش بوێری ئەوەیان نییە بەیانێکی لەسەر دەرکەن، کەچی بۆ لەقاودانی یەکتر خڕن.
ئێستا پارێزگارێکی کورد لەکەرکوکە، لۆژیک ئەوەیە هاوکاری بن، خۆ ئەگەر هەڵە و کەم و کوڕیشی هەبوو، دەکرێت نەهێڵین تێپەڕێت و چارەسەر بکرێت، ئەوە بوختان و بێویژدانیە بڵێین ئێران دایناوە یان تورکیا، دەکرێ قسە و باسێکیان بووبێت، بەڵام خۆ ئەگەر واشبێت فەرموون باکارێ بکرێت، دەستوەردانی دەر و دراوسێ کەمبکرێتەوە، با کەرکوک بکرێتەوە بە شاری کەرکوکییەکان، با نەوت ئەمجارە رۆڵ لە پێکەوە ژیانی ئاشتیانە و هاووڵاتیبوونی بەختەوەردا بگێڕێت، کەس بۆ هەنگاوی ئاوەزیان دەستی کەسی نەبەستووە.
با واز لە گیر و گازی گەوجانە بهێنرێت و بیر لە ئایندەی کەرکوک بکرێتەوە، ئایندەیەک تێیدا نەوەکان خەمی ئەوەیان نەبێت کە تووشی سڕینەوە و پاکتاوی رەگەزی دەبن، هەموو ئەو کۆرپە و مناڵە کەرکوکیانەی لە دوبز مردن لەگەڵ هەموو ئەو کوردە کەرکوکیانەی لە کەمپی تۆپزاواوە بەرەو چاڵەکانی مەرگ بران، هۆکارەکەی ئەوەبوو، بیرکردنەوەیەکی نائاوەزی سەرقاڵی شوناس شێوێنی کەرکوک بوو، بەڵام چی روویدا، برینەکان گەورەتربوون، ئازارەکان زیاتر، بەڵام نائومێدی لە پەل و پۆی نەخستین، ئەمەش هۆکاری بەردەوامی و مانەوەیە، دەکرێ بە مۆنۆمێنت و دیواربەند و یادکردنەوەی شکۆدارانە، ئەو دیرۆکە بەلایەنی ئەرێنی ئاوەژوو بکەینەوە.
کەرکوک ئەگەر بەردەکەی سیزیفیش بێت بەکۆڵمانەوە و هەموو جارێکیش بەرلەوەی بگەینە سەر قەڵاکەی غلۆر بینەوە، هێشتا ناکرێت وازی لێبێنین، خەریکی ئەوەبین پاشقول لەوانە بدەین، کە گەرەکیانە جوانی کەن و بیکەنەوە بە شار.

وتارەکانی نوسەر