رێبوار ستار
بە بڕوای زۆربەی چاودێران و شرۆڤەکارانی سیاسی یەكێك لە خراپترین كابینەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، كابینەی نۆیەمە، چونکە لەجیاتی بڕیاری دەستەجەمعی و بەکۆمەڵ وەک حکومەتێکی ئیئتیلافی، بڕیارەکان تاک رەهەندین و یەک کەس قۆرغی زۆربەی جومگەکانی کردووە.
هەرخۆی سەرەتا کە ئەم كابینەیە پێکهێنرا، خەڵك هیوا و ئومێدێكیان لەسەر هەڵچنیبوو بەوەی ئاهێك بەبەر ژیان و گوزەرانیاندا بێتەوە و ئەم کابینە نوێیە هەمەڕەنگە ببێتە حكومەتی گشتی و سەرەتایەك بێت بۆ باشكردنی ژیان و گوزەرانی خەڵك و كۆتایی بە كەمیی مووچە و هەڵگرتنی بڕیاری پاشەكەوتی مووچە و لێبڕینی مووچە و كەمی خزمەتگوزارییەكان بێت، بەڵام بەپێچەوانەوە، ئەم كابینەیە كە جێگری دووەمی سەرۆکی پارتی سەرۆكایەتی دەكات، نەک هەر نەیتوانی هیچ یەكێك لەوانە چارەسەر بكات، بگرە بووە هۆكاری خراپتركردنی ژیان و گوزەرانی خەڵك و تۆخکردنەوەی رەفتاری تاکڕەوی.
دوای ئەو هەموو هەوڵەی یەکێتی و سەرۆکەکەی، سەرۆکی کابینەی نۆیەم و تیمە خزبییەکەی لەڕێی زیادكردنی ناوەوە بۆ لیستی مووچە کە بۆ وردبینی رەوانەی بەغدا دەکرێت، هەرجارەی گرفتێکی نوێ دەخوڵقێنێت تەنها بۆئەوەی خەڵکی کوردستان بخەنە سەر ئەو بڕوایەی بەغدا گرفت بۆ ناردنی مووچە دروست دەکات!
ئەوەی لە رابردووشدا خەڵك پاشەكەوتی كردبوو، هەمووی لەکیسدان و گیرفانیانی بەتەواوەتی بەتاڵكردەوە و جگەلەوەش زۆربەی کایەکانی خزمەتگوزاری بەناوی قەرزداریی کابینەکەوە پەکخرا، بەڵام ئەوەش لە هەندێک ناوچە زیاتر رەنگیدایەوە بەگوێرەی وەلائات و لایەنگیریی سیاسی.
هەر لەسەرەتاوە سەرۆکی کابینەکە بە بەرنامەیەکی راگەیەندراوەوە دەستبەكاربوو بەڵام لە لایەنە پراکتیکییەکەدا پێچەوانەکەی بەدیهات، ئەو لەلایەک کابینەیەکی سێبەری لە لایەنگرانی خۆی بۆ ئەو وەزارەتانە دروستکرد كە بەدەست حزبەکەیەوە نەبوو، جگە لەوەش ئابڵوقەیەكی خنکێنەری خستە سەر پڕۆژەکانی ئەو ناوچانەی کە پێیوابوو دەنگدەری حزبەکەی تێیدا کەمە و لەڕووی سیاسیشەوە ئاڵۆزاندنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدای زیاترکرد و بەوەش چارەنووسی مووچەی هەرێمی زیاتر خستە مەترسییەوە و وەک هەندێک لە مووچەخۆران دەڵێن مووچە خەریکە سەرەنجام دەبێتە وەرزی لەجیاتی مانگانە، چونکە ئەوەی بەلای ئەوەوە گرنگتر بوو بەرژەوەندییە حزبییەکانە نەک گشتی و هەرێم. هەموو ئەم ئەدا خراپەی کابینەکە و سەرۆکەکەی وایکردووە لە روانگەی هەستكردن بەبەرپرسیارێتییەوە یەکێتی هەموو هەوڵەكانی چڕبکاتەوە بۆ مسۆگەركردن و دابینكردنی مووچە و بودجەی هەرێم كە ئەوە بۆ خەڵک بەگشتی بووە بە ئەولەوییەت، بەڵام سەیرەكە لەوەدایە دوای ئەو هەموو هەوڵەی یەکێتی و سەرۆکەکەی، هەر ماوە نا ماوەیەک سەرۆکی کابینەکە گرفتێکی نوێ بۆ مووچە دروستدەکات لەڕێی زیادكردنی ناوەوە بۆ ئەو لیستانەی بۆ وردبینی رەوانەی بەغدا دەکرێن تەنها بۆ ئەوەی خەڵکی کوردستان بخەنە سەر ئەو بڕوایەی ئەوە بەغدایە گرفت بۆ ناردنی مووچە دروست دەکات!
ئێستا تاکە هیوایەک لەلای خەڵک هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستانە و بۆ ئەوەش خەڵک بەگشتی چاویان لە رۆڵی یەكێتییە تا لەم هەڵبژاردنەوە رێڕەوی حكومڕانی بخرێتەوە سەر سکەی راستەقینەی حکومەتێکی دامەزراوەیی و دادپەروەر و خزمەتگوزار تا لەو رێگەیەوە كۆمەڵانی خەڵك لەسایەیدا هەناسەیەکی ئارام هەڵمژن.