ئەوەی لای یەکێتی گرنگە و لە پێشینەی كار و ستراتیژی کارەکانییەتی، مسۆگەرکردن و دابینکردنی مووچە و چارەسەركردنی پرسی دوورخستنەوەی شایستە داراییەكانی خەڵكە لە ململانێ سیاسییەكاندا
لەدوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و ئەو سەرکەوتنە گەورەیەی یەکێتیی نیشتمانیی كوردستان لە سەرجەم بازنەكانی هەڵبژاردن بەدەستیهێنا، سەرەڕای ئەوەش كە هەنگاونان بۆ پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێم و دانوستان لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان بەردەوامی هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا كە هەر یەكێتی لە پرسێكی گەورەی سیاسی و ئیقلیمی خەمی رۆژئاوای كوردستان و سەرخستنی خەباتی ئەو پارچەیەدایە، بەڵام پرسی مووچە و شایستەی دارایی خەڵكی بیرنەچۆتەوە.
راستییەكەی ئەوەی لای یەکێتی گرنگە و لە پێشینەی كار و ستراتیژی کارەکانییەتی، مسۆگەرکردن و دابینکردنی مووچە و چارەسەركردنی پرسی دوورخستنەوەی شایستە داراییەكانی خەڵكە لە ململانێ سیاسییەكاندا، لەو نێوانەدا سەردانەکانی سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی بۆ بەغدا و کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسە باڵاکان، هەروەك هاتنی وەفدی هەمەجۆر بۆ دەباشان و تاوتوێكردنی پرسی سەرەکی مەسەلەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمە. بەیان و پەیامەكان روون و ئاشكران و هەمیشە سەرۆک بافڵ لەو دیدار و سەردانانەدا بە راشکاوی و گرنگیپێدانەوە، لە خەمی مووچەی فەرمانبەراندایە، چونکە ئەم پرسە پەیوەندیی بە ژیان و گوزەرانی خەڵکەوە هەیە كە راستییەكەی مافێکی ئاسایی و یاسایی مووچەخۆرانە، بۆیە یەکێتی لە داهاتووشدا داکۆکیکاری سەرسەخت دەبێت لەو پرسەدا، هەر لەو پێناوەشدا، كاتێك یەكێتی پرسی پێکهێنانی کابینەی نوێی هەرێم دەخاتە بەرباس و دانوستان، هەر بۆ ئەوەیە كە پێویستە کابینەیەکی خزمەتگوزار و بە وەفا بێت بەرامبەر خەڵکەکەی.
راستیەكەشی ئەوەی لای کۆمەڵانی خەڵک ئێستا گرنگە، زامنکردنی مووچەکانیانە، بۆیە هەموو چاوەکان لەسەر سەرۆک بافڵ و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە، چونكە کۆمەڵانی خەڵک بە فریادڕەسی ئەم دۆخەی دەزانن و لەو پێناوەشدا هەموو هەوڵێک دەدات.