دیداری یەكێتی، دیدارێك بۆ بووژاندنەوەی ژیانی رێکخراوەیی

10:52 - 2025-03-16
رێبوار ستار
61 خوێندراوەتەوە

یەكێك لە هێزە گەورە و كاریگەرەكانی سەر گۆڕەپانی كوردستان، لەو هێزانەی، كە توانای خۆگونجان و سازانی لەگەڵ رووداو و پێشهاتە سیاسییەكان هەیە و هەمیشە لەسەر بنەمای قۆناغەكان دەتوانێت خۆی بگونجێت یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانە، هێزێكە دەتوانێت و دەیەوێت بۆ هەموو سەردەم و كاتێك دەنگ و قسەی هەبێت و سەدای لەسەر گۆڕەپانەكە بیستراو بێت.
ئەو یەكێتییە بێ وێنەیەی مێژوو، نەك هەر لە شار، بەڵكو لە خەباتی شاخیشدا بواری نوێگەری و رەخنە و پێداچوونەوەی هەڵبژاردوە و هەرگیز ئاستەنگی لەبەردەم خۆتازەكردنەوە دروست نەكردووە، بەردەوامیش دەرگای رەخنە و ئاڵوگۆڕی بۆچوون ‌و رای جیاواز لەناو ئەو هێزەدا رەنگی داوەتەوە، ئەم كاریگەرییە ئەرێنییە لە سیاسەت و ئایدیاكەیدا لەدوای راپەرینیش بەهەمان شێوە هەر هەبووە و بووەتە ستراتیژ و نەریتی یەكێتی، بەدڵنیاییەوە لە كاری رێكخراوەیشدا چەندین نوێگەری و داهێنانی كردووە، ئەم داهێنانە سیاسی و رێكخراوەییانەش كاریگەری و رەنگدانەوەی گەورەی هەبووە لە حكومڕانیدا، دوا وێنەی ئەو نوێگەرییەش لە كاروباری حزبیدا (دیداری یەكێتی)یە، كە یەكێكی ترە لەو هەنگاوە ئەرێنیانەی بۆ پێداچوونەوە بە شێوازی نوێی كاركردن لە نێو یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان سەریهەڵداوە، ئەم وێستگەیە دەرگایەكی كراوەیە بۆ تەواوی كادرانی یەكێتی، كە لەچوارچێوەی شێوە كۆنفرانسدا لەسنورە جیاجیاكانەوە، هەڤاڵان دەتوانن لە رێگەی ئەو دیدارەوە سەرنج و رەخنە و پێشنیار و تێبینییەكانی خۆیان بگەیەننە ئاستە باڵاكانی بڕیاردەری سیاسی حزب و لەسەر و هەموویانەوە سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی، بۆ ئەوەی سەرۆك و تیمی سەركردایەتی بەشێوەیەكی راشكاوانە گوێ لە هەڤاڵان بگیرێت.
بایەخی دیداری یەكەم و ئێستاش دیداری دووەم لەوەدایە، كە  پێشنیاركردنی شێوازی نوێی كاركردن و خستنەڕووی بیری نوێ دەكات بە سەرچاوەیەكی گرنگی ژیانی حزبایەتی، بەمەرجێك ئەم تێڕوانین و دیدگا نوێیانە لەچوارچێوەی سیاسەت و ستراتیژییەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستاندا بێت، بەدڵنیاییەوە دیداری یەكێتی دەرفەتێكی گونجاو و لەبارە بۆ ئەو هەڤاڵانەی بە هەر جۆرێك لەجۆرەكان بێت، كە زوویر و نیگەران و دڵگران، جارێكی دیكە یەكێتی دەرگایان بە روودا بكاتەوە و لە چوارچێوەی دیسپلینی راستەقینەدا دەردەدڵ و نیگەرانی و رەخنەكانیان نەك هەر دەرببڕن، بەڵكو بكرێنە راسپاردە و پێشنیاری بەجێ بۆ باشتركردنی ئۆرگانەكان، هەڵبەت بەشێوازێكی نوێ و تێكەڵكردنی بیری نوێ و بە ئەزموونەكان دەبێت بە قۆناغێكی نوێ لە داڕشتنەوەی دەستوورێكی نوێی حزب، كە دەنگ و رەنگی هەموو هەڤاڵێكی یەكێتی تێدا بێت.

وتارەکانی نوسەر