چی بۆ كەركوك بكەین؟

09:54 - 2024-09-10
گۆران فەتحی
115 خوێندراوەتەوە

گۆران فەتحی



خۆشبەختانە ئێستا كەركوك خاوەنی پارێزگارێكی كوردە، لە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، ئەوەش بەهۆی سیاسەتی حەكیمانەی سەركردایەتی یەكێتییەوەیە، لەسەر گۆڕەپانی سیاسیی كەركوك و عیراقیش، بەڵام دەبێت لەمەودوا چی بۆ كەركوك بكەین لەو پارێزگایەدا تا بۆ هەمووانی بسەلمێنین كە ئێمە خاوەنی شارەكە و دەوروبەری و هەروەها دڵسۆزی هەموو كەركوكییەكانین؟

رێكردن بە سیاسەتی نەرم و عەقڵانی 
ئەو سیاسەتەی یەكێتی وەكو حزبێكی گەورەی كوردی لە كوردستان عیراقیش پەیڕەوی دەكات، لەگەڵ سەرجەم لایەنە سیاسییەكانی لەسەر ئاستی عیراق و لەگەڵ نەتەوەو پێكهاتەو مەزهەبەكان لەهەرێم و كەركوكیش، سیاسەتێكی هەم نەرم و هەمیش عەقڵانی و حەكیمانەیە، هەر لە سەردەمی كۆچكردوو سەرۆك مام جەلالەوە تا ئێستاشی لەگەڵدا بێت، ئەوەش وایكردووە، یەكێتی لەسەر ئاستی عیراق و هەرێمیش دۆستی هەبێت، لەناو شەقامی عیراقیشدا، وەكو حزبێكی كوردستانیی خۆشەویست و رێزلێگیراو مامەڵەی لەتەكدا دەكرێت.
هەر ئەو سیاسەتە حەكیمانەیە وایكردووە كە لەدوای ساڵی 2005ەوە، یەكێتی پێگە و رۆڵی گەورەی هەبێت چ لەسەر ئاستی عیراق و گەورەترین پێگە  كە سەرۆكایەتی كۆمارە لەلایەن كەسایەتییەكی یەكێتییەوە بەڕێوەببرێت كە یەكەمینیان سەرۆك جەلال تاڵەبانی بوو. بێگومان ئەو پێگەیەش وایكردووە یەكێتی ببێت بە داكۆكیكار چ بۆ مافەكانی كورد چ بۆ سەرجەم پێكهاتەكان بەبێ جیاوازیی و لەسەر بنەما دەستوورییەكان، هەر لەو سۆنگەیەی دەستووریشەوە بەرگریی لە خواستە نەتەوەییەكان كردووە چ لە كەركوك و چ لە ناوچە دابڕێنراوەكانی دیكە، بۆیە بە پەنابردن و پێداگریی لەسەر دەستوور توانیوێتی مەترسی رەگەزپەرستی و جیاكاری لەسەر كەركوك و ناوچە جێناكۆكەكان كەمتربكاتەوە.
لەگەڵ سەرهەڵدانی داعش و داگیركردنی ناوچەیەكی فراوانی عیراق  وەك پارێزگاكانی نەینەوا و سەڵاحەدین و ئەنبار و دیالە، مەترسیی كەوتە سەر كورد و هەموو پێكهاتەكان لە ناوچە جێناكۆكەكان بە كەركوك و بگرە هەرێمیش بەو پێیەی هاوسنووری ئەو ناوچانە بوو كە كەوتنە ژێر دەستی داعشەوە، بەڵام لەو قۆناغە هەستیارەشدا پێشمەرگە و یەكێتیش وەكو حزب رۆڵێكی گەورەیان بینی بۆ بەرگرتن لە دانیشتوانی ناوچە دابڕێنراوەكان بەبێ جیاوازی، ئەگەرچی بەهۆی عەقڵێیەتی شۆفێنیستیی هەندێ لایەنی سیاسی بەغداو هەروەها دروشمبازیی و رەفتاری هەڵەی هەندێك لایەنی سیاسیی كوردی لە كەركوك و هەرێمی كوردستان، بووە مایەی سڵەمینەوەی بەشێك لە پێكهاتەكانی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم. بۆیە ئەوكاتیش ئەگەر مامەڵەی عەقڵانیی یەكێتی و مانەوەی نەبوایە لەو ناوچانە، ئەوا هەم زیانەكان زیاتر دەبوون، هەم كوردی ئەو ناوچانەش بۆ دواجار بێ هیوا دەبوون و سەرباری لەدەستدانی خاك و دەسەڵاتی ئیداریی ئەو ناوچانە، سۆزی نەتەوەیی و هەستی پێكەوەژیانیش دەچووە دۆخێكی مەترسیدارترەوە.

چنینەوەی بەری ئەو سیاسەتە
یەكێتی كە بەرگریی لە كەركوك و ناوچە جێناكۆكەكان كرد و بەجێی نەهێشت، لەئەنجامی بیركردنەوە نەبوو لە (تەكرید)ی ئەو ناوچانە وەك بەشێك لە شۆڤێنیستەكان ئیدیعای دەكەن، بەڵكو وەك ئەركێكی نەتەوەیی و نیشتمانی و پارێزگاریی لە خاك و مرۆڤەكانی ئەو ناوچانە بوو بەبێ جیاوازی، خەڵكی كەركوكیش لەبەرامبەر ئەو سیاسەتە راست و رەوانەدا سەرەڕای دۆخی ئاڵۆزی دوای ساڵی 2017 (ئۆكەی) خۆیان بۆ ئەو سیاسەتە دووپاتكردەوە و سەرباری هەموو ئاستەنگەكان لە 2018دا لەكۆی 12 كورسی یەكێتی 6 كورسیی ئەنجومەنی نوێنەران بەدەستهێنا و لە 2021 یش هەر بووە حزبی یەكەم وەك حزب و لە دوا هەڵبژاردنیشدا لە 18/12/2023 سەرەڕای پەرتەوازەیی ناوماڵی كورد و سەختیی ململانێكە و دەستێوەردانی ئیقلیمیش، بەهۆی ئەوەی یەكێتی خاوەنی بنكەیەكی جەماوەریی فراوانە لەناو كورد و خاوەن ویژدانەكانی پێكهاتەكانی دیكەدا، جارێكی دیكە متمانەی زۆرینە و پلە یەكەمی وەك حزب بەدەستهێنایەوە. ئەوەی ئێستاش بەدی دەكرێت ئەو نەهجە خزمەتگوزارییەی پارێزگار و سیاسەتی ئیداریی نوێی شارەكەیە بەوەی هەم لەڕووی خزمەتگوزارییەوە لەسەرەتایەوە بووەتە مایەی جۆرێك لە دڵنیاییدان بە پێكهاتەكان و ناوچە جیاجیاكان كە هیچیان فەرامۆش ناكرێن، هەم بە گەڕانەوە بۆ سیاسەتەكەی سەرۆك مام جەلال لە دابەشكردنی پۆستە ئیدارییەكانی شارەكە بەیەكسانی بەسەر پێكهاتەكاندا، هەر بەوەش هەموو ئەو مینانە پووچەڵ دەبنەوە كە لە مێژە دانراون بۆ ئەوەی كەركوك وەك بەرمیلە باروت وێنا بكەن، بەڵكو سیاسەتی یەكێتی دەیكاتە ئینجانەیەك كە هەموو گوڵە رەنگاوڕەنگەكان لە ئامێز بگرێت.

سیاسەتی حەکیمانەی یەکێتی دەسەڵاتی بۆ کورد گێڕایەوە لە کەرکوک

وتارەکانی نوسەر