مۆدێلێکی ئەمریکی

بۆ هەرێمی کوردستان

10:05 - 2024-09-10
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
119 خوێندراوەتەوە

ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد




تا ژمارەی حزب و گروپ و رەوتی سیاسی و کۆمەڵایەتی و مەدەنی لە وڵاتێکدا زۆربێت، رەنگە وەک مەشهەدێکی دیموکراسی دەربکەوێت، بەڵام ئەو فرەییە هێندەش هۆکارە بۆ بەرهەمهێنانی ناکۆکی و ئاڵۆزی ناوخۆیی و تێکدانی کەشی سیاسی و کۆمەڵایەتی.
 هیچ کەسێک نییە نکۆڵی لە دیموکراسیی ئەمریکا بکات ئەگەر تەنها دیموکراسییەکی ناوخۆییش بێت، بەڵام کاتێک سەیری وێنە سیاسییەکەی ئەمریکا دەکەین، تەنها یان کۆمارییەکان دەبینین یان دیموکراتەکان.
ئەم سیاسەتە جووت حزبییەی کە لە ئەمریکادا مۆدێلی مێژوویەکی چەندان دەیەیە، بەهیچ شێوەیەک بە زیان بۆ سەر دیموکراسی و پێگەی سیاسی و دیپلۆماسی و ئابووریی ئەمریکا نەشکاوەتەوە، بەڵکو بەجۆرێک لە جۆرەکان ئەم جووت حزبییە وایکردووە ئەمریکایەکی مێژوویی، سیاسیی، یۆنیڤێرساڵی، جەمسەری تەواو، خاوەن بڕیاریی مەزنی لەم چەشنە دەربکەوێت کە دوێنێ و ئەمڕۆ هەیە.
سەرەڕای ئەوەی لە هەرێمی کوردستاندا دەستورێکمان نییە، بەڵام ئەگەر بەندە داوای مۆدێلێکی لەم چەشنەی ئەمریکا بکەم بۆ کوردستان، بەو مانا نییە کە ئێمە دژی بنەما جوانەکانی دیموکراسی و فرەیی پارت و رەوتە سیاسییەکانین، بەڵکو دنیای سیاسیی ئێمە تەواو ناتەندروستە لە سێبەری هەموو ئەو ناو و گروپ و هێز و رەوتە توندڕەو و میانڕەوانەدا کە لە دۆخی دەرکەوتندان و رەنگە پێش هەر شتێک بە زیان بۆ دۆخی کۆمەڵایەتی بشکێتەوە.
لەدوای راپەڕین و پێکهێنانی یەکەم کابینەی حکومەتی هەرێمەوە، دەرفەتێکی باش بوو کە هەرێمی کوردستان سوودی لەو مۆدێلە ئەمریکییە وەربگرتایە و هاوشێوەی سەرەتا مێژووییەکەی دەوڵەتی تورکیا بە رێکخستنی کاری سیاسیدا تێبپەڕییایە، بەڵام دوای مێژوویەکی زیاتر لە سێ دەیە، ئێستا دەردەکەوێت ژینگەی سیاسیی باشووری کوردستان لە بەردەم چ مەترسییەکی گەورەی پێکداداندایە و لەبەردەم چ کارکردنێکی ناسیاسی ــ نازانستیدایە.
ئێستای هەرێم کە هێشتا بەڕەسمی بانگەشەی هەڵبژاردن دەستی پێنەکردووە، ئەم دۆخە فرە حزبییە، ناتەندروستە، پڕ ژاوەژاوە، یەکێکە لەو هۆکارانەی کە وایکردووە مرۆڤی کورد، ببێتە خاوەن دەروونێکی بێزار و تووڕە بەرامبەر دامەزراوەی حزب و بەشداریی هەڵبژاردن و ئەزموونکردنی کاری سیاسی، نەک هەر ئەوەندە، ئەو دۆخە وایکردووە هەرێم فرە رووخساری سیاسی و فرە قسەکەری سیاسی و فرە میدیای حزبی سیاسی و فرە پەرلەمانتاریش بێت، ئەم فرەییە ئەگەر بۆ جیهانی خۆرئاوا کارێکی ئاسایی و سەیر نەبێت، ئەوا بۆ ژینگەی خۆرهەڵاتی و لەو نێوانەشدا بۆ هەرێمی کوردستان، شتێکی نازانستی و ناپێویستییە و مەترسیی زیاترە وەک لە سوودە گشتییەکەی.
ئێستا هەرێمی کوردستان پێویستی بە مۆدێلێکی ئەمریکاییە، 52 ویلایەت تەنها دوو حزب بەرپرسن لە سیاسەت و بەڕێوەبردنی و دەتوانین بڵێین تەنها ئەو دوو حزبەش گەیاندیان بە  وڵاتێکی مەزن و خاوەن هەژموون لەسەر ئاستی جیهان، بەڵام هیچ پەسەند نییە لەهەرێمێکی چوار پارێزگاییدا ژمارەی هێزە سیاسییەکانی ئێمە زۆر لە ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپای خۆرئاوایی زیاتربێت!.
بە مانایەکی دیکە، ئێمە لە جوگرافیایەکی بچووکدا لەوێ زۆرتریش حزب و رەوتی سیاسیمان هەیە، ئەمەش وادەکات هەمیشە ئەگەرەکانی پێکدادانی ئەم حزبانە لەئارادابێت و نادڵنیایی سیاسیمان لەم ژینگەیەدا هەبێت، ئەمەش کارێکی پڕ زیانە بۆ سەر هەموو پرسێکی ئاسایشی نەتەوەیی، نیشتمانسازی و دەوڵەتسازی، دیموکراسی، دۆخی دەروونی و کۆمەڵایەتی و ئابووریی تاکی کورد و دووریان دەخاتەوە لە بەشداریی سیاسی و رقبوونەوە لە حزب و فۆڕمە جیاوازەکانی دەسەڵاتیش.

وتارەکانی نوسەر